گەیمە چەرخێکی دەورە دۆرابێ
ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات
لە کتێبی:
دیوانی موخلیس
بەرهەمی:
موخلیس (1910-1985)
1 خولەک
910 بینین
گەیمە چەرخێکی دەورە دۆرابێ
دوورە دەربچی لەسەر دۆڵابی
ژوور کەوتۆتە ژێر، ژێر کەوتۆتە ژوور
کار وا شێواوە کەس پێی چانابی
ئەوڕۆ سیاسەت ئەو کەس دەگێڕێ
گەر پێی بڵێی کەر، کەر ڕازی نابی
بی دین سیاسەت وەحشەت دەداتن
چاکە سیاسەت دینی تێدا بی
دونیا کەبۆ هات تەنیا خۆت مەیخۆ
نەیدەی بە ژێر دەست گەورەییت نابی
تاجی گەورەیی بۆ تۆ بێ بەسیە
نیعمەت و خۆشی با بۆ گەدا بی
تۆی پاکژ بدە، پاکژ شین دەبی
تۆی بیژیایەتی کەس نابێتە بابی
گەر خۆشیت دەوێ لەو جێگای کە لێی
نابی لەگەڵکەس هیچ ناتەبا بی
چت لە ڕۆژئاوا و چت لە ڕۆژهەڵات
ناژی بە خۆشی گەر ڕووت لەولابی
دوو چشت پێویستە ئینسان هەیبیتن
دونیا و دینێکی خوا پێی ڕەزابی
باقی چ بکەی شەرمەزار دەبی
بۆ تەمەع مەچوو شەرمەزار نابی