ئەی خودای بەرز و تەوانا، دانەری کەون و مەکان
بواری دەشتی قەراج
لە کتێبی:
دیوانی موخلیس
بەرهەمی:
موخلیس (1910-1985)
8 خولەک
1378 بینین
ئەی خودای بەرز و تەوانا، دانەری کەون و مەکان
ڕاخەری فەرشی زەمین و ڕاگری هەفت ئاسمان
هێنەری هاوین و پاییز، بەر لە زستان و بووار
خاوەنی عەرشی بڵند و سەڵتەنەت بەخشی جیهان
بەر لە تۆ کەس نەبووە تا بوونت لە ئەو وەرگرتبێ
لەودەقەی دەڕوا هەبوونت بێ تۆ نابیتن چ ئان
فەیلەسوفانی وەکوو سوقرات و ئەفلاتوون و چ کەس
دەرنەچوو لەسەریان لە زات و وەسفی تۆ هەرچەند دووان
هەر کەسێکی سەیری ئاساری تەواناییت بکا
ناتوانێ هەڵبکێشێتن لە ڕووت تیغی زمان
ئەو سەرا پەردە لەسەر ئەو شکڵە داتمەرزاندووە
چۆن موهەندیس وا دەزانیتن بە عیلمی ناڕەوان
گومبەدێکی وا بڵند پان و بەبێ تاق و عەموود
چۆن بەبێ تێکچوون وەها وەستاوە چەند ساڵ و زەمان
وەک ئەلەتریکی لە شوقە بۆ ملوکان هەڵکرێ
وایە مانگی چاردە شەو بۆ چاوەڕێی بەزمی شەوان
شەو کە وەک زوڵفی حەبیبان کەوتە سەر ڕووی ڕۆژەوە
جا بەترس و لەرزەوە خۆدەردەخەن ئەستێرەکان
وەک لەنێو ئەو قەسری وا پیرۆزە ڕەنگ دەردەخات
بووکی نۆ ڕۆژی سەما دێنە سەما پیر و جەوان
ئاهـ و دوودی عاشقانە دەبێتە هەوری ژێر فەلەک
قەترە فرمێسکی دووچاوی عاشقن بارانەکان
وەک زەمین فرمێسکی چاوی عاشقانی پەڕیە سەر
زۆر بەدڵ گەرمی و بەنەرمی دەنگ دەکاتە دولبەران
جابەجارێ ئەو کڵووک و ئەو گوڵانەی مردبوون
دێتە دەر سەریان لە خاک زەرد و زەعیف وەک مردووان
ڕۆژ بە ڕۆژ ناز و نەزاکەتیان لە ڕوو زێتر دەبێ
تاکوو دبنە مەنزەری بەرچاوی مەنزەر پەروەران
سەیری نەورۆز و بەهاری خاکی کوردستان بکە
گەردەنی خۆت هەڵبکێشە سەیری شاخ و داخەکان
نەوجەوانانی بەهارت دێتە بەرچاو چین بە چین
نازک و نازدار و بێگەرد هەروەکوو ڕۆحی ڕەوان
عەکسی ڕەنگی ئەو گیایانە کە وا لێکتر ئەدەن
چاو دەبێ شۆڕکا ئەگەر تاوس موقابیل بێ بەوان
شایی شێخانی دەکەن وەقتێ کە بایان لێدەدا
چاو تەماشایان دەکا و دڵ سەربەخۆ دێتە هەژان
ئەو دەڵێی لێوی بە خوێنی عاشقان سوور کردووە
ئەو دەڵێی جامی شەرابە چاوەکەی بۆ عاشقان
ئەو سەراسەری ئەتڵەسی سەرزەوی لەبەر خۆی کردووە
مێزەری زەرد و سپی ناوە لەسەر حاجیلەکان
ئەو خەناوکەی شەبنەمی کردۆتە گەردەن خۆی لەشەو
ئەو لەسەر خۆی لادەبا پەردە لەگەڵ بایی بەیان
تێکەڵاون دەست لەمل یێک و زار پڕ پێکەنین
چاوڕەش و ڕوومەت گەش و ڕووبێ نیقاب وەک مۆدەکان
با کە نایەی لێدەدات و ئاسمان دۆڵ لێدەدا
دەبێتە شایی و هەڵپەڕینیان هەروەکوو کیژ و کوڕان
هەروەکوو حەوزی حەمامە بۆ ئەوان هەوری بەهار
ئاو بەسەریان دادەڕێژێ خۆدەشۆن پاشی گەمان
