یاری من سەرو قەدە، ڕووی گوڵە، لێو قرمزییە

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  1188 بینین
یاری من سەرو قەدە، ڕووی گوڵە، لێو قرمزییە
چاوی باز، لەنجە کەوە، ڕەوت و ڕەوی مامزییە
سەیری ئەم دیمەنە شیرینە سەر و گەردەن و مل
تاسی زێڕی لەسەرە دوگمە و دەرزی لە زییە
بازنی زیوو مەچەک دەستی سپی مووسایە
کێوی توورە بەدەنم بەردی سووتاو ڕزییە
خوا بیپارێزی لە دەستی دز و بەدکار و حەسوود
ئەژدهای گەنجینەیی حوسنی دوو ماری کەزییە
چەمەن ئارابوو بە خەندەی گوڵ و ئاوازی هوزار
پەست و خەمبارە بنەوشە بەشی ئەو سەری کزییە
لەو دەمە تۆ بە چەمەن دا گوزەرت کرد و گوڵیش
ڕەنگی گۆڕاوە لە بازاڕ برەوی دا بەزییە
وەکوو بەختی منە چاوت لە خەوایە شەو و ڕۆژ،
چەندە ئازاری بە من داوە خەوی لێم دزییە!
بەهرەوەر نابێ کەسێک کاری هونەر کاری نەبێ
بێتە مەیدانێ گرە و چەند بەزییە هەر بەزییە
عەونیناسناوی ئەدەبی بێچارە لە دووری تۆ کە ئارامی نییە
لەو دەمە تۆ بەسەفەر چووی دڵ و جەرگی تەزییە!