ڕەوانکاری

لە کتێبی:
خۆشخوانی
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1662 بینین

هونەرە قسەییە ئاشکراکان

وەکوو وترا ڕەوانبێژی بە تێکڕایی لەو هونەرانە دروست ئەبێ، ئەوانیش لە ناو خۆیانا بوون بەو سێ بابەتەی پێشووەوە؛ -گوزارەکاری، ڕەوانکاری، جوانکاری-. باسی گوزارەکاری پێشخرا و تا ئەندازەیەک قسەی لێوەکرا. ئێستە دێنە سەر بابەتی «ڕەوانکاری».

بۆیەش گوزارەکاری لەسەر ڕەوانکاری پێشخرا، چونکە گوزارەکاری وەکوو «پاژ»ێکە لە ڕەوانکاری؛ لەوێدا ئەبێ ئەوە بهێنرێتە بەر چاو کە شتەکە لەگەڵ چۆنیەتی وەختەکە «مقتضیی حاڵ»دا بەرانبەری بکا، لە ڕەوانکاریشدا ئەوە هەر هەیە و زیاد لەوەش شتێکی تر هەیە؛ کە تۆ لێرەدا یەک گوزارە دێنی و ئەیبڕی بەسەر گەلێ شت دا. لەمەوە وەک یەک، درکە، خوازە، خواستن و شتی تر دێتە کایەوە.

یاسایەکی زانیاری «منطق» هەیە کە لە هەندێ شوێنا «هاماو» و «پاژ»؛ واتە «کلی و جزئی» باس ئەکا، بوونی هاماوەکە بە بوونی پاژەکەوەیە، لە گشت پاژەکان هاماوەکە دروست ئەبێ، ئەم باسی ڕەوانبێژی و بەشەکانی، وە یا بڵێن هونەرە قسەییە ئاشکراکانیش واتە؛ بوون و نەبوونی ڕەوانبێژییەکە بە بوون و نەبوونی بەشەکانیەوەیە، هونەرە قسەییە ئاشکراکان تێکڕا بەو بەشانەن.

ئەمەش مەرج نییە کە ئەگەر بوترێ: ئەم ڕستەیە گوزارەی ڕستە عەرەبیەکەیە - کە فنونی بیانیەیە -. فنوونی بەیانیەش هەموو بەلاغە ناگرێتەوە، بەڵکوو بەشێ لە سێ بەشەکەی ئەگرێتەوە.

ئەمە مەرج نییە بووترێ، چونکە هەر زمانێ کەسیەتی خۆی هەیە، هەر وشە وە یا ڕستەیەک لە زمانێکا گوزارەیەک ئەدا بە دەستەوە کە لە زمانێکی تردا دوور نییە ئەو شتە بەو جۆرە نەبێت.

لە باوەڕی منا، لە زمانی کوردیدا ڕستەی «هونەرە قسەییە ئاشکراکان» لە باتی ئەوە بەشێک لە سێ بەشەی ڕەوانبێژی بگرێتەوە - وەکوو لە عەرەبیدا «بەیان» هەر تەنیا یەکێ لە سێ بەشەی بەلاغەی گرتۆتەوە - هەمووی گرتۆتەوە. بەو بۆنەوە ئەچینە ناو جەرگەی باسەکانەوە و ئەڵێین: