شازادەی بەختیار

لە کتێبی:
شازادەی بەختیار
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 23 خولەک  1656 بینین

بە بەرزییەکی ناو شارەوە، بەسەر میلێکی بڵندەوە، پەیکەری شازادەی بەختیار ڕاوەستابوو. سەرتاپای لەشی بە توێژێکی ئاڵتوونی تەنک زەڕکەفت کرابوو. لە باتی دوو چاوی جووتێ پیرۆزەی گەش گەشی هەبوو. یاقووتێکی ئاڵی گەورەش بە مشتووی شیرەکەیەوە ئەدرەوشایەوە.

بەڕاستی، ئەم پەیکەرە پەسەند و خۆشەویستی هەموو لایەک بوو : یەکێک لە ئەندامەکانی مەجلیسی شار، کە ئەیویست بە خواوەندی چێژ و سەلیقەی هونەریی ناوبانگ دەرکا، ئەیوت:«ئەوەندە جوانە، ئەوەندە جوانە، لە باکەڵەشێرە جوانترە!.» لە لایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی خەڵق بە پیاوی فرمانی بدەنە قەڵەم، کە ڕاستییەکەشی وا نەبوو، ئەمەشی ئەخستە سەر قسەکەی: «بەڵام وەنەبێ کەڵکێکی زۆری پێوە بێ!»

ژنێکی تەنگەچیکەللانەش بە کوڕەکەی ئەوت کە بۆ مانگ ئەگریا: بۆچی پەڕۆیەک لە شازادەی بەختیار دانادڕی؟ بزانە ئەو، هەرگیز، بۆ هیچ شتێک ئەزووڕێنێ؟

پیاوێکی ناکامیش، کە تەماشای ئەم پەیکەرە نایابەی کرد، لەبەر خۆیەوە وتی: سپاس ئەکەم، بەس نییە دنیا هیچ نەبێ ئەمەی تیایە کە بە تەواوی بەختیار بێ!

مناڵە بێکەسەکانی هەتیوخانەش کە بە کراسی سوور و پێشگری سپیی پاکەوە لە دەرگای کڵێسا هاتنە دەرێ وتیان:

-کوت و مت ئەڵێی فریشتەیە!

مامۆستای ڕیازییات هەڵیدایە:

-بە چیدا ئەزانن؟ خۆ ئێوە فریشتەکان هەرگیز بە چاوی خۆتان نەدیوە!

مناڵەکان وەڵامیان دایەوە:

-ئای...چەن جار هاتوونەتە خەومان!

مامۆستا ڕووی گرژ کرد و بێدەنگ بوو، چونکە خەوبینینی مناڵی بەدڵ نەبوو.

شەوێک لە شەوان پەڕەسێلکەیەکی بچکۆلانە بەسەر شارەکەدا ئەفڕی. هاوڕێکانی شەش هەفتەیەک لەوەبەر بەجێیان هێشتبوو؛ چووبوونەوە بۆ میسر. ئەم لەبەر ئەوە پاش کەوتبوو کە بە تیری دڵداریی چڵەقامیشێکی شۆخی باڵابەرز گرفتار بووبوو. لە بەهارێکی زوودا، لە کاتێکا پەپوولەیەکی زەردی بەسەر ئاوی چەمەکەدا ڕاونەنا. تووشی ئەم یارە نازدارە هاتبوو. بەژنوباڵا باریکەکەی ئەوەندە کاری تێ کردبوو لەگەڵ بینینی، کوتوپڕ، لە جێی خۆی وشک بووبوو. پەڕەسێلکە هەمیشە ئەیەوێ بە قەڵەمبازێک بگاتە ئەوپەڕی مەبەستی خۆی. لەبەر ئەوە یەکەم قسەی لەگەڵیا ئەمە بوو:

-ئایا ئەتوانم خۆشم بوێی؟

قامیشەکە بۆی چەمایەوە: بەڵێ!

ئیتر لە خۆشییانا دەستی کرد بە باڵ گرتنەوە و سووڕانەوە بە دەوری سەریا. هەموو جارێک سنگی ئەخشان لە ڕووی ئاوە مەنگەکەی چەم، لە زیوی تەواوە شەپۆلی بۆ دروست ئەکرد. ئەمە هەموو دەستبازییەک بوو کە هەتا ساڵی گەیاندەوە بە پاییز لەسەری ڕۆیشت.

پەڕەسێلکەکانی هاوڕێی کە ئەمەیان ئەدی لەبەر خۆیانەوە ئەیانورتان:

-دڵدارییەکی چەن بێ سەروپێ! دەزگیران هەم لاتە، هەم کۆشێ کەسوکاری بە شوێنەوەیە!...

لە ڕووی ڕاستیشەوە چەمەکە پڕ بوو لە قامیش...

کە پاییز داهات هاوڕێکانی پەڕەسێلکە هەموو دایان لە شەقەی باڵ. ڕۆیشتن. لە پاش ڕۆیشتنی ئەوان، زۆری پێ نەچوو، ئەمیش کەوتە هەستی بەیانی، وردە وردە دەستی کرد بە ساردبوونەوە لە یاری نازدار. لەبەر خۆیەوە ئەیوت: «ورتەی لە دەم دەرنایە... ئەترسم ئافرەتێکی خۆپەسەندی نازفرۆشی چاولەدەر بێت...چونکە ئەبینم بۆ شنەی با زۆر بە ئارەزوو خۆی بائەدات!»

