گەرمای هاوینە گەرمەی میوەیە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  785 بینین
گەرمای هاوینە گەرمەی میوەیە
ئاخ میوە ئەمساڵ شەرای پێوەیە
کاڵەک گران بوو تێرم لێ نەخوارد
کەچی کوتوپڕ گەرمای تی بنارد
خوا نەیداوینێ ساڵێ ئۆخەی کەین
شادی بێ و تاڵی نەکەوێتە بەین
ئێستا وەختێکە بە خۆشی و سەیران
هەموو ئێواران بچینە سەر بێستان
کەچی بە هیچە بۆ قینەبەری
لە خۆش ڕابواردن خۆ دەکەین بەری
عەیزاغا و میرزا زیندوو بوونەوە
شێرزاد و شێرخان تێک هەڵچوونەوە
ئەوە چاکی کرد بێ لایی نواند
لای «معاویە» تیکەی خۆی ئەگلاند
نوێژی لە پشتی «عەلی»یەوە دەکرد
کە بوو بە هەڵدا ڕای کردە سەر گرد
خۆ من نەوسنم بەڵام ئەو نانە
کە بۆنی لێ بێ نایخۆم گرانە
لە پشت کەسەوە جەماعەت ناکەم
بۆ وڵاتەکەم بە هیوای چاکەم
هەڵدایشم ناوێ بۆی بچمە سەر گرد
ئاخ هەموو لایێ وەک منیان دەکرد
ئێمە کە لەسەر هیچمان نەکردن
دوو کەس دەمێنێ شایستەی مردن
خۆزگە بۆ چاکی وا یەک دەکەوتین
بە هیچ قووەتێ دانەدەکەوتین