کورد و خەتابە

لە کتێبی:
مێژووی ئەدەبی کوردی
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 5 خولەک  1735 بینین

ئەدەب وەکوو چۆن سووچێکی فەلسەفەیە سووچێکیشی خەتابەیە جا خەتابە وەختێک ئەبێ بە ئەدەب ئەو وشانە کە خەتیب ئەیانخاتە سەر کاغەز و بە دەنگە نێر و بێ ترسەکەی ئەیانخوێننەوە یا وشەکان لە دڵیا بمێنێتەوە وەکوو چۆن لە گوێی گوێ گرانا دەنگ ئەداتەوە و کار ئەکاتە سەر عەقڵییەتیان، یا ئەوەتە ئەگەر عەینی ئەو وشانە نەمێنێتەوە مەعنا بەرزەکانی جێگەیەکی وای گرتبێ لە دڵی ئەو کەسانەدا کە ئەیبییەن وەکوو ئاگر کە توخنی پووشوو ئەکەوێ و شۆڕشێک ئەخاتە پووشووەکەوە، ئەویش ئەو شۆڕشە بخاتە ئەوان. بە جۆرێکی تێکڕایی خوتبەی گەلێ لە خەتیبەکانی عالەم هەر لە زەمانێکی کۆنەوە تا ئێستەش وەکوو دەنگی گۆرانیبێژان چۆن هەوا بردوویەتی و ناو و نیشانێکی لێوە نەماوە، ئەوانیش بەو جۆرە تێکڵاو لە هەوا بوون و ناوونیشانێکیان نەماوە! چونکە خەتیب ئەو قسە کەرەیە کە ئەوەستێ و دەست ئەکا بە قسە کردن و بە هەڵڕشتنی مەعنای بەرز لە قاڵبی وشەی جواندا بەسەر ئەو کۆمەڵە کە بۆی ڕاوەستاون و گوێیان لێ گرتووە، بێگومان ئەم جۆرە شتانە هەر لە زەمانێکی کۆنەوە بووە، بەتایبەتی لە «ئەسیناشوێن» پلەیەکی زۆر بەرزی وەرگرتبوو، بەڵام لەبەر ئەوە نووسین لە دونیادا زۆر نەبوو قسەی خەتیبەکانیش زۆر نەئەمایەوە. زۆر بە گرانی ئەو قسەیەی ئەوان هەڵیانئەڕشت بەسەر خەڵکا هەمووی لەبەر بکرایە و لەپاشا بخرایەتە سەر کاغەز. ئەڵێم: لەپاشا، مەبەستم پاش زەمانێکی زۆر درێژە، وردە وردە کە شارستانی زۆر بوو لەپێشا دەنگی خەتابە لەناو ئیسلامەکانا بوو، ئینجا کەوتە ئەورووپایشەوە، لەوێدا جۆش و خرۆشێکی پێک ئەهێنا. کە ڕەوشتی کۆبوونەوە (احتفال) لە عالەما پەیدا بوو، خەتابە هەنگاوێکی تری هاویشت، کە لە پارلمانەکان لە وڵاتە دیموکراتییەکانا دامەزران، خەتابە بە جارێ پەلی بڵاوکردەوە. کە چاپخانە بە خۆی و ڕۆژنامە و گۆڤارەوە کەوتە ناوەوە، خەتابە گەیشتە چڵەپۆپەی بەرزی، بۆیە گەیشت چونکی خەتیبێک لە کۆنگریسێکدا خوتبەی بۆ هەزار یا دە هەزار کەس ئەدا، تاقە ڕۆژنامەیەک بە جارێ بەسەر سەد هەزار کەسدا بڵاوی ئەکردەوە، ئەم خوێنەرانە ئەگەر لە هەزار وشە تەنیا شۆڕشی وشەیەکیان وەربگرتایە بۆ بەرزبوونەوەی پایەی خەتابە ئاڵایەکی کەم نەبوو.