ئەمە زۆر ڕاست بوو: هەرچەن با هەڵیئەکرد، قامیشەکە لەنجەولاری هەرە دڵگیری خۆی ئەخستە کار. پەڕەسێلکە لەبەر خۆیەوە، لەسەر قسە ڕۆیشت «بەڵام من بابایەکم گەڕۆک... ژنەکەشم ئەبێ، وەکوو خۆم، گەشتوگوزاری پێ خۆش بێ».

لە پاشانا ڕووی کردە قامیش، وتی:

-لەگەڵم دێی یان نا؟...

قامیشەکە ئەوەندە دڵگیرۆدەی مەڵبەندەکەی خۆی بوو سەری هەڵتەکان: نەء!

پەڕەسێلکە قیڕانی بەسەریا:

-دیارە من زۆر سووکم لای تۆ! دەربەست نایەیت لە کیست بچم. کە وا بوو منیش ئەڕۆم... ئەچم بۆ لای هەرەمەکانی میسر... خوات لەگەڵ!

ئەمەی وت و دای لە شەقەی باڵ. بە درێژیی ڕۆژ هەر فڕی، هەتا شەو درەنگێک، گەیشتە سەر عاستی ئەم شارە. لەبەر خۆیەوە وتی: لە کوێ بنیشمەوە؟ تۆ بڵێی دانیشتووانی شار جێیان بۆ ئامادە کردبم؟ کە تەماشای کرد، بەسەر میلە بەرزەکەوە پەیکەرەکەی بەرچاو کەوت قریوانی وتی: «لێرە ئەنیشمەوە، جێگایەکی نایاب و هەواگرە». لە مەعبێنی هەردوو پێی شازادەی بەختیارا لێی نیشتەوە. کە سرنجی گرتە ئەمدیو و ئەودیوی خۆی، لە دڵی خۆیا وتی:«بەهـ ! ژوورێکی نووستنی زێڕینم هەیە!» ئیتر دەستی کرد بە خۆپێچانەوە بۆ چوونە خەو.

بەڵام سەری کرد بە ژێر باڵیا و نەیکرد، دڵۆپێکی گەورە ئاو تکا بەسەریا. ڕاچڵەکی، وتی: «چەن سەمەرەیە؟ پەڵەیەک چییە هەور بە ئاسمانەوە نییە. ئەستێرەکان هەموو گەش و ڕوون ئەجریوێنن. ئەی ئەم بارانە لە کوێوە دێ؟...» هەوای شیمالی ئەورووپا چەن ناخۆشە یاری قامیشیش بارانی زۆر لێ خۆش ئەهات؛ ئەمە لە خۆپەرەستی بەولاوە چ نەبوو! دڵۆپێکی تر کەوتەوە بەسەریا. بە بێزاربوونێکەوە وتی:«نازانم کەڵکی پەیکەر ئەبێ چی بێ، ئەگەر نەتوانێ پیاو لە باران بپارێزێ؟... پەنای کڵاوڕۆژنەیەک بدۆزمەوە بۆ خۆم لێرە گەلێ چاترە.»

بەم چەشنە بڕیاری تەواوی دا بفڕێ، بڕوا بۆ لایەکی تر. بەڵام لە پێش ئەوەدا باڵ بکاتەوە دڵۆپێکی تری بەسەرا تکا. کە سەری هەڵبڕی، چی ببینێ؟ تەماشای کرد هەردوو چاوی شازادەی بەختیار پڕە لە فرمێسک...

دەموچاوی شازادە لە بەر مانگەشەوەکە ئەوەندە جوان بوو، کسپە لە جگەری پەڕەسێلکە هەڵسا. لێی پرسی:

-پێم ناڵێی تۆ کێیت؟

- شازادەی بەختیار!

-ئەی بۆچی ئەگرییت؟ خۆ منت بەتەواوی لە ئاو هەڵکێشا!

پەیکەرەکە وەڵامی دایەوە:

-ئەو سەردەمەی گیانم لەبەرا بوو، دڵی گۆشتینی ئادەمیزاد لە قەفەسی سنگما بوو، نەمئەزانی فرمێسک چییە. چونکە لە کۆشکە جوانەکەی سان ساوسی ئەژیام، کە خەفەت ڕایەی ناکەوێ پێی تێ بنێ. بە درێژیی ڕۆژ لە باغچەی کۆشکا، لەگەڵ بەردەستەکانم، بە یاری و گۆڵمەز ڕامئەبوارد. کە ئێوارەشم لێ ئەهات لە ساڵۆنی گەورە دەستم ئەکرد بە دانس هەتا دوای نیوەشەو... بە چواردەوری کۆشک و باغچەکەدا شوورایەک کێشرابوو لە دیواری بەرز. هەرگیز بە بیرما نەدەهات بپرسم لەودیو ئەم دیوارانەوە چی هەیە و چی نییە. هەرچیم لە دەوروپشت بوو ئەوەندە خۆش بوو، ئەوەندە جوان بوو، ئەوەندە تەواو بوو: بەردەستەکانم پێیان ئەوتم شازادەی بەختیار! بەڕاستیش، ئەگەر (بەخۆشی ژیان) جێگای بەختیاری بگرێتەوە، هەتا بڵێی بەختیار بووم... بەم چەشنە ژیام و بەم چەشنە مردم...ئێستا، کە مردووم، هاتوون لەم جێگا بەرزە پەیکەریان دامەزراندووم؛ بۆ ئەوەی بتوانم هەرچی کڵۆڵی و کوێرەوەری لە شارەکەمایە بە چاوی خۆم، بەئاسانی، تەماشای کەم. ئەمجا، ئەگەرچی ئێستا دڵم لە قوڕقوشم دروست کراوە، دیسانەوە خۆم پێ ناگیرێ لە گریان.

