بێخ و بناوانی کورد: میللەت یا ناسیۆن یا قەوم

لە کتێبی:
مێژووی ئەدەبی کوردی
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  2265 بینین

زووتر پەیڕەویکەری هەر ئایینێک پێیان ئەوت میللەت، وەکوو میللەتی ئیسلام، میللەتی گاور، میللەتی جوولەکە. ئەمانە با زمان و ڕەوشتیشیان جیا بوایە، مادام پەیڕەویکەری ئایینێک بوون، هەر بە یەک میللەت ناو ئەبران. لەپاشا زاناکانی ئاورووپا کەوتنە سەر ئەو باوەڕە کە میللەت ئەوەیە زمان یا خوێن یا نەژادێکی سەربەخۆی ببێ و وشەی «ناسیۆن»یان بۆ ئەم مەعنایە لەباتی میللەت دانا. لەم دەورەی دوایییەدا تۆزێ پێشتر کەوتن و هەنگاوێکی تر بۆ ئەم مەعنایە هاوێژرا: کە گۆیا تەنها زمان یا خوێن یا نەژاد بەش ناکا، بەڵکوو لەگەڵ ئەمەشدا ڕەوشت و عادەت لە شادی و لە شیوەن، لە خەفەت و لە خۆشی، لە کاروباری مەڵبەند و بنەماڵەییش پێویستە، هێنرا بۆ ئەم کۆمەڵە مەعنایە وشەی «قەوم» دانرا.

کە وا بوو هەر کۆمەڵە مەردمێک کە لە ڕەوشت و خوێن و ڕەگەز و زماندا تێکڵاو بوون، ئەمانە بۆ خۆیان ئەبن بە قەومێکی تایبەتی و جوێ ئەبنەوە لە کۆمەڵە مەردمێکی تر، لێرەدا بەبێ ئەوە بەشوێن بەڵگەدا بسووڕینەوە بە ئاشکرا ئەزانین کە قەومێک هەیە ناوی «کورد»ە و بە یەک زمان قسە ئەکەن و لە سەرەتای ژیانیانەوە تا ئێستا هاوبەش و شەریکن لە شادی و سروود و لاوانەوە و شوێن و هۆنینەوەی شعووری کۆمەڵایەتی و سەرگوزەشتی و جەنگی ناوخۆیان و دەوروبەریانا، کە ئەمانە ئاوێنەیەکی هەرە ڕووناکن بۆ بینین و ناسینی چۆنیەتی خوو و ڕەوشتی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەموو قەومێک. دیسان عالمە نەژادشناسەکانی وەکوو «ڕیچکەس» و «سوولاککەس» و «فوون لۆشانکەس» و «ئوژن پیتارکەس» و گەلێکی تریش، بۆیان ساغ بووەتەوە کە قەومێک هەیە یەک خوێنیان هەیە و ناویان «کورد»ە. ئینجا ئێمەش بەپێی توانا ئەمانەوێ لەم ڕووەی دوایییەوە کە ئێستا پێی ئەڵێن «مێژووی ئەدەب» بۆ لاوانی دواڕۆژی کورد لێوە بدوێین و قەومەکان لە سەرەتای ژیانیانەوە لەم ئاوێنەیەدا پیشان بدەین.

ناوی ئەم کتێبە «مێژووی ئەدەبی کوردی»یە و ئەبێ لە ئەدەبی کورد بدوێت، بەڵام ئەمە پێویستە بزانرێ: ئەو قەومە ئەدەبەکەی هەیە چییە و چە کەسە. لەبەر ئەوە بەشێکی زۆر لە بەرگی یەکەمی کتێبەکە بۆ دۆزینەوەی کورد و سەرچاوەی کورد داگیر ئەکرێ کە ئەمە ئەگەڕێتەوە سەر مێژووی ڕووت و لادان لە باسەکە. بەڵام لەبەر ئەوە تا ئێستە بەتەواوی قسەیەکی ساغ لەباری «کورد»دا بەڕاستی نەدراوە بە دەستەوە، لام وایە ئەم باسە لە باسی ئەدەبەکە بەکەڵکتر ئەبێت و پاشەڕۆژی مێژوو چاکتر ڕوون ئەکاتەوە، بەو بۆنەوە دوور نییە قازانجی لەو زیانە زیاتر بێ کە لادانە لە باس.