داستان
«داستان» و «ئەفسوون»یش هەیە، داستان زۆرتر بۆ نەبەردی پاڵەوانان بەکار ئەهێنرێت. وشەکە لە بنەڕەتا «داواستان»ە، واتە شوێنی جەنگ و شەڕوشۆڕ؛ یا «دادستان»ە، واتە شوێن عەدل، لە هەر دوو بارا وەکوو عیلمی بەلاغە ئەڵێ: «تەسمیەی حالە بە ئیسمی مەحەل». درێژ بوونەوەی زەمان وشەکە زمان کورتی کردووەتەوە و بووە بە «داستان».
«ئەفسوون» بۆ جادوو و جادووگەری ئەوترێ، ئەفسوون زمانی فارسی بە «ئەفسانە» ی ناو ئەبا و مەبەستی حەقایەت و چیرۆکی کۆنە. پیاوانی عیلمی لە کوردیشدا وشەی ئەفسانە بۆ کارەساتی زۆر کۆن بەکار ئەهێنن، جا بەو بۆنەوە ئێمەیش کە وتمان ئەفسانە مەبەست ئەو چیرۆک و ڕازە کوردانەیە کە دەماودەم بۆ ڕابوواردن ئەیگێڕنەوە.
عالمە بێگانەکان وەکوو ڕەمەکی مەردمەکە گەلێ لە ئەفسانە وردبوونەتەوە و کردوویانە بە عیلمێکی سەربەخۆ، ئێستەیش لەناو کوردەواریدا کە بوترێ چیرۆک، هەروا بە شتێکی خەمڕەوێنی ئەزانن، نەوەک بە شتێک کە بناغەی ئەدەبیات و بناغەی کردەوەی باووباپیرانە. بەڵام بێگانە وا نین، بەتەواوی تیایا ڕۆچوون و گەلێ قسەیان لێوە کردووە. ئێمە بۆ ئەوە پایەی سەرچاوەی ئەفسانە و چۆنیەتییەکەیمان بۆ دەرکەوێ لەگەڵ ئەو خەریک بوونەدا کە زاناکانی بێگانە لەگەڵی خەریک بوون، هەندێ لەو قسانە کە دەربارەی کراوە لێرەدا ئەینووسین بۆ ئەوە کە کوردیش وەکوو بێگانەیەک بۆی دەرکەوێ کە چیرۆک عیلم و پەندە، نەوەک تەنیا ڕازی گوێی ئاگردان.