تیل نیگا

لە کتێبی:
خۆشخوانی
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  1611 بینین

تیل نیگا یەکێکە لە هونەرەکانی ڕەوانبێژی و پاشان گوزارەکاری. تیل نیگا ئەوەیە کە بە تیلی چاو سەیری شتێک بکرێ. ئەم تیلەش ئەبێ «چاو» لەناو چاودانەکەدا تۆزێ بجووڵێ و لابکاتەوە، وە یا گەردن کەمێک لابکاتەوە بۆ ئەوە بتوانێ ئەو تیل نیگایە دروست بکا.

ئەم چەمکە لە بلاغەی عەرەبیدا بە «التاف» ناوبراوە، چونکە «التاف» لاکردنەوەیە بەلای ڕاست و چەپا، من لام وایە تیل نیگا ئەو مەعنایە زۆرتر پڕئەکاتەوە، چونکە لە تیل نیگادا لاکردنەوەی چاو و گەردن هەردووکی تێدا هەیە.

تیل نیگا لە زانیاری ڕەوانبێژیدا ئەوەیە کە کەسی یەکەم و کەسی دووەم و کەسی سێیەم هەیە، واتە «متكلمعەرەبی، مخاطبعەرەبی، غائبعەرەبی». ڕستەیەک دێتە پێشەوە. سەرەتای ڕستە -بەوێنە - بابەتەکەی، کەسی یەکەم دانراوە، بەشوێن ئەودا ڕستە وە یا شتێکی تر دێت و پەیوەندیی بە ڕستەی یەکەمەوە هەیە، لەوەدا کە هەر ئەبێ گوزارشت بۆ کەسی یەکەم بێ، کەچی لە ڕستە دووەمەکەدا گوزارشتەکە بە کەسی دووەم، وە یا سێیەم لێی ئەدرێتەوە. هەروەها دووەم بە یەکەم، وە یا یەکەم بە سێیەم، وە یا سێیەم بە یەکەم.

ئەو هۆیەش کە ئەم تیل نیگایە دروست ئەکا ئەوەیە کە پیاو ئەگەر لە شێوەیەکەوە چوو بۆ شێوەیەکی تر، گەشە و خۆشیەکی زیاتر ڕووئەکاتە گوێگرەکە و زیاتر ئەبێتە