کە شازادەی بەختیار وتی دڵم لە قوڕقوشمە، پەڕەسێلکە لە دڵی خۆیا وتی: «چۆن؟... هەموو لەشی لە ئاڵتوونی ڕووت نییە؟» بەڵام ئەوەندە نیهادی پاک بوو، نەیەویست ئەم بیرەی خۆی بە دەنگی بەرز بدا بە ڕوویا.

پەیکەرەکە بە دەنگێکی نزمی شیرینی پڕ لە ئاوازە لەسەر قسە ڕۆیشت:

-لێرەوە ڕاست بڕۆی، هەر بڕۆی، لە کۆڵانێکی تەنگەبەرا ئەگەیتە ماڵێکی هەژارۆچکە. یەکێک لە پەنجەرەکانی کراوەتەوە. لەودیوی ئەو پەنجەرەیەوە ژنێکم چاو لێیە، بە دیار مێزێکەوە دانیشتووە، دەموچاوی ڕەقەڵە و ژاکاوە. دەستەکانی ئەوەندە نووکەدەرزییان پێیا چەقیوە زبر بوون و سوور هەڵگەڕاون. ئەم هەژارە دروومانکەرە. خەریکە گوڵەخەمانە بەسەر فستانی گوروونا دائەدوورێ، بۆ کەنیزەکی شەرەفی هەرەجوانی شاژن، کە لە ئاهەنگی ئەمجارەی کۆشکا لەبەری کات... لە سووچێکی ژوورەکەوە کوڕە بچکۆلانەکەی لەسەر نوێنی ناساغی کەوتووە. بەدەم تایەکی زۆر گەرمەوە بۆ پرتەقاڵ ئەگری. دایکیشی هیچ گومان نابا بیداتێ لە ئاوی چەم بەولاوە. کوڕەش بەدەم گڕی تاوە هەر ئەکڕووزێتەوە. پەڕەسێلکە! هۆ پەڕەسێلکە بچکۆلانە! وەرە پەڕەسێلکەی چاک بە یاقووتی مشتووی شیرەکەمی بۆ دەربێنە، بۆی بەرە... من خۆم پێم چەقیوە لە تەپڵەکی میلەکە، ماوەی بزووتنم نییە.

پەڕەسێلکە وتی:

-من لە کوێ ئەمپەرژێ؟ وا لەوێ، لە میسر، چاوەنواڕیم ئەکەن. هەموو هاوڕێکانم ئێستا گەیشتوونەوە میسر، خەریکن بەسەر نیلدا مەیدانی فڕین ئەنێنەوە؛ بەدیار گوڵە (لۆتس)ـەوە ئەخوێنن. نەختێکی تر لەناو گومەزی فیرعەونی گەورەدا خەویان لێ ئەکەوێ. فیرعەون خۆیشی لەوێیە؛ لەناو تەرمێکی نەخشینی ڕازاوەدا. سەرتاپای لەشی پێچراوە لە کەتانێکی زەرد. بە داوودەرمانی هەزار چەشنە لەشی مۆمیا کراوە. ملوێنکەیەکی بەردی گرانبەهای سەوزی کاڵی لە ملایە. دەستەکانی لە کفن هاتوونە دەر، ئەڵێی گەڵای وشک هەڵهاتووی درەختن.

شازادە دووبارە ڕووی لێ نایەوە:

-هۆ پەڕەسێلکە! پەڕەسێلکە بچکۆلانە! تاقە یەک شەو لای من گل ناخۆیتەوە، ئەم ڕابەرییەم بۆ بکەی؟ کوڕەکە ئێجگار تینوویەتی،دایکەش تا بڵێی پەرۆش و ماندوو!

پەڕەسێلکە وەڵامی دایەوە:

-باوەڕ ناکەم من چارەی مناڵم بوێ! هاوینی ڕابردوو، کە لە گوێ چەم ئەژیام، دوو مناڵی چەپخونی لێ بوو. کوڕی ئاشەوانەکە بوون، ڕۆژ تا ئێوارێ بەردەفڕکێیان لێ گرتبوومەوە. دیارە، خۆ نەیانئەتوانی پەڕێکم لێ لار بکەنەوە! ئێمەمانان کە پەڕەسێلکەین، باش ئەزانین لە کاتی پێویستا هەڵفڕین و خۆمان دوورخەینەوە. بەتایبەتی من لە خێزانێکم بە وریایی و چالاکی ناوی دەرکردووە. لەگەڵ ئەوەش لەبەرم گران بوو چونکە بۆنی سووک پیاڕوانینی لێ ئەهات.

