ئەگەر بێ پەرچەمی ئاڵۆز و شێواوت لە ڕووت لاچێ

ماچی شیرین پێنج خشتەکی لەسەر شیعری هێمن
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  1240 بینین
ئەگەر بێ پەرچەمی ئاڵۆز و شێواوت لە ڕووت لاچێ
خەم و دەرد و پەژارەم دوور نییە بڕوا لەگەڵ باچێ
دەزانی خۆشەویستیت بۆ لە دڵ چەسپاوە دەرناچێ
بە منداڵی لە لێوی ئاڵی تۆم ئەستاندووە ماچێ
بە پیریش لەززەتی ئەو ماچە شیرینەم لە بیر ناچێ!
ئەوەندەم شین و زاری کرد نەبوو دڵسۆزێ لەو شارەی
کە ڕزگارم بکا ڕۆژێ لە دەست ئەم ئێش و ئازارەی
گوتی پێم ئاشنایەک ڕۆژی ئەوەڵ تۆ سیا چارەی
بە سەد دکتۆر و دەرمان و پەرەستار ناکرێ چارەی
کەسێک تیری مژۆڵی ئەو کچە کوردەی لە دڵ ڕاچێ
ڕەفیقان لێم مەپرسن بۆ چی وا شێواو و ئازوردەی
لە داخی چی کە ڕووم کردۆتە ئەم دەشت و کەژ و هەردەی
بە گەنجی لۆمەکاریم بۆ دەکەن سەیر بکە لەم دەردەی
دەکا گیرۆدەتر پیرانی دڵ تەڕ ئەو کچە کوردەی
بچێتە مەکتەب و بسکی بە مۆدەی تازە هەڵپاچێ!
ئەمن باکم نییە هەرچەند لە ناو دەریایی غەم غەرقم
لە مەکتەب ڕۆژی ئەوەڵ دەرسی دڵداری بوو سەرمەشقم
ئەگەر ئێستا دەپرسی لێم لە بەر چی پەست و بێ شەوقم
خەم و دەردی زەمانە پیری کردم، وشک و بێ زەوقم
کە شاعیر وشک و بێ شۆر بوو لە ناو خەڵکی دەبێ لاچێ
لە ڕۆژێکا ئەتۆم دیت خستمە بەر گوێت ئێش و ئازارم
گوتم: گیانە دەمێکە من بە دەردی وا گرفتارم
بە هیچ کەس ناکرێ چارەی ئەگەر خۆت نەبیە خەم خوارم
لە گۆشەی بێ کەسیدا ئێستە وا دڵ تەنگ و خەمبارم
نییە باکم ئەگەر ماڵم بە جارێکی بە قوڕ داچێ
لە چەرخی ڕۆژگاردا سەر نزم ناکا ئەوەی مەردە
لە سەد کۆشک و تەلار خۆشتر لە لای ئەو ناو کەژ و هەردە
جیاوازیی چییە بۆ ئەو هەوا گەرمە وەیا سەردە
بەشی کوردێکی زانا لەم وڵاتە مەینەت و دەردە
ئەوەی نەتویست بڵێ ڕەببی بە دەردی کوردی زانا چێ
ئەوەی زانایە دامایە لە هەست و فیکری تۆ هێمن
لە ناو کۆڕی ئەدیبان دێتە مەیدان زیکری تۆ هێمن
لە لای عەونیناسناوی ئەدەبی بە نرخە وردە کاری بیکری تۆ هێمن
لە ناو بازاڕی ئەوڕۆ کەی ئەدەبدا شیعری تۆ «هێمن»
وەکوو پووڵی چرووکە هیچ ڕەواجێکی نییە و ناچێ!