خوا عەیبی بزنی دەرخستوەتە ڕوو
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1495 بینین
خوا عەیبی بزنی دەرخستوەتە ڕوو
کەچی کڵاوی کردوە بۆ بەڕوو
چێشتت بۆ ناکوڵێ بە بێ ئاگرێ
خورمایش موتوربە نەکرێ ناگرێ
دیجلە ئەم هەموو خەلیقەی دیوە
لە لەنجەو لاری خۆی نەنەخشیوە
هەر کەلوێ بەردێ لە تاقی کیسرا
ئایەتێکە بۆ «لَیلَةُالاَسرا»
بە زۆری پەنجەی عەشقێکی خایەن
شیرینی ئەرمەن کەوتە مەدایەن
بێستوون بە عەشق لە بن کەنراوە
شۆرەتی شۆری بۆ فەرهاد ماوە
ئەڵێن: فەرهادیش کوردە بەجێیە
ڕەنجەڕۆی وەک ئەو کورد نەبێ کێیە؟!
ئەفسانەی سەودا نەما بەسەرچوو
ئێستا «جیازیی» کچ ئەدا بە شوو
خزمەتی وەتەن گوزەشتەی پارە
هەموو بۆ پارە ئەبین بە پارە
هاوار لیرەی زەرد زرینگەی خۆشە
کە هاتە بەرگوێ خودگیری بۆشە
دەوران دەورانە وەک بابی بابی
مەبعووسی بووە بە نوقڵی بابی
جووجەڵە دەندووک لە هێلکە ئەدا
دووپشک بە بێ قین پێتەوە ئەدا