کە دوژمنت کەوت تۆ پێی پیا مەنێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
3276 بینین
کە دوژمنت کەوت تۆ پێی پیا مەنێ
زەبوون کوژ مەبە، لای خوا لامەنێ
سەرمایەت بۆ خۆت، زەکات بۆ خودا
مێو کە بیبڕی، چاکتر بەر ئەدا
زۆر بە سەر دۆستا مەیێ خەتەرە
تانەی دۆست لە تیر دوژمن بەدترە
ڕاستە دوو میوان لێکیان خۆش ناێێ
بەڵام خانەخوێ لە هەر دوو لایێ
تۆ چاکە بکە و بیدە بە ئاوا
خەڵکیش نەزانێ، لای خوا نووسراوە
کردەوە و ئیمان هاتوونە نوشوست
گەورە ئاوی ڕشت: بچووک پێی لێ خست
کە باوەڕت بێ، هیوایشت دەبێ
کە بێ باوەڕ بی، چیت دەس ئەکەوێ؟
هەم پیاوی دونیا، هەم پیاوی ڕێی خوا
وەک «یارۆی» ناو جۆ لە دوو لا دەخوا.