بەڵام شازادەی بەختیار ئەوەندە کز و خەمگین دیار بوو، پەڕەسێلکە دڵی پێی سووتا، وتی:

-ئەگەرچی ئێرە زۆر ساردیشە، بەڵام قیروسیا، تاقە شەوێک لات ئەمێنمەوە، ئەم ڕابەرییەت بۆ ئەکەم.

شازادە وتی:

-سوپاست ئەکەم، پەڕەسێلکە بچکۆلانە!

بەم جۆرە پەڕەسێلکە یاقووتە گەورەکەی لە مشتووی شیرەکە دەرهێنا و گرتی بە دەنووکیەوە، بەسەر سەربانەکانی شارا دەستی کرد بە فڕین.

بەسەر بورجی کڵێسادا تێپەڕی کە پەیکەری فریشتەی سپیی زۆری پێوە بوو.

بەسەر کۆشکی شادا تێپەڕی، دەنگی ئاهەنگ و سەماکردنی بیست.

کچێکی جوان لەگەڵ دەزگیرانەکەی هاتنە دەرەوە بۆ ناو شانشینەکە. دەزگیرانەکە ڕووی کردە کچە وتی:

ئەستێرەکان چەن کاریگەر ئەجریوێنن! هێزی دڵداریش هێزێکی چەن کاریگەرە!

ئەوەی کچە لە وەڵاما وتی ئەمە بوو:

-هیوام هەیە جلە تازەکانم بۆ ئاهەنگی ئەم جارە پێ بگەن. ڕامسپاردووە نەخشێکی گوڵەخەمانە لە فستانەکەم بچنن. بەڵام ئاخ، لە دەست ئەم ژنە دروومانکەرانە، ئەوەندە سست و تەوەزەلن.

پەڕەسێلکە بەسەر زێدا تێپەڕی. جوولەکە پیرەکانی دی بە گژ یەکا ئەچوون؛ بە تەرازووی مس پارەیان ئەکێشا...

لە پاش ئەمانە هەموو، گەیشتە ماڵە هەژارۆچکەکە. چاوێکی پیا گێڕا: کوڕەکە بەدەم تاوە ئەتلایەوە. ژنەکەش بەدیار مانوویەتی و کوێرەوەرییەوە خەو بردبوویەوە. پەڕەسێلکە خۆی کرد بە ژوورا و، گەوهەرەکەی لەسەر مێزەکە، لە تەنیشت ئەموستیلەی دروومانی ژنەکەوە، دانا. ئەمجا نەرمێک، بە دەوروپشتی جێگای کوڕەکەدا، دەستی کرد بە فڕین؛ بە باڵە بچکۆلەکانی دەموچاوی باوەشێن ئەکرد. کوڕەکە لەبەر خۆیەوە وتی: «هەست بە فێنکییەکی زۆر ئەکەم؛ ئەبێ تایەکە بەری دابم!» ئەمەی وت و کەوتە وەنەوزێکی شیرین.

لەپاشا پەڕەسێلکە گەڕایەوە بۆ لای شازادەی بەختیار؛ چیی کردبوو

بۆی گێڕایەوە. لە پاشانا وتی:

-زۆر سەمەرەیە! هەوا هەتا بڵێی ساردە، کەچی هەست بە گەرمایەکی تەواو ئەکەم لە لەشما.

شازادە وتی:

-ئەوە چونکە کردەوەی جوانت کردووە!

ئیتر پەڕەسێلکە دەستی کرد بە لێکدانەوە و، لەپڕ، خەوی لێ کەوت. لێکدانەوە هەمیشە خەواڵووی ئەکرد!

کە ڕۆژ بووەوە فڕی بۆ سەر زێ، لەوێ دەستی کرد بە مەلە کردن. مامۆستای پسپۆڕی باڵدارناسی لەسەر پردەکەوە تێئەپەڕی. لەگەڵ چاوی بە پەڕەسێلکە کەوت وتی:

-حەی لەم سەمەرەیە! پەڕەسێلکە و زستان؟...

بەپەلە چوو وتارێکی درێژی لەسەر ئەم بابەتە ڕەش کردەوە. کەس نەما نەیخوێنێتەوە. ئەوەندە وشەی ڕەق ڕەقی بێگانەی تیا بوو، کەس تێی نەگەیشت...

پەڕەسێلکە لەبەر خۆیەوە ئەیوت: «ئیمشەو ئەچم بۆ میسر!»

بە هۆی ئەم نیازەیەوە ڕووناکییەکی زۆری لە دڵا بوو. ئەو ڕۆژە سەری لە هەموو جێگا گەشتەکانی ناو شار دا. تاوێکی درێژ بەسەر لووتکەی قوللەی کڵێساوە نیشتەوە. بە هەر لایەکا ئەچوو، چۆلەکەکان ئەیانجریوان: «ئەمە بێگانەیەکی چەن ماقووڵە!» ئەویش بە بیستنی ئەم قسانە دەماخێکی بەرزی پەیدا ئەکرد.

کە مانگ بەرز بووەوە لە ئاسۆ، گەڕایەوە بۆ لای شازادەی بەختیار،

پێی وت:

-هیچ ڕاسپێریت نییە بۆ میسر؟ ئەوا ئێستا ڕێ ئەکەوم!

