لە ڕێی دڵداریا ژینم بە با ڕۆیی بە نامرادی

مەهابادی
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  1044 بینین
لە ڕێی دڵداریا ژینم بە با ڕۆیی بە نامرادی
لە شوێن یارا وەکوو شێت کەوتمە دەشت و کەژ و وادی
لە دەستی چارەنووس خۆشیم نەدیوە غەیری نا شادی
لە بەر جەوری کەسێکی کۆیی بێزار بووم بە بێ دادی
فەلەک خستمیە بەردەست چاو جوانێکی مەهابادی
کە یار ویستی گوزەر بێنێ لە ڕێیدا کەوتمە بەر پێی
نیازم بوو کە دەرفەت بێ نهێنی دڵ بپرسم لێی
منی دیت تووڕە بوو فەرمووی لە ڕێگام لاکەوە تۆ کێی
کە لێی دام غەمزەیێیکی خستمی هەستام وەهام گوت پێی
کچی کورد ئافەرین بۆ تۆ کە چالاکی لە سەیادی
لە نەیڕەنگی زەمان و دوو ڕوویی ئەم خەڵکە تێ ماوم
هەتا دوێنێ چ بوو ئیمڕۆ چییە من بۆیە تاساوم
گوتم: نابێ لە ڕێگای ڕاستی خۆم لا دەم هەتا ماوم
گوتی: هەر کەس کە کەوتە بەند و داوی پەرچەمی خاوم
مەحاڵە بەر ببێ نابێ بکا قەت بیری ئازادی
بە لەیلایی کە دوبەر دەست و پێی بەستم وەکوو مەجنوون
بە شیرینی کە پیشەی کردمە هەڵکەندنی بێستوون
گوتم: قوربان چییە ئەم عالەمە وا دیل و بەندی توون
لە کوردستان نەبوو سیحر و تەلیسم و جادوو ئەفسوون
لە کوێ فێر بوویی شۆخی و دولبەری وا هێندە ئوستادی
بە ناز وناسکی شۆخی هونەرکاری دڵی بردم
بە غەمزەی چاوی فەتتانی لە سەد لا جەرگی لەت کردم
لە کەم هەستی و بە دڵ پاکی منی دیت تێگەیشت کوردم
بە شێوەی شیرنی تۆقی ئەڤینی خۆی لە مل کردم
منیش وا لێ بڕاوم بێنمە دی ئاکاری فەرهادی
نە پێویستم بە دارایی و نە هیوام تەختی دارایە
نە مەیلی بەزمی جەمشید و نە دڵخۆشیم تەمەننایە
لە کۆڕی ئێمە شینە گریەیە ڕۆ ڕۆیە غەوغایە
ئەمن مەجنوونم و زنجیری ئەستۆم زولفی لەیلایە
ئەگەر مەیلی ببێ یا خۆ نەبێ من هەر دەکەم یادی
لە یەک ڕەنگی گومانم بوو کە چی ئەم چەرخە سەد ڕەنگە
گوڵاڵە ڕەنگی سوورە چونکە خوێناوی دڵ و جەرگە،
لە باوە بەد ڕەوشتی، چاکە ئێستا شوورەیی و نەنگە
لە دووری تۆیە عەونیناسناوی ئەدەبی کەوتووە وا چاوەڕێی مەرگە
کە نەت بیست چاوەکەم جارێ چریکە و داد و فەریادی