کاکی خۆم دووبارە چاوت هەڵێرە سەیرێ بکە
پڕ بە چاو بنواڕە بەرزی بەژن و باڵای کێوەکان
زۆر بە ئاهەستە بڕۆ تا دەچیە سەر تۆقی سەری
پێ بپارێزە مەقنجێنە بە پێ ڕۆیی گوڵان
تاجی شاهانی لەسەر ناوە وەکوو بەفری سپی
تا هەموو کەس تێبگاتن دوژمنی ئەو ڕووسییان
گەر لەپاش باران لە گەر وان وردە وردە سەرکەوی
دێتە بەر چاوت وەکوو کاشی نقوشی بەردەکان
هەر وەکوو ڕۆح وایە ژێر گیایان پاک و ڕوون
هەر دەڵێی ئاوی حەیاتە ئاوەکەی نێو هەر کەوان
ئەو کەوانەی وا لەسەر کەپکان خەریکی قەپ قەپن
زۆر لە دەنگی مۆسیقا و عوود خۆشترە دەنگی ئەوان
دولبەری تۆراوە لێی بانگی دەکا بیدۆزێتەوە
هەر دەسووڕێ تا دەکەوتە داو و بەندی تۆڕەوان
وردە وردە چەند بە شیرینی لەسەر بەردان دەڕۆن
گەردەنی خۆیان لە ڕۆیین هەڵدەکێشن سوسکەکان
هێندە بە هێز چاپوکن گەر بێ لەناکاو هەڵفڕێ
دوور نییە باز بەربداو دەستکا بە بازان بازەوان
سەیری بەرشاخان بکە هەر کۆترە دێت و دەچێ
گرمەگرمی کۆتران خۆش دێتە بەر گوێی دڵ کولان
ڕەو دەکەن، دڵ شەق دەکەن، وەک دێ شەقەی باڵیان لەبەر
هاتە هات و هاژەهاژی دەنگی ساچمە و ڕاوچیان
سەیری ئەو حەیوانە کێویانە بکە چۆن پەرت بوون
هەرکەسە ڕووی خۆی لە لایێ کردووە وەک ئەشقییان
نووسکە نووسکی توولە دێت و ڕێویە وا پێچ دەکا
هانە هانی تاژیان دێتن لە دوو کەروێشکەکان
هەر سوارە تۆز ئەگاتن وا لەدوو نێچیری خۆی
شیو و چۆم ناپرسی، ناکاتن خەیاڵی وەرگەڕان
با بچین ئەوجا دەمێ سەیرێکی دەوزێیان بکەین
با بزانین چۆنە سەیر و دیتنی دەوئاوەکان
چاوەکەم ئەی ئاوی شیرین بۆچی ناوەستی دەمێ
زۆر لەمێژە ئارەزوومان دیدەنی تۆیە بەجان
ئەو مەلانەی تۆکە گەورەت کردوون گەر تۆ بڕۆی
وەک هەتیو لێرە دەمێنن تێک دەچێ هێلانەیان
هەستی خۆت ڕابگرە ساتێ ئاگرت تێبەردەبی
هێند بەدڵ گەرمی دەناڵێنن دەمێ نادەن وچان
ئەو دەڵێ تیتی کەناچە پڕبەدەم هاوار دەکا
چەند غەریب و چەند بە سۆزە دەنگی تیترواسکەکان
ئاوی شیرین چەند بە شیرینی جەوابی دایەوە
من کە خاکی خۆم بە جێدێڵم لە ڕق خزم و کەسان
ئێوە بێگانە پەرستن خوێن مژن بۆ یەکتری
ڕۆحی خۆتان، خاکی خۆتان ناوێ بۆ بێگانەکان
نۆکەری بێگانەکان وەک ئێوە ئەمنیش بابەکەم
تێبگەم چۆنە لەگەڵ بێگانە هەستان و ژیان
تف لە ژینێکی لەگەڵ دوژمن بە چاوشۆڕی بکەی
بەس لەبۆژن خۆشییە، ژێری و لەسەر پشت ڕاکشان
با بڕۆین دەوئاو و دەوئاو ڕووبەڕووی دەشتی قەراج
دڵگرە وەقتی بەهاران، خۆشە بۆ دەفعی غەمان
سەیری ڕێگایان بکە هەر کۆچ و کۆچبارن ئەڕۆن
چەند شل و خاوەن تەماشا، خانم و خاتوونەکان
هەر دەڵێی ڕۆژن لەسەر کێوان وا پڕشنگ ئەدەن
ئەو کچانە بارگە بەستراون لە هێستری بارەبان
زۆر لەمێژە وا لەڕێگادا دەڕۆین و ماندوو بووین
با لەگردی گردەشێر ئەو شۆ بخەین بارخانەمان
سەیری ئەو دەشتی وەها پان و بەرین کە سەربەسەر
ڕەش دەچیتن وا لەبەر ڕەشماری کورد و عارەبان
شەو لەسەر گردی بوەستی، سەیری هەر چار لا بکە
ئاگری سەرکێوی توورە، ئاگری ڕەشمارەکان
تا سەعات پێنج و شەشی شەو کیژ و کوڕ تێکەڵ دەبن
دەچێتە ژێر عەرشی فەلەک، بلوول و نایەیان
شەو درەنگە وەقتی خەوتن هاتووە، با پەرتەکەین
دۆڵ دڕا، تەقەی بڕا، ڕوو بکەینەوە سەر جێگەمان
سا ئەوەی یاری هەبێ ناچێتەوە بۆ ماڵەوە
کۆڕی دانەڕژاوە هێشتان تا نەچێتە جێی ژوان
حەیفە بۆ ئەو نەونەمامانەی کە یارێکیان نییە
شەو لەگەڵ غەم دەست لەمل یەکتر ئەکەن تاکوو بەیان
سا کە هات و شەو زرینگاوە ئەتوو گوێ ڕاگرە
بۆ شەوین دەڕوا دەکاتە فیتە فیت کاکی شوان
بانگی کابانان دەکاتن شەو درەنگە هەستنەوە
سا لەجێگا دێنە دەر دەبێتە زرینگەی بازنان
سەیری ئەو چاوە ڕەشەی تێر نەبووە هێشتاکوو لە خەو
سەیری ئەو لێوانە کە هێشتا نەکەوتووینە قسان
زۆڵفەکەی وەک عوود لەسەر پشکۆیی ڕوو وا بۆن ئەدا
هەرکە سنجاقی ترازا بێ بکە سەیری مەمان
سینەکەی وەک سینییەکی زیوە ساف و بێ غەشە
جۆتە فنجانێکی زیوین و سەرەوژێر وا لەبان
گفتوگۆی وەسڵ و عیتایە تامی شەکر و قاوەیە
وەک شەراب ئەمما دەکا سەرخۆش و مەست پیر وجەوان
ئەو دەچی کابانی نانە دەست بە ئاردبێژتن دەکا
ئارد نییە هەر ڕۆحە ئەیبێژێت و دەیکاتن بەنان
ئەو لەبۆ لای مەنجەڵی ماست وا دەچی مەشکە لەدەست
سەیری وەک مەشکەی دەژینێ دڵ دەکاتن پڕ لە ژان
ئەو دەمەی با دێ کە چارۆگەی لەسەر سەر لادەدا
ناتوانێ ڕۆژ بکا سەیری خەزێم و گوارەکان
ئەو هەوارە کۆن بوو با بۆ گۆمی «مارواشان» بچین
جێ ڕەوی قاز و قورینگانە لەگەڵ پۆڕ و سییان
هەرکە بۆئاو دێنە سەر ئەوگۆمە چین چین کیژ و کوڕ
نایەتە بەرچاوی هیچکەس مەنزەڕی ئەوها جوان
هەرکوڕە حەیران دەڵێت و هەرکچە تواهوو دەکا
هەروەکوو سەرخۆش دەسووڕێن کۆمەڵی کیژ و کوڕان
هەروەکوو غونچە دەپشکوون ئەو کچانەی غونچە دەم
کوڕە وەکوو بولبول چریکەی دێ لەدەوری سوورگوڵان
بۆ جەڕە و بۆ کوندە پڕکردن لەلای خۆ هاتوون
کوندەیە وا شەق دەبات و جەڕەیە دێتە شکان
ئەو وڵاخی بەردەبێت و ئەو خلیسکێکی دەبا
دەبێتە قاقای پێکەنین و گۆتن و چەپڵە کوتان
ڕۆژ کە هاتە خشخۆکێ بەرەو ماڵ ئەخشن هەموو
سەیری بەزمی ڕێ تا دەچنەوە نێو هۆبەیان
بەزم و ڕەزمی وا لە لوبنان و لە ئەوروپا نییە
ناتوانێ وەسفی ئەو بەزمەی تەواوکا هیچ زمان
تا بەهار کۆتا دەبیتن ڕۆژ و شەو ئەوها دەکەن
موخلیساناسناوی ئەدەبی خۆشە هەڵای کیژ و کوڕی سۆرانییان