ڕەگەزدۆزیی ناتەواو

لە کتێبی:
خۆشخوانی
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  5439 بینین

جۆرەکەی تری - کە ڕەگەزدۆزی ناتەواوە - ئەمەش چەند بەشێک دروست ئەکا. بەشێکیان ئەوەیە کە:

ئەگەر لە کێش و ژمارەی پیت و شکڵا وەکوو یەک وابوون بەڵام لەسەر و بۆردا جیا بوونەوە ئەمە بە ڕەگەزدۆزی «لادەر» واتە «منحرف» ناو ئەبرێ. وێنەی ئەمە وەکوو «نالی» ئەڵێ:

«کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ «کردی»یە، خۆ کردیە»
«هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مەعنا دەکا»

ڕەگەزدۆزییەکە لە نێوانی دوو وشەی «خۆ کردی» دایە. یەکەم بە «بۆر» ئەخوێنرێتەوە، نیشانەی بۆر لە کوردیدا «و»ە، بۆ نووسینی، واتە «کوردی». دووەم بە بێ «و» ئەنووسرێ، واتە «کردی». وە منیش بۆیە لە دەقەکەدا هەردووکیم بە «کردی» نووسی، لەبەر شەرح کردنەکە بوو، ئەگینا نووسینی «کوردی» بە «کردی» هەڵەیە.

وە یا هەر «نالی» ئەڵێ:

«کە تۆ «قبلە»ی دەمت سا بێنە قوربان»
«لە بۆ «قبلە»ی دڵم مەشکێنە قوربان!»

هونەرەکە لە نێوانی هەردوو وشەی «قبلە» دایە؛ یەکەم «قیبلە»یە بە «ژێر»ی «ق». دووەم «قوبلە» بە «بۆر»ی قاف.

ئەگەر جیاوازییەکە لە ژمارەی پیتەکانا بوو، واتە ئەو دوو وشەیە یەکێکیان پیتێکی زیاتر بوو لەویکەیان، ئەمە بە ناوی «ناتەواو»ەوە ناو ئەبرێ، ئەو پیتە زیادەیە لابەی ڕەگەزدۆزیەکی تەواو پەیدا ئەبێ. وێنەی ئەمەش دیسان وەکوو «نالی» ئەڵێ: لە کاتێکا کە پیتەکە لەسەرەتای وشەکەوە بێ.

«لە نێو ڕیگی ڕەواندا «قم» «نقم» بوو، وشتریش بوو گوم»
«نەما گوێ بیستنی «قم، قم» چ جای ئیمکانی هەستانە!»

ڕەگەزدۆزیەکە لە نێوانی «قوم» و «نوقوم» دایە. پیتی «ن» لە «نوقم» لابەری - کە زیادە لە «قوم»- ڕەگەزدۆزیەکی تەواو پەیدا ئەبێ. هەروەها لە نێوانی «قوم» و «گوم»یشدا ڕەگەزدۆزی «لاحق» هەیە.

ئەمەش وەختێ ئەبێ بە «لاحق» کە حوکم بکەین بەوە شوێنی دەرچوونی دوو پیتەی «ق» و «گ» لە گەروودا نزیکی هەیە لە بەینیانا.

وە یا ئەو پیتە زیادەیە بکەوێتە ناوەڕاستی وشەکەوە. وێنەی ئەمە وەکوو «حاجی قادری کۆیی» ئەڵێ:

«ئەی بێ نەزیر و هەمتا هەر تۆی کە بەرقەراری»
«بێ دار و بێ دیاری، بێدار و پایەداری»

ڕەگەزدۆزی وێنەکەی ئێمە لە نێوانی «بێدار» و «بێدیار» دایە، کە پیتی «ی» لە وشەی «بێدیار» لابەی، لەگەڵ «بێدار»دا ئەبێ بە ڕەگەزدۆزیەکی تەواو. هەروەها ڕەگەزدۆزی «جیا» لە نێوانی «بێدار» و «بێداریشدا» پەیدا بووە.

وە یا ئەو پیتە زیادەیە کەوتبووە دوایی وشەکەوە. وێنەکەی وەکوو «گۆران» ئەڵێ:

«لە لاپاڵی کێو قاسپەی کەو نەهات»
«بە بێ کەوش کەوتمە ڕێی هات و نەهات»

ڕەگەزدۆزیە ناتەواوەکە لە نێوانی دوو وشەی «کەو» و «کەوش» دایە، پیتی «ش» کە کەوتۆتە ئاخری وشەی «کەوش»ەوە، لا ببرێ «کەو» ئەمێنێتەوە، لەگەڵ وشەی «کەو»ی پێشوودا ڕەگەزدۆزی تەواو پەیدا ئەبێ.