لە سی مارتی چل و حەوتا
شین بۆ پێشەوا
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
2 خولەک
1048 بینین
لە سی مارتی چل و حەوتا
لە چەپ گەردی چەرخی چەوتا
لە مهاباد لە چوارچرا
داری بێ دادی هەڵکرا
ئەو دارەی پێش نیوەشەوا
وەستا لە ژێریا پێشەوا
گوتی: ئێسا دەڵێم کوردم
لە رێی ئازادی کورد مردم
شەوێکی پڕ تاسە و خەم بوو
لە کوردستانا ماتەم بوو
شین بوو، ڕۆڕۆ بوو فەریاد بوو
بۆ پێشەوای مەهاباد بوو
لە مێژووی کوردا ئەم شەوە
! هەتا ئەبەد ناسڕێتەوە
! مێژووی کوردی پڕ کرد لە قین
بەرامبەر زۆرداری لەعین
ڕۆژێک دێت کورد هەڵمەت بەرێ
تۆڵەی لە دوژمن وەرگرێ
هەزارانی وەک پێشەوا،
خوێنیان ڕژا بە ناڕەوا!
کورد ناترسێنێ سێدارە،
کرداری دەستی زۆردارە!
هەر دەبێ زۆردار کەساد بێ
زۆر لێ کراویش ئازاد بێ
کورد دەبێ بۆ خۆی هۆشیار بێ
نابێ لە کەس هیوادار بێ
دەبێ زانا و هونەرمەند بێ
لە زانستا دەوڵەمەند بێ
پێشەوای کورد بە بێ ترسان
کردیە ملی پەتی خنکان!
لە دوا هەناسەی پێش مەرگی
ئەمەی فەرموو بە دڵ تەنگی:
بۆ شۆرەوی شوورەیی بوو
ئێمە هیوامان بەوی بوو
لە مهابادی ئازادا،
کە هیوای کوردی بە بادا!