وا گرد بوونەوە پایزە براکان
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
1238 بینین
وا گرد بوونەوە پایزە براکان
بەڵکو یەک کەون هیممەتی چاکان
بەڵام وەک ئاردی ناو دڕک وایە
براییش لەگەڵ نایێینە کایە
خۆوڵاتیمان بۆچ لا چا نابێ
گوێلکی خۆماڵی بۆچ بە گا نابێ
مەڵێن: شیلاوگ مایەی پەنیرە
فیتنە هەوێنی نۆ قازان شیرە
مەدحی ڕووبەڕوو پیاو ئەدا بە شوو
زۆر دۆستی سەر نان بە دوژمن دەرچوو
خوا موسا بۆ سەر فیرعەون ئەنێرێ
کەچی جار جار مەڕ بە گورگ ئەسپێرێ
پیاو بۆ بۆرە پیاو ڕۆحی خۆی سەرف کرد
کەچی پێی دەگوت بە دەردی خۆی مرد
ئەو کانیەی ئاوی لێ دەخۆینەوە
بە نابەکاری پڕی دەکەینەوە
ئەوەی کە وەفای بۆ دوای خۆی نەبێ
ئیتر تۆ دەبێ هیوای چیت پێی بێ
سیاسەت پیشەی ئاغای بێ ڕیشە
بۆیە گەلێ پیاو بێ ئیش و ڕیشە
زۆر ڕیش و سمێڵ تاشراو وەک ئەوان
خۆزگە ڕیش ئەبوو بە مۆدەی ژنان
ئۆخەی ژنان بوون بە گەورەی گەڕەک
ئەبێ دەستەی تر بچنە بەر خەڕەک
ئینجا هێندێکیان چۆنی دەڕێسن
لەگەڵ گوێچنە بەرزە بڵێسن
بە نار نارۆکە سەر دەلەقێنن
دەم بۆ یارۆی خەڵک دادەچەقێنن
ئاخ خوێندەواری فریامان کەوە
بۆ عالەم ڕۆژە، بۆ ئێمە شەوە