درکە

لە کتێبی:
خۆشخوانی
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  2791 بینین

وترا ئەگەر شتێک لە ئارادا نەبوو کە وشەکە ببڕێ بەسەر گوزارە ڕەسەنی و نەژادیەکەدا ئەوە درکەیە. وە درکەش لەسەر سێ جۆر بوو؛ جۆرێکیان مەبەست زاتی شتەکەیە، جۆرێکیان مەبەست بەو سفەتی شتە، جۆری سێیەم درکەیە لە «هاوگری نیسبەت». ئەوەیان کە خودی شتەکەیە وەکوو «موخلسی سەقزیکەس» ئەڵێ:

لەنجەی کۆتر و لەرەی مامز و بۆنی وەنەوشە و ڕێحانە و شەوبۆ
ئاوازی بولبول، نەرمی پەڕی قوو، شیرینی نەبات گشت هاتن بۆ تۆ

ئەم هەموو شتانە درکەیە لەو کەسە تایبەتییە کە هۆنەر باسی کردووە و خۆی ئەیزانی!. چەند سفەتێکی هێناوە کە هەر یەکە لەوانە جیا جیا خاوەنێکی تایبەتیان هەیە، بەڵام بە هەموویانەوە شتی تر و کەسی تر نییە بیگرنەوە تەنیا مەوسووفەکەی هۆنەر نەبێ.

هەروەها «باڵایەکی ڕاست و هۆشێکی تەواوی هەیە»، ئەمەش درکەیە لە ئادەمیزاد، چونکە هیچ شتێکی تر نییە کە هەردوو وەسفەکەی پێکەوە تێدا بێتەدی جگە لە ئادەمیزاد نەبێ.

جۆری دووەم کە مەبەست سفەتی شتەکەیە، ئەمیش ئەبێ بە دوو بەشەوە، چونکە سفەتەکە یا ئەمەیە گوێگر زوو بۆی ئەچێ و وەریئەگرێ، یا درەنگ، واتە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی زیاد هەیە.

ئەوەی کە زوو بۆی بچێ وەکوو لە وەسفی یەکێکا ئەڵێ: «کابرایەکی هەڵەشەیە»، ئەمە درکەیە لە زۆربڵێتی کابراو بیرنەکردنەوەی لە قسەدا.

ئەوەشیان کە ڕێگا دوورەکە بێت و پێویست بە بیرکردنەوە و وردکردنەوە بێت وەکوو ئەوە باسی ماڵێک ئەکرێ کە ئازۆخەیەکی زۆریان خستووە، کەچی زوو دوایی هاتووە، دەربارەیان ئەڵێن: «ماڵێکی بە ئەرکن».

ئەمە درکەیە لەوە، کە ماڵێکی میواندارن، چونکە لە میانەی قسەدا ئەوە دەرئەکەوێ کە ئەو ئازۆخەیە زوو دوایی هاتووە، ئەم زوو دوایی هاتنە لەبەر ئەوە بووە کە زۆری لێی خواروە، زۆری لێی خواردنەکە لەبەر زۆر میوان هاتن بووە و میواندارییان بۆ کردوون.

جۆری سێیەم درکەیە لە «هاوگری - نیسبەت»؛ واتە کۆمەڵە سفەت و گوزارەیەک ئەدرێتە پاڵ یەکێک، بەڵام نەوەک ڕاستەوڕاست، بەڵکوو لە ڕێگایەکی پەنامەکی و دوورەوە، بە جۆرێ کە ناوی کەسەکە ناهێنرێ، دێنی کۆمەڵەسفەتەکە ئەدەی بەشتێک کە شتەکە تایبەتییە بەو کەسەوە کە ناوەکەی ڕاستە و خۆ لە ڕستەکەدا نییە. ئەم ئیشەش بۆ زیاتر بەرزبوونەوەی کەسەکەیە، چونکە لەمەدا هووشە و موبالەغە زۆرتر ئەبێ و نەفس زیاتر پێی خۆشە.

جیابوونەوەی ئەم بەشەشیان لە دوو بەشەکەی تر؛ واتە لە درکە لە خودی شتەکەو لە سفەتەکەی ئەوەیە کە لەماندا درکەیە لە تاکە تاکەی گوزارەکە، بەڵام لەودا درکەیە لە هەموو گوزارە کۆمەڵییەکە. وێنە بۆ ئەم جۆرەشیان وەکوو ئەڵێ:

«پیاوەتی و نان بدەیی و ئازایەتی بوون بە مەشخەڵێک و وان بە سەر کۆشکەکەی سەرداری بۆکانەوە».

خاوەنی ئەم ڕستەیە مەبەستی ئەوەیە کە ئەم هەموو سفەتانە بدا بە یەکێک، بەڵام لەبەر زیادە وەسفی تر ناوی کەسەکە ناهێنێ.

ئەمانە ئەکا بە مەشخەڵێک و دایانئەنێ بەسەر کۆشکی ئەو کەسەوە. لەمەوە ئەوە دەرئەکەوێ: مادام ئەم شتانە بەسەر کۆشکی ئەو کەسەوە بوون ئەبێ هەموویان لە کەسەکەدا هەبن، ئەو کەسەش «عەزیزخانی گەورە» و هەر ئەو بووە کە بە سەرداری «بۆکان» ناوبانگی دەرکردووە.