دەنووسم نامە بۆ یارم بڵێ بادی سەبا بیبا

گڵینەی شاعیر پێنج خشتەکی لەسەر شیعری هێمن
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  1041 بینین
دەنووسم نامە بۆ یارم بڵێ بادی سەبا بیبا
نیشانەی بەختیاریم بوو، ئەگەر وا زوو جوابی با
چ خۆش بوو گوێم لە ڕەخنەگرتن و ناز و عیتابی با
ئەگەر خەرمانی عومرم ئێستەکانە پاکی با بیبا
بە مەرگی تۆ مچوڕکێشم بە لەش دانایە با بیبا
ژیان تاڵاوی مەرگی پێ چەشاندم لەم نەهاتەیدا
یەکەم ڕۆژی ژیانم سەر نەکەوتم لەم خەباتەیدا
بەڵێ کاکی هونەرمەند ڕاستی فەرموو لەم شکاتەیدا
هونەر گەر خۆی پەرێشانی نەبایە لەم وڵاتەیدا
بەشی من بۆ دەبوو چارە ڕەشی و خانە خەرابی با
نەزانی و بەد ڕەوشتی و خوو خراپی باوی سەند ئێستا
کەسێکی کارزان و ژیر و زانا بوو لە ڕێی وەستا
نەگۆڕا ڕۆژگار شێوەی لە ڕابردوو هەتا ئێستا
لە کوێ حاڵی من و تۆ وا دەبوو ئەی خۆ پەرەست ئێستا
ئەگەر دنیا ئوسووڵ و قاعیدە و نەزم و حسابی با!
دەبێ کڕنووش بەرم کاتێ بەیان هات بۆ برۆی تاقی
بڵێم ئەی نازەنینی شۆخ و شەنگ مەشهووری ئافاقی
تکا کارم لە کووپەتدا ئەوەندەی ماوە مەی باقی
بە جامێ بادە تێر نابم ئەگەر مەیلت هەیە ساقی
گڵینەی خۆم دەنێرمە خزمەتت بۆم تێ کە با بیبا
دەزانم پێشەوای ئایین و ئەخلاقی جەنابی شێخ
لە زیکری خانەقا مەشهووری ئافاقی جەنابی شێخ
لە پاش زیکر و دووعا گەر وەختێ ما باقی جەنابی شێخ
وەبەر من نایەڵێ لێرەش مەی و ساقی جەنابی شێخ
دەنا لەو لا شەراب و حۆری با هەر بۆ جەنابی با
گەرەکتە ژین و خۆشبەختی دەبێ دژ بی لەگەڵ هەستی
ژیانت خۆش دەبێ نایێتە لات ڕۆژی خەم و پەستی
لە دەس خۆتی مەدە ئەم دەرفەتە مەنوێنە قەت سستی
هەموو عومری ئەبەد تێیدا نییە خۆشی دەمی مەستی
خدر ئاوی حەیاتی بۆ چ بوو؟ فێری شەرابی با!