خوتبە سێ جۆرە: جۆرێکی ئەوەیە ئەبیسرێت بەڵام ناخوێنرێتەوە، جۆرێکی ئەخوێنرێتەوە بەڵام نابیسرێت، سێیەم یان ئەوەیە کە کاریگەرییەکەی چاو تێر ئەکا و گوێچکەش پڕ ئەکا. واتە: ئەخوێنرێتەوە و ئەشبیسرێت. یەکی وەکوو «گلادستون» خوتبەکانی خۆی کە ئەخوێندەوە ئاگرێکی ئەکردەوە، کە چاپ ئەکرا لە ئاسنی سارد ساردتر ئەبوو. «ئەدمەندبیرککەس» نەیئەزانی خوتبە بدا کە ئەچووە پارلمانی ئینگلیزییەوە کێ لە هەموو کەس بێزمانتر بوایە، بەسەریا زاڵ ئەبوو، کە چی لە کاتێکا کە چاپ ئەکرا ئاگرێکی ئەخستە عالەمەوە. «پیرەمێردکەس»ی شاعیر و ئەدیبی کورد هەر بەم جۆرە کە ئەهاتە قسە کردن دەمی بەیەکا ئەهات، بەڵام کە ئەدەب و خوتبەکەی چاپ ئەکرا ئاگری لە دڵی بەرددا ئەکردەوە!

ئەمە هەروا سەر و پورتێک بوو لە باسی خەتابە، بە جۆرێکی تێکڕایی، بێینە سەر باسێکی تایبەتی بۆ کورد:

خەتابە لە کورددا مێژوویەکی نییە، بۆیە نییەتی چونکە ئێمە قسە لە خەتابەی کوردی پەتییەوە ئەکەین لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا. کورد تا سەرەتای سەدەی بیستەم هەر مەیدانداری و نەبەرد و سوراخێکی ببێ با لەژێر چاودێری تورکدا بووە یا هی فارس. ئەنجامی سیاسی ئەمانە ماوەی نەداون کە شعوور بەوە بکەن خوتبە بە زمانی کوردی ئەگونجێ ببێ. ئەمێنێتەوە سەر ئەوە کە کۆمەڵێکی کوردی پەتی بووبێتن و لە مەیدانێکی شەڕا ڕاوەستابن و سەرکەردەکەیان هەستابێ بۆ هانەهانەدان یان هەندێ قسەی بۆ کردبێتن. ئەمەش جارێ ئەو کەسە لە ڕووی ئەو شعوورەوە ئەم قسانەی نەکردووە کە ئەمە خوتبە ئەدا، دووەم لەبەر ئەوە خوێندەواری لە ناوا نەبووە، ئەو قسەی کە کردوویەتی هەروا ڕۆیشتووە. هەندێ شوێنی تریش بووە کە خەتیب خوتبەی تێدا داوە، وەکوو ئەوە چوون بۆ غەزا، ئەو خەتیبە بەڵێ قسەی بۆ کردوون، بەڵام پڕی کردووە لە ئایەتی قورئان و لە حەدیس و لە قسەی ئەو پیاوچاکانە کە بە زمانی عەرەبی قسەیان کردووە، ئەوەش لە مەبەستی ئێمە دەرئەچێ، چونکە ئێمە خوتبەی خەتیبێکمان ئەوێ کە بە زمانێکی کوردی پەتی لە شوێنێک وەستابێ، کۆمەڵەیەکی نەخوێندەواری بە زمانەکەی خۆیان تێ گەیاندبێ. بێگومان ئەمەش کارەساتی ڕۆزگار بۆی ڕێک نەخستوون، ئەگینە کوردیش لەو دەورانەی پێشوودا خەتیب بە مەعناکەی ئێمەی تێدا هەڵکەوتووە.

بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بەتایبەتی لەپاش شەڕی «١٩١٤-١٩١٨» کورد لە چاو ئەو هەموو پاشکەوتووتییەیشدا، هەر جۆرە هەنگاوێکی هاویشت بۆ خوتبەدان و زیاتر لەو کوردانەشدا کە کەوتبوونە خاکی عیراقەوە، خەتیب لە مانا زیاتر هەڵکەوت کە بتوانێ لە کۆمەڵێکی گەورەدا دەست بکا بە قسەکردنێکی ئاگرینی کوردی بیخاتە سەر کاغەز. هەروەها لە کوردەکانی موکریانیشدا ئەم سوراخە ئەبینرێت. لەم دەوری دوایییەدا لە سەرەتای «میجەرسۆنکەس»ی ئینگلیزی بۆ سولەیمانیشوێن بە دواوە، لەو شارە بەپێی ناوچە گەلێ خەتیبی بەرز بەرز هەڵکەوتوون. لە بەرگی دووەمی ئەم کتێبەدا باسی ئەوان و هینەکانی سابڵاخشوێن -کە ئەم دوو شوێنە سەرچاوەن- ئەکەین.