بەدڕەوشتی و ناجوانمەردی چ زوو ساندی ڕەواج

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  857 بینین
بەدڕەوشتی و ناجوانمەردی چ زوو ساندی ڕەواج
گەر لە بۆ نانیش نەبێ هەر باوە ڕوو کردن لە ساج
زۆر جیاوازی لە ئێستا و دەوری ڕابردوو هەیە
تاج لە بۆ سەر بوو، بەڵام ئێستاکە هەر بۆ پێ یە تاج
ئەو کەسە دوێنێکە داوای تەختی پاشایی دەکرد
ئیمڕۆ سەد کڕنووش دەکێشێ، بیکەنە مەئمووری باج
پێ لە سەر نان و جوێندانت بە زانا یانی خۆت
تف لە خۆ کردنە وەک لەعنەتی راهیب لە خاچ
هێند بە نەرمی وا سەری خۆی نایە ژێر پێی دوژمنی
قەت لە بازاڕ نافرۆشن شت پوولی ناڕەواج
ڕووکەشی پاقڵ بکا وەستا مەحاڵە ببتە زێڕ
ئەو کەسە نامەردە هەر نامەردە بچتە بورجی عاج
کۆنە بارگیر چۆن دەبێتە ئەسپی تازی ئەی نەزان
ڕەخت و زین هەر چەند بگۆڕێ چی دەکا وەستای سەراج