شازادە وتی:

-هۆ پەڕەسێلکە، پەڕەسێلکە بچکۆلانە! تەنیا یەک شەوی تر نامێنێتەوە؟

پەڕەسێلکە وەڵامی دایەوە:

-لە میسر چاوەنواڕیم ئەکەن. سبەینێ هاوڕێکانم ئەچن بۆ تاڤگەی دووەم. لەوێ ئەسپی ئاوی لەناو زەلی گوێ چەما ڕاکشاوە. لەوبەریشەوە پەیکەری مەمنوون بەسەر تاشەبەردێکی گەورەوە ڕاوەستاوە، بە درێژیی شەو سرنج لە ئەستێرەکان ئەدا. هەرچەن ئەستێرەی ڕۆژ هەڵدێ، ناڵەیەکی شادمانی لە پەیکەر بەرز ئەبێتەوە، ئیتر دووبارە بێدەنگی دایئەگرێ... لە نیوەڕۆیانا شێرە زەردەکان دائەپەڕنە گوێ چەم بۆ ئاو خواردنەوە. چاویان ئەڵێی گەوهەری سەوزی گەورەیە. نرکەیان تەنانەت لە نرکەی تاڤگەش بەرزترە.

شازادە دووبارە وتی:

-هۆ پەڕەسێلکە، پەڕەسێلکە بچکۆلانە! ها... ها... لەوپەڕی شارەوە، نووسەرێکی لاو ئەبینم لە ژووری سەربانی ئۆتێلێکا. سەری شۆڕ کردۆتەوە بەسەر مێزێکا کە پڕە لە کاغەز. لە پەرداخێکا چەپکێک وەنەوشەی سیسی لای خۆیا داناوە. قژەکانی کاڵە و بەسەر یەکا لوولیان خواردووە. لێوی وەکوو دەنکی هەنار ئاڵە. چاوەکانی گەورە و خەیاڵدارانەن، خەریکە چیرۆکێکی تەماشا دابنێ بۆ مودیری تیاترۆ.

کرد و کۆشی ئەوەیەتی زوو تەواوی کات. بەڵام زۆری سەرمایە؛ لە وزەیا نەماوە ئیتر لە نووسین بڕوا. ئاگردانەکەی ساردوسڕە وەک دەمی مردوو! ئەوەندەش ناوسکی خاڵییە خەریکە لە برسانا ببوورێتەوە.

پەڕەسێلکە لە ڕووی ڕاستییەوە خاوەندی دڵێکی باش بوو، وتی:

-چش... شەوێکی تریشت بەدیارەوە دائەنیشم! ئەڵێی چی، یاقووتێکی تریش ببەم بۆ ئەو نووسەرە لاوە؟

شازادە وتی:

-داخەکەم یاقووتی تر گومان نابەم! ئەوەی من ماومە لە دارایی دنیادا، ئەم دوو چاوەیە کە لە پیرۆزەی نایاب دروست کراون. هەزار ساڵێک لەمەوپێش لە هندستانەوە هێنراون. یەکێکیان دەربێنە بۆی بەرە. ئەتوانێ بیفرۆشێ بە گەوهەرفرۆش، بەم چەشنە ئاگرودوو بۆ خۆی پێکەوە بنێ و، لەسەر نووسینی چیرۆکەکەی بڕوا.

پەڕەسێلکە بەپەرۆشی وتی:

-شازادەی نازدار! ئەمە بە من ناکرێ...

ئیتر خۆی پێ نەگیرا دەستی کرد بە گریان!

شازادە وتی:

-هۆ پەڕەسێلکە، پەڕەسێلکە بچکۆلانە! من چیت پێ ئەڵێم بە گوێم بکە!

پەڕەسێلکە ناچار بوو چاوی شازادەی بەختیاری هەڵکۆڵی و بەرەو ئاقاری ژووری نووسەرە لاوەکە باڵی گرتەوە. زۆر ئاسان بوو بۆ

پەڕەسێلکە خۆی بگەیەنێتە ناو ژوورەکە، چونکە بنمیچەکە کۆنێکی گەورەی تیا بوو. کە خۆی پیا کرد و لەناو ژوورەکەدا دەستی کرد بە چەرخە، کوڕەکە سەری نابووە ناو هەردوو دەستی، هیچ ئاگای لە فڕەفڕی باڵەکانی نەبوو.

کاتێ سەری هەڵبڕی، تەماشای کرد پیرۆزەیەکی نایاب لای وەنەوشە سیسەکەوە دانراوە، لە خۆشییانا قیژانی وتی:

-ئای... ئەوەتا، نرخی نووسینەوەکانم دەرکەوت! خوا ئەزانێ ئەمە دیاریی کام پەسەندگەری گەورەمە!... ئیتر ئەتوانم بە ئاسانی نووسینەکەم تەواو کەم.

ئیتر نووسەری لاو بەتەواوی شادمان دیار بوو!

ڕۆژی دوایی پەڕەسێلکە باڵی گرتەوە، چوو بۆ بەندەری شارەکە، بەسەر پۆپەی دیرەکی کەشتییەکی گەورەوە نیشتەوە. دەستی کرد بە تەماشاکردنی کەشتیوانەکان کە خەریک بوون سندووقی گەورە گەورەیان بە گوریس لە عەمار ئەکێشایە دەرەوە، هەرچەن سندووقێک سەرئەکەوت بانگەوازی «بەلەم بێنن!» بەرز ئەبووەوە.

پەڕەسێلکە قیڕانی «خەریکم بچم بۆ میسر!» بەڵام کەس گوێی نەدایە. لەپاشانا مانگ هەڵهات، ئەویش گەڕایەوە بۆ لای شازادەی بەختیار وتی:

-هاتووم ماڵاواییت لێ بخوازم!

شازادە لە وەڵامیا وتی:

-هۆ پەڕەسێلکە، پەڕەسێلکە بچکۆلانە! تاقە شەوێکی ترم لا بەند

نابی؟

پەڕەسێلکە وتی:

-ئەوا زستان هات. بەفر و سەرما هاکا پەیدا بوو. لە میسر، هەتاوی سەر دارخورمای سەوز گەرموگوڕە. تیمساحەکانیش لەناو لما لێی ڕاکشاون، تەمەڵ تەمەڵ تەماشای دەوروپشتی خۆیان ئەکەن. هاوڕێکانم ئێستا لە گومەزەکەی بەعلەبەک هێلانەی خۆیانیان دروست کردووە. کۆتری سوور و سپی سرنجیان لێ ئەدەن و بەسەر یەکترا حاقوو ئەکێشن... شازادەی خۆشەویست! هیچ چارەم نییە ئەبێ بەجێت بێڵم. بەڵام ئەوە بزانە هەرگیز لە بیرم ناچی. ئەم بەهارەش،کە گەڕامەوە، بەڵێن بێ دوو گەوهەری نایابت بۆ بێنم، لەباتی ئەو دووانەی کە بەخشیوتن. یاقووتەکەیان ئەبێ لە گوڵەباخی ئاڵ ئاڵتر بێ، پیرۆزەکەش ئەبێ ئەوەندەی دەریای گەورە شین بێ...

شازادەی بەختیار وتی:

-بڕوانە! لەو مەیدانەی لای خوارەوە کچە بچکۆلانەیەکی شقارتەفرۆش وەستاوە. شقارتەکانی لە دەست کەوتۆتە ناو جۆگەی ئاوەکە، هەموو بەجارێک خراپ بوون. ئەگەر شقارتە، یان دراو نەباتەوە بۆ ماڵەوە باوکی ئەشکەنجەی ئەکا. ئەوەتا لە ترسانا هەنسکە هەنسک ئەگری. هەژارە، گۆرەوی و پێڵاوی لە پێدا نییە. سەر و قژە بچکۆلانەکەشی ڕووتە. وەرە، چاوەکەی تریشم هەڵکۆڵە بۆی بەرە با باوکی دارکاریی نەکا!

پەڕەسێلکە وتی:

-باشە، شەوێکی تریش ئەمێنمەوە لات. بەڵام بە من ناکرێ چاوەکەی ترت هەڵکۆڵم. خۆ ئێجگاری لە بینایی ئەکەوی!

شازادە وتی:

-هۆ پەڕەسێلکە چاوەکەی تری شازادەی هەڵکۆڵی و، پیرۆزە بە دەنووکەوە، سەر بەرەو خوار بۆی کشا. کە گەیشتە کچە، لە عاستی سەری داهاتەوە و، پیرۆزەی بەردایەوە ناو بەری مستی. کچە لە خۆشییانا قریوەی لێ بەرز بووەوە: «ئا...ی، مووروویەکی چەن جوانکیلانەیە!» بە خۆشی خۆشی هەتا ناو دەرگای ماڵەوە ڕای کرد. دوایی پەڕەسێلکە گەڕایەوە بۆ لای شازادەی بەختیار. ڕووی تێ کرد پێی وت:

-خۆ تۆ ئێستا بێچاو کەوتووی، کە وا بوو ئیتر من ببڕای ببڕ ناتوانم بە جێت بێڵم!

شازادەی هەژار وتی:

-نەء، نەء، پەڕەسێلکە! پێویستە نەوەستی، بچیتەوە بۆ میسر!

پەڕەسێلکە وتی:

-بێسوودە... هەتا مردن لەگەڵتم!...

ئیتر لە بەرپێی شازادەدا هەڵنیشت و خەوی لێ کەوت.

بە درێژیی ڕۆژی دوایی بەسەر شانی شازادەوە نیشتەوە، سەرگروشتەی ئەو وڵاتە سەمەرانەی بۆ گێڕایەوە کە لە گەشتە زۆرەکانیا دیبوونی:

باسی قەتارە قوڵنگی بۆ گێڕایەوە، کە بە ڕیزی درێژ درێژ، لە گوێ چەمی نیل وەستاون، ماسیی شیلانیان بە دەنووکەوەیە.

باسی ئەبولهەول (باوەترسە): کە عومری ئەوەندەی عومری دنیا خۆی درێژە... کە لەناو بیابانێکی کاکی بە کاکیدا ئەژی... کە هەرچی زانستی دنیا هەیە لە سنگیایەتی.

باسی ئەو بازرگانانە کە لەسەرخۆ، لەتەنیشت حوشترەکانیانەوە ئەڕۆن و تەسبیحی کارەبایان بە دەستەوە گرتووە.

باسی شای شاخەکانی مانگیش، کە ڕەنگی پێستی وەکوو ئابنووس ڕەشە؛ لەباتی خوا ئەژدیهایەکی سەوز ئەپەرەستێ، کە لەناو قڕۆڵی دارخورمادا پەپکەی خواردووە و، دوانزە پیر هەمیشە خەریکن کولیچەی هەنگاویناوی ئەکەن بە دەمیا.

باسی ئەو بستەباڵایانەش، کە بەسەر گەڵای پان پانەوە لە گۆمێکی گەورە ئەپەڕنەوە؛ هەمیشە لە جەنگ و نەبەردان لەگەڵ لەشکری پەپوولە...

شازادە پێی وت:

- پەڕەسێلکە بچکۆلانەی خۆشەویست! ڕاستە، تۆ باسی کاریگەرم بۆ ئەگێڕیتەوە، بەڵام لە ڕووی زەویدا لە هەموو شت کاریگەرتر داماویی ئادەمیزادە. کام نەگبەتی هەیە بگاتە هەژاری؟ ئێستا ئەمەوێ بچی، بەسەر شارەکەما بسووڕێیتەوە، هەرچیت بەرچاو کەوت، بێیت بۆم بگێڕیتەوە.

پەڕەسێلکە کەوتە سووڕانەوە بەسەر شاردا. دەستەڵاتداری دی لە کۆشکە جوانەکانا ئاهەنگیان ئەگێڕا، لات و هەژارەکانیش لەبەر دەروازە گەورەکان هەڵتووتابوون. بە کووچە تاریکەکانا گەڕا، مناڵانی برسیی چاو پێ کەوت، ڕەنگیان زەرد هەڵگەڕابوو، لاواز لاوازێک بۆ کۆڵانە ڕەشەکەیان ئەڕوانی. لەژێر کەمەرێکی بن ـ وشکی پردەکەدا دوو مناڵی بچووکی دی، لە باوەشی یەکتریدا ڕاکشابوون، خۆش خۆش خۆیان بە یەکترەوە ئەنووسان بەڵکوو نەختێک گەرمیان بێتەوە؛ سەرەڕای ئەو حاڵەش بە یەکتریان ئەوت: «بەخوا من زۆرم برسییە!». چەرخەچیی گەڕەکیش لەولاوە ئەیانقیڕان بەسەریانا: «لەوێ مەنوون، قەدەغەیە!». مناڵە هەژارەکان بەم جۆرە ناچار ئەبوون، بەو شەستووڕەهێڵەی بارانە، هەڵسن و ڕاکەن، بەناو کۆڵانە تاریکەکانا تەفروتوونا ببن!

پەڕەسێلکە گەڕایەوە بۆ لای شازادە، چیی دیبوو، هەمووی بۆ گێڕایەوە. شازادە وتی:

-وەکوو ئەبینی زێڕێکی باشم لە لەش گیراوە. پێویستە گەڵا گەڵا بیکەیتەوە، بیبەی بۆ هەژارەکانم! گیانلەبەرەکان وا ئەزانن پیاو بە ئاڵتوون بەختیار ئەبێ!...

بەم چەشنە پەڕەسێلکە گەڵا لەپاش گەڵا ئاڵتوونی لە لەشی شازادە کردەوە، بردی بۆ هەژارانی شار. مناڵەکان هەموو سەرکوڵمیان ئاڵ هەڵگەڕا. لە کۆڵانەکانا دەستیان کرد بە یاری کردن و پێکەنین. هەندێکیان ئەیانقریوان ئەیانوت: «ئۆخەی! ئۆخەی! نانمان هەیە.»

لەپاش چەن ڕۆژێک بەفر هێرشی هێنا، لەپاش بەفریش بەستەڵک دەستی پێ کرد. کۆڵانەکان ئەتوت سەرتاپا لە زیو گیراون، بریسک و هوڕ ئەدرەوشانەوە. چلوورە وەکوو خەنجەری بلوور بە پاسارەکانا هاتبووە خوارێ. خەڵقی هەموو لە توێی جلی کورکا هاتوچۆیان ئەکرد. مناڵە وردکە کڵاوبۆرکەی سووریان لەسەر کردبوو، بەسەر سەهۆڵا خۆخلیسکێنەیان ئەکرد.

پەڕەسێلکە هەژارە بچکۆلە، هەتا ئەهات سەرما کەسیرەی ئەکرد. بەڵام هەرگیز بە بیریا نەدەهات شازادە بەجێ بێڵێ؛ ئەوەندە لە قووڵایی دڵەوە گیرۆدەی بووبوو. جارجار ئەچوو، لەبەر دووکانی نانەوا، پرزۆڵە هەویری ئەچنییەوە قنیاتی پێ ئەکرد. ئەویش لە کاتێکا، باشتر بەرگەی سەرماوسۆڵە بگرێ، هەتا ئەیتوانی باڵە بچووکەکانی بۆ بەر سنگ شۆڕ ئەکردەوە.

لە پاشانا لێی ئاشکرا بوو کە ئیتر چارە نەماوە ئەبێ بمرێ. ئەوەندە گوڕ تیا مابوو خۆی بگەیەنێتەوە لای شازادە. چوو، بەسەر شانیەوە نیشتەوە. بە نووزەیەکی بێهێز وتی:

-خوات لەگەڵ، شازادەی نازدار! دەستوور هەیە دەستەکانت ماچ کەم؟

شازادە وتی:

-شادمانم، کە ئەبینم ئەچیتەوە بۆ میسر، پەڕەسێلکە بچکۆلانە. لێرە ئێجگار درەنگت بەسەر هات. بەڵام ئەبێ لێوم ماچ بکەی، چونکە تۆ خۆشەویستی تەواومی!

پەڕەسێلکە وتی:

-ئەو شوێنەی بۆی ئەچم میسر نییە، ئەچم ماڵی مەرگ! مەرگ براگەورەی خەو نییە، بەڕاست؟...

ئەمجا دەنووکی برد لێوی شازادەی ماچ کرد... ئیتر گیانی دەرچوو لە بەر پێیا کەوت!

لە هەمان کاتا قرچەیەکیش لە دەروونی پەیکەر هەڵسا؛ وەک شتێکی ڕەق بشکێ. ڕاستییەکەش ئەوە بوو دڵە قوڕقوشمینەکەی لە ناوەڕاستا بووبوو بە دوو کەرتەوە. پیرە بەستەڵەک ئەوەندە سەخت و کاریگەر بوو.

بۆ سبەینێ زوو، سەرەکی شارەوانی لەگەڵ ئەندامەکانی مەجلیسی شارەوانی بە شەقامەکانا ئەگەڕا، کە گەیشتە بنکی پەیکەرەکە سەرێکی هەڵبڕی تەماشای پەیکەری کرد. لەبەر خۆیەوە بە دەمیا هات:

-پەنا بە خوا! شازادەی بەختیار ئێسکی چەن گران بووە!...

ئەندامەکان، کە پیشەی بەرودوایان بە گەردنا کێشان بوو بۆ فەرمایشتی سەرەک، هەموو بەجارێک وتیان:

-بەڕاستی ئێسکی گرانە!

دوای ئەوە سەریان هەڵبڕی و تەماشای پەیکەرەکەیان کرد. سەرۆکی شاررەوانی لەسەر قسە ڕۆیشت:

-یاقووتی شیرەکەی کەوتووە، هەر دوو چاوی دەرهاتووە، لەشی ئێستا زەڕکەفت نییە. بە ئاستەم لە گەدای ماڵەوماڵگەڕ پۆشتەترە.

ئەندامەکان هەموو بەجارێک وتیان:

-بەڵێ، بەڵێ! بە ئاستەم لە گەدای ماڵەوماڵگەڕ پۆشتەترە!...

سەرۆک دووبارە دەستی کردەوە بە قسە:

-ئەمەش باڵدارێکی مردارەوەبووە لە بەرپێیا. ئێمە پێویستە بڕیارێک بڵاوبکەینەوە: باڵدار نابێ لەم شوێنەدا بمرێ!.

نووسەری مەجلیسی شارەوانی گورج ئەمەی لای خۆی نۆت کرد. دوای ئەوە پەیکەری شازادەی بەختیاریش هەڵگیرا. پرۆفیسۆری هونەری جوان لە جامیعە وتی:

-مادام جوانیی تیا نەماوە کەڵکیشی پێوە نەماوە!

ئەمجا هێنایان پەیکەرەکەیان خستە بۆتەوە. سەرۆکی شار کۆمەڵێکی گەورەی کۆکردەوە کە بڕیار بدەن مەعدەنی ئەم پەیکەرە چیی لێ بکرێ. بە کۆمەڵەکەی وت:

-خۆ دیارە، ئەبێ لەم مەعدەنە پەیکەرێکی تر دروست بکەینەوە. کە وا بێ، ئەگەر هەمووتان لاتان باشە با بڕیا بدەین بکرێتەوە بە پەیکەر بۆ... من!

ئەندامەکان هەر کەسە لە عاستی خۆی وتی:

-بۆ من! بۆ من!

ئیتر لەناو خۆیان لێیان بوو بە دەمقاڵ. هەتا ئەو دوا قسەی من لێم بیستن دەمقاڵ هێشتا لە گەڕا بوو بە گەرمی.

سەرکاری کرێکارەکانی کارگایش ئەیوت:

-ئەمە شتێکی چەن سەمەرەیە؟ دڵە قوڕقوشمە شکاوەکە لە بۆتەدا

ناتوێتەوە. چیی لێ بکەین؟ چارە نییە ئەبێ فڕێی دەین!

بەم چەشنە دڵی شازادەی بەختیار فڕێ درایە ئەو سەرەنوێلکە، کە لاشەی پەڕەسێلکەکەی لێ کەوتبوو.

خوای گەورە فەرمانی دا بە فریشتەیەک وتی:

-بچۆ، بەناو ئەو شارەدا بگەڕێ دوو شتی هەرە بەنرخم بۆ بدۆزەوە، بۆم بێنە:

فریشتە دڵە قوڕقوشمەکە و لاشەی پەڕەسێلکەکەی هێنا.

خوای گەورە بە فریشتەی فەرموو:

-دەست خۆش! چاکت هەڵبژارد. پەڕەسێلکەکە پێویستە ئاوازەی خوێندنی هەرگیز لە باغچەی بەهەشت نەبڕێ. جێگای شازادەی بەختیاریش ناوەڕاستی کۆشکە ئاڵتوونەکانی بەهەشتە؛ لەوێ هیچ خەمی لە بەر نەبێ،هەر شاد بێ و سپاسی کردگای خۆی بکات!