بێخ و بناوانی کورد: «دەستەی یەکەم: قەومەکانی زاگرۆس»

لە کتێبی:
مێژووی ئەدەبی کوردی
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 6 خولەک  1939 بینین

١- «لۆلۆ» یا «لۆلۆبووم» وا دەرکەوتووە کە ئەم قەومە لە هەرێمی «زەهاو - شارەزوور - سولەیمانی» دائەنیشتن، بەڵام نازانرێ کە کەی هاتوونەتە ئەوێ لە پاشا لەگەڵ گۆتییەکان تێکڵاو بوون و لە وڵاتی سولەیمانی ئێستەدا پێکەوە ڕایان ئەبوارد و وڵاتی «هاڵمان - حەلوان» یشیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان «ئەمین زەکی» هێندێ ئەروا و لە پاشان ئەڵێ: لە بەڵگەکانی ئاشووری دەوری «ئاشوور ناسر پاڵ»ی دووهەم وا دەر ئەکەوێ کە ئەم وڵاتی لوولوویە شارستانی و ئاوەدانییەکی چاکی تێدا بووە و مەردمەکەشی دەستێکی باشیان بووە لە هونەر و پیشەسازیدا، تەنانەت ئەم پادشای ئاشوورییە گەلێ لە پیشەسازەکانی برد و وڵاتی ئاشوور، پڕۆفیسۆر «سپایزر» ئەڵێ ئەم لوولوویانە باپیرە گەورەی لوڕی ئێستەن.

٢- «گووتی» یەکێکن لە قەومەکانی زاگرۆس لە «٢٦٤٩»ی پێش میلاددا وڵاتی سومر و ئاکادیشیان داگیر کرد، ئەم دەسەڵاتەیان ١٢٥ ساڵ و ٤٠ ڕۆژ درێژەی کێشا لە ساڵی «٢٥٢٤»ی پێش میلاددا پادشای «ئوور» ڕەچەڵەکی ئەمانەی دەرهێنا بە ناچاری گەڕانەوە بۆ کێوەکانی زاگرۆس. کە کاسییەکان لە دەورووبەری ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەمی پێش میلاد پەلاماری وڵاتی بابلیان دا بۆ ئەم پەلامارە گووتییەکانیان لەگەڵ بوون. لەو شتانە کە لە بەڵگە باشوورییەکان وەر ئەگیرێت هیچ شکی تێدا نامێنێتەوە کە کێوەکانی زاگرۆس نیشتمانێکی قەومی بووە بۆ ئەم شەعبی «گووتی»یە.

دوکتۆر سپایزرکەس لە کتێبەکەیا: «قەومەکانی بین النهرین» لاپەڕەی ١١٧ ئەڵێ: «ئەم تیرە و هۆزانە کە ئێستە بە کورد ناو ئەبرێن و نەبێ لە هیچ دەورێکا بە قەوتاسی ناسرابێتن. بەڵێ ئەم تیرانە لە هەندێ ڕەوشت و شیوەی قسە کردندا جیا ئەبنەوە وەکوو سەیر ئەکرێ کە یەکێکی سولەیمانی ناتوانێ بە تەواوی لەگەڵ بادینێکدا قسە بکا و بەتەواوی لە یەک تێبگەن. هەروەها لە بەینی کوردەکانی ئێستەدا گەلی ئەرمەن و ڕەگەزی سامی و ئاریتر هەیە وەکوو بەڵگە تاریخیییەکان ئەمەمان پیشان ئەدەن. جا لە بەر ئەمە ناتوانین بڵێین قەومی کورد لە ڕیشەیەکی تەنها و سەربەخۆوە هاتوون:. پێ ناوێ بڵێین دانیشتووە ئەسڵییەکانی کوردستان لەگەڵ قەومەکان پێک هاتووە چوونکە شتێکی ئاشکرایە، ئاشکراییەکەشی لە بەر ئەوەیە کە لە دەوری سەرەتای تاریخدا ئەمانە لەگەڵ هەندێ لە کۆچەرییەکانی ئاشوور و ئارامی پێکەوە لە کێوەکانا ڕایان ئەبوارد. لە پاشا کە ئارییەکان دەسەڵاتیان بە سەر ئەم وڵاتەدا پەیدا کرد هەندێ ڕەگەزی ئێرانیش هاتن لەگەڵ دانیشتوی وڵاتەکەدا تێکڵاو بوون و بوون بە یەک.

لەگەڵ ئەمەشدا ئینکار ناکرێ لە ڕەگەزی گووتی و قەومەکانی زاگرۆس ئێستەش لەناو کوردەکانا هەر هەیە. لەمەوە و لە سەیر کردنی لوغەتەوە دەرئەکەوێ کە قەومی کورد بەشێکن لە بەشەکانی زاگرۆس، ئەمانە هەر چەندە گەلێ جار تووشی تاڵان و چەپاوی بێگانە بوون بەڵام هەموو دەم ئاگاداریی سەربەخۆیی تەبیعی و ئازادیی و پاراستنی عەشرەتی خۆیانیان هەر کردوە و هەر وەخت کە ترسی پەلاماری بێگانەیان بوو بێت چوونەتە کێوەکان کە ئەو لافاوە بە سەر چوو بێت هاتوونەتە خوارەوە و شار و گوندەکانی خۆیانیان ئاوەدان کردۆتەوە وەکوو ئێستەش ئەو ڕەوشتەیان هەر هەیە.

٣- «کاسای - کووس - کووشوو» ئەمانەش یەکێکن لە قەومەکانی زاگرۆس. سەرتا لە ناوچەی «کرماشان - قرمسین» نیشتەجێ بوون بەڵام تاریخی هاتنیان نازانرێ، ئەوەندە هەیە وەکوو قەومەکانی تری زاگرۆس هەر دانیشتوی ڕاستی وڵاتەکە بوون و نەبێ وەکوو سامی و حامییەکان کۆچیان بۆ کردبێت. ئاکادییەکان بەمانەیان ئەوت «کاشوو» ئەم کاشووانە ئەوانەن کە کتێبی پیرۆز بە «کووش» یان ناو ئەبا. لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەمی پێش میلاد ئەم کاسییانە وڵاتی بابلیان گرت و لە وڵاتی سوومر و ئاکاددا حکوومەتیان بە ناوی «کاردوونیاش»ەوە دامەزراند کە نزیکەی شەشسەد ساڵ ژیا لە باش تێکچوونی حکوومەتەکەیان دیسان گەڕانەوە بۆ کێوەکانی زاگرۆس «لوڕستانی ئێستە». لە دەوری حکوومەتی ئەخمینییەکانا برایەتییێکی باش لە بەین ئەم کاسیانەوە حکوومەتی ئێران «ئەخمینی»دا پەیدا بوو هەروەها ئەسکەندەریش شەڕێکی زۆری لەگەڵ کردن «ئەنتیفوونووس» سەرداری بەناوبانگی ڕۆمانی لە «بردی تەنگگەڵی»یەوە کە کەوتبووە وڵاتی ئەمان بە ناویانا تێ پەڕی. کە وابوو ڕوون بووەوە کە قەومی کاسی لە سەرەتای میلاددا لە لوڕستانی ئێستەدا هەبوون دوور نییە ڕیشەی لوڕەکانی ئێستەش بن.

٤- «خالدی - ئوورارتوو» وا ئەچێتە دڵەوە کە ئەم قەومە لە سەردەمێکا لە ڕۆژەڵاتی ئاسییای بچووکەوە هاتوونەتە هەریمی دەریای «وان» لە گێڕانەوەی ئاشووری بەتایبەت لە بەڵگەی شەڕەکانی «سەرگۆن»ی دووهەم پادشای ئاشووردا دەرئەکەوێ کە سنووری دەوڵەتی «خلدی» سەردەمێک لە شیمالەوە پاڵی ئەدا بە دەریای «گۆگجە» و «ئەلکسندرپوول» لە قەوقاس، لە جنووبەوە بە «ڕواندز» و سەرچاوەکانی ڕووباری «زاب». لە ڕۆژاواوە بە ڕووباری «فۆڕات» و لە ڕۆژەڵاتەوە بە دەریای «ورمێ»یەوە. سەردەمێکیش فەرمانیان بە سەر شیمالی سوورییەدا کرد و پایتەختییان «توسپاسی - وان» بوو کە وا گومان ئەکرێ «ساردووریس»ی یەکەم پادشای خلدی لە «٨٤٠»ی پێش میلاد دروستی کردبێ. لە ئاخر و ئۆخری سەدەی حەوتەمی پێش میلاد بە هۆی دەسەڵاتی میدییەکانەوە بە هۆی نیشتەجێ بوونی ئەرمەن لە ڕۆژەڵاتی وڵاتی خالدییەوە ئەمانە بڕانەوە و تیاچوون.

٥- «سووباری»: یەکەم جار ئەم ناوە بینراوەتەوە لە ڕووی پارچە لەوحێکی کۆنەوە بووە کە دەوری حکوومەتی «لوگال - ئانی - موندو» پیشان ئەدا کە لە چەرخی ٣٠هەمی پێش میلاد فەرمانڕەوایییان کردووە و زیاتر لەسەر شێوەی وشەی «سووپیر» کەوتووەتە بەر چاو. ئەم بەڵگانە کە بۆ دەوری «نارام سین» ئەگەڕێنەوە لەسەر شکڵی «سوپاتیم» پیشانی ئەدەن و ئەم وشەیەیش مانعایەکی جوگرافی بووە بۆ ئەو وڵاتە کە لە شیمالی غەربی «عیلام»ەوە دەست پێ ئەکا تا وڵاتی «ئامانووس»، لەپاشا بوو بە ناو بۆ هەندێ قەوم، وەکوو وشەی «حامووڕایی» چۆن بوو بە ناو بۆ قەومێکی سەربەخۆی ئازاد. ئەم سووبارییانە دەورێکی زۆریان بە شەڕ لەگەڵ ئاشوورییەکاندا گێڕا. بەڵام لە ئاخر دەوری ئاشوورییەکانا ناوی ئەم سوولارییانە ون بوو و ناوی «نایری» شوێن ئەمانی گرتەوە کە ئەم نایرییانەش قەومێکی تر بوون.