بۆچ هۆنراو بە شێوەی هەورامی وتراوە؟
شتێکی تر ماوەتەوە پێویستە لێوە بدوێین، بۆیە قسەی لێوە بکەین چونکە زۆرتر لە ڕۆژەڵاتیناسەکانی خستووەتە تەنگوچەڵەمەوە، وەکوو دڵی کوردە کە خۆیشی کرمێ کردەوە.
لەوە نادوێین کە بڵێین کورد و گۆران هەر کوردن، چونکە قسەمان لەمەوە کردووە، ئەمێنیتەوە سەر ئەوە ئایا بۆ چی زۆرتر لە سۆراخەکانی کورد -بەتایبەتی سۆراخی ئەدەب- هەر بە شێوەی هەورامی بووە و هەورامییە؟ کە چی شتێکی وا بە شێوەی ئەردەڵان و شارەزوور بەر چاو ناکەوی؟! لەم ڕووەوە باوەڕی من ئەمەیە:
کورد لە بەرەبەیانی مێژووەوە لە باری ئەدەبیدا تێکڵاو بووە، یا لەگەڵ ڕۆم و فارسدا وە یا لەم ئاخرەدا لەگەڵ تورکدا، هەر چی دەستەی خوێندەوار بووە یا سەربەخۆ ئاشنا بوون بە بارەگای پادشاکانی تورک و عەجەم، یا نزیک بوون بە کۆشکی ئەو خانەدانە کوردانە کە ئەوان هاتوچووی بارەگاکانیان کردوون. بە یاسای تەبیعەت برە و لەو زمانەدا ئەبی کە پادشا قسەی پێ ئەکا و پێی کردووە، ئەو زمانە بە ئەدب پیشان دراوە و پیشان ئەدری کە پادشا و خاوەن وڵات قسەی پێ کردووە و پێی ئەکا. بە درێژایی زەمان ئەم زمانانە لەسەر زمانی کوردی سووڕاونەتەوە، بە جۆرێک شعووری داپۆشیون، تەنانەت ئەوەیان بە دڵا نەهاتووە کە زمانی خۆیشیان ئەگونجێ ببێ بە زمانێکی ئەدبی! شعری فارسی و تورکی لە دیوەخانی ئەو کۆشکانەوە بڵاو بووەتەوە، هەروەها شعر و ئەدبی عەرەبیش بە هۆی ئیسلامییەتەوە لە مزگەوتەکانەوە تەنیویەتەوە. دیارە شعر و ئەدبی هەر زمانێکا کە تۆ بیگریت، ئەبێ ئەو کەسە لێی تێ بگا ئەو وەختە دەمی بۆ بەرێت نەوەک تەنیا تێگەیشتن، بڵکوو هەموو سووچێکی ئەبێ بزانێ. لێرەدا ڕەمەکی مەردم -یەعنی نەخوێندەوارەکان- نەیانتوانیوە و نەیانزانیوە لە کون و قوژبنی زمانێکی وەکوو فارسی یا تورکییا عەرەبی بگەن، هیچ دەمیان بۆ نبردووە، وە ببڕایببڕای ئەوەشیان بە دڵا نەهاتووە کە بەو زمانەی خۆیان قسەی پێ ئەکەن ئەتوانن شعر و ئەدەب بڵێن، وە ئەگەر بە دڵیشیانا هاتبێت و وتبێتیان -وەکوو هاتووە و وتوویانە- بەرەی خوێندەوارەکان کە ئەوان ئەدەبیان بە زمانی بێگانە زانیوە، چونکە زانیویانە، گاڵتەیان پێ کردوون و پێیان وتوون ئەمانە شایەر یا دەلوون! بەم بۆنەوە ئەدەبی خاوێنی ئەسڵی زمانەکە پاش کەوتووە. مەبەست بەم قسەیەمان لە بەینی ئەردەڵانشوێن و شارەزوورشوێن و موکریانشوێندایە، واتە کوردی ئەم شوێنانە بێجگە لە هەورامانشوێن شیفتەی ئەو زمانانە بوون. مایەوە سەر هەورامان.
هەورامانشوێن، شوێنێکی شاخوداخ و وشکە، نە فارس خۆی بۆ کوتاوە زۆر نە ڕۆم، نە عەجەم بە تەنگیەوە بووە نە تورک، بەم بۆنەوە پیاوەکانی ئەوێ ئەوەندە ئاشنای بارەگای پادشاکان نەبوون بە جۆرێکی وەها کە زمانی ئەوان سوار زمانەکەیان ببێت، هەر کە دەروونیان هاتبێتە جۆش، بە زمانەکەی خۆیان دەریانبڕیوە، لەمەوە ڕەمەکی مەردەمەکەش فێر بوون کە هەر لە دەورێکی زۆر کۆنەوە شعر و ئەدەبیان بە زمانەکەی خۆیان وتووە، کە عەرەبیش لە مزگەوتەکانەوە سەری هەڵدا، ئەدەبی زمانەکەی خۆیانیان بە میراتی هەر بۆ مابووەوە، ئیتر خوێندەواری مزگەوتەکان بێزیان لێ نەئەهاتەوە، بۆیەش بێزیان لێ نەئەهاتەوە، چونکە کابرا لەپێش ئەوەدا بچێتە مزگەوت گوێی لە باوک یا لە مامە نەخوێندەوارەکەی بووە کە بە زمانەکەی خۆی هەڵبەستی بەسەرا هەڵداوە، ئەمە بێجگە لەوە کە دایکی لە بێشکەکەدا هەر بەو شێوەیە لایەلایەی بۆ ئەکرد، ئەمە لە ماڵا: کە ئەچووە دەریشەوە لەسەر هەڵپەڕکێ، لەسەر کانی، لەبەر بەڕۆچکەدا هیچی تری گوێ لێ نەئەبوو، تەنیا هۆنراوی زمانەکەی خۆی ئەبێ. ئەمانە هەموو کردیانە کارێ کاتێ کە دەستی دا بە خوێندنی فارسی یا عەرەبی یا زمانێکی تریشەوە، ئەدەبی زمانەکەی خۆی هەر بە ئەدەب بزانێ،
ئەمە ئەمان تێکڕا بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە ئاشنا بوون بە ئەدەبی زمانەکەی خۆیان و فێری بوون، ئێنجا بەرەی خوێندەوارەکانیان بە دەم خوێندنەوە پەڕەوازە ئەبوون بۆ وڵاتەکانی ئەردەڵان و شارەزوور و موکری، لەوێ شعر و ئەدەبی شێوەی قسە کردنی خۆیانیان ئەخوێندەوە بۆ مەردەمی ئەو وڵاتە، مەردەمەکەی ئەوێش تەماشایان ئەکرد ئەم ئەدەب و شعرە جۆرە شێوەیەکە لە شێوەکەی خۆیان ناچێ، لەبەر ئەوە شعووری ئەدەبی بێگانە پەرەستی بە جارێ کشابوو بەسەر هۆشیانا، ئەوشێوەشیان هەر بە بێگانە ئەزانی، چونکە لە هینەکەی ئەوان نەئەچوو، ئەهاتن وەریان ئەگرت و لە دیوەخان و مزگەوتەکانیانا بڵاو ئەبووەوە. ئەوانیش ئەگەر بیانویستایە شتێک بڵێن ئەهاتن پەیڕەوی ئەو شێوەیانە ئەکرد و بەو شێوەیە ئەدەبی شعرییان دائەنا -وەکوو وترا لەو باوەڕەدا نەبوون یا هەر ئەوەیان بە دڵا نەئەهات کە بە شێوەکەی خۆیان شعر وتن ئەگونجێ!- کابرا خەڵکی «سنە» بوو، خەڵکی «قەڵاچوالان» بوو، خەڵکی «بۆکان» و «سابڵاخ» بوو، وە لەو شوێنانە گۆش کرابوو، کە چی ئەگەر بڕە هەڵبەستێکی دابنایە، لەبەر ئەو شتانەی سەرەوە کە وتمان، ئەچوو کۆششی ئەکرد بۆ ئەوە کە شێوەی «هەورامی» فێر ببێ و بەو شێوەیە هۆنراوەکەی خۆی دابنێ!
ئەم کارەساتە بەم جۆرە مایەوە تا «نالیکەس» لە وڵاتی شارەزوورشوێن پەیدا بوو، قاپییەکی زلی خستە سەر گازی پشت، بۆ وتنی شعری شێوەی «موکری». بەرە بەرە پەیڕەوی شێوەکەی کرا و ئەدەبی شێوەی موکریش بڵاو بووەوە بە جۆرێ بڵاو بووەوە کە لە وڵاتی موکری و شارەزووردا بە تەواوی لە باری شعروتندا شێوەی هەورامییان لە فکر چووەوە. مایەوە سەر وڵاتی «ئەردەڵانشوێن»، شێوەکەی موکریش وەکوو شێوەی هەورامییە کە بە هۆی چەپەری مزگەوتەوە بە ئەدەبی شعری کەوتە ئەوێ، دیسان سەیریان کرد ئەمەش وەکوو شێوەکەی خۆیان نییە، شوێنی کەوتن و خەریکی فێربوونی ئەبوون بۆ ئەوە شعری پێ بڵێن. دەردەکەی ئەوان گرانتر بوو، لە لایەکەوە ئەبوایە خەریکی شێوەی هەورامی ببوونایە، لە لایەکەوە هی شێوەی مورکری! ئەم ڕەوشتە تا ئەم دەورەی دوایییە لەوێدا هەر ماوەتەوە، ئەوا تازەیی ئەوانیش ئەگونجێ شعر و ئەدەب بوترێ، چەند ساڵێکە دەستیان داوەتێ.
لێرەدا ڕەنگبێ ئەو پرسیارە بکرێ کە: ئەگەر عامیل بۆ بڵاوبوونەوەی شێوەی هەورامی لەو وڵاتانەدا بە بێگانە زانینی هەورامی بێ، بۆ چی شێوەی «لوڕ» و «بۆتان»یش بڵاو نەبووەوە تیایانا، خۆ ئەو بێگانەیەتییە لەوێشا هەر هەبوو؟ وڵامەکەی بەم جۆرە ئەدەینەوە، ئەڵێین: ئەها هاتوچووی ڕۆحی و ئەدەبییە لەبەین وڵاتی هەورامان و سۆراندا هەبووە، لەبەین بۆتان و سۆران یا لەبەین لوڕ و سۆرانا نەبووە، ئەگەر ببوایە بێگومان ئەمانیش بڵاو ئەبوونەوە.
ئەمێنێتەوە سەر وڵاتی «بۆتان»، ئەوانیش لەو شوێنانەیانا کە شاخوداخە و بە حوکمی تەبیعەت زۆر تێکڵاوی بێگانە نەبوون، ڕەمەکی مەردمەکە هەڵبەستی شەعبی یان هەر لە زەمانێکی کۆنەوە کردووە بە باو لەبەین خۆیانا. خوێندەواری مزگەوتەکان لێی بێگانە نەبوون، شوێنەکەی خۆیانیان پاراستووە و کردوویانە بە ئەدەبێکی بەرز. عەینی کارەسات لە وڵاتی «لوڕ» یشدا ڕوی داوە، لەگەڵ ئەمەش کە ئەمان زیاتر تێکڵاو بە عەجەم بوون، سەرچاوەی ئەدەبەکەی خۆیانیان هەر بۆ ئێمەی هێشتووەتەوە. ئەمە و من لام وایە شتێکی تریش هۆی مانەوەی بووە ئەوەش ئەمەیە: لەبەر ئەوە وشەی لوڕ لە ڕواڵەتا جیایە لە وشەی کوردوە لەبەر ئەوە شێوەکەی ئەوان زۆرتر ئەگونجێ لەگەڵ پەهلەوی کۆندا فارسەکان ئەوەندە بۆ تیاچوونی ئەدەبی کوردی خەریک بوون ئەوەندە خەریکی ئەوان نەبوون! ئێجگار عاتیفەی ئایینیش کردبوویە کارێ هەتا ئەم دەوری دواییەش لوڕ خۆی بە فارس زیاتر ئەزانی تا کورد! جا ئەم کارەساتانە ئەوەیان ئامادە کردووە کە ئەدەبی لوڕ هەر لە زەمانێکی کۆنەوە بمێنێتەوە.
بە جۆرێکی تێکڕایی ئێمە ئەبێ لەو باوەڕەدا بین کە ئەدەبی تێکڕای کوردی لە چاو خۆیا ئەدەبێکی بەرز و بەنرخە من ئەم قسەیە لەبەر ئەوە ناکەم کە کوردم چونکە نووسینی مێژووو نووسینی مێژووی ئەدەب یەکێ لەو شتانە کە لە نووسەرەکەیا پێویستە بێلایەنگرییە کە وا بوو من بۆ لایەنگەری کورد ئەم قسە ناکەم بەڵام بە لامەوە ئەمە شتێکی حەقیقەتە کورد وڵاتی نەدیوە بیروباوەڕی بێگانە بەرزەکانی بەر چاو نەکەوتووە دانشگاکانی عالەمی نەدیوە لەگەڵ ئەمانەشدا ئەدەبەکەی کەمتر نییە لە ئەدەبی قەومەکانی تر هەندێ جاری وا تووش ئەبی کە کابرایەکی شاعیر لە ئاشە کۆنێکا بووە لە سەرچاوەیەک بووە لە بندەوارێکا بووە کە چی فیکری وا دەربڕیوە کەمتر نییە لە فیکری ئەو کەسە کە لە دەوری ڕاپەڕینی ئاورووپادا لە سۆربون و ئاکسفۆرد فیکری وەرگرتووە بەڵام ئەوەندە هەیە ئەدەبی کوردی بێ خاوەن بووە خزمەت نەکراوە بە خامی و کاڵی ماوتەوە ئەگەر هانەهانە بدرایەت و بە سەرچاوەی خوێندەورای ڕاستەقینە ئاو بدرایە و ئاو بدرێت پایەی گەلێ گەلێ لە ژوورە ئەم پایەیەوەیە کە ئێستە هەیەتی.
تا ئەم شوێنە بەم جۆرە هاتین، ئینجا ئەمانەوێ بە سەرە قسە لە شاعیرە هەرە گەورەکانی کوردەوە بکەین لە دەورێکی کۆنەوە تا ئاخری نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم هی ئەوانە کە توانیومانە بیانخەینە دەست قسە لە ژیانیان لە نەفسییەتیان لەو هۆیە کە کردوونی بە بوێژ لە وڕێ چکانە کە لە هۆنراوەکانیان گرتوویانە لە لێکۆڵینەوەی هۆنراوەکانیان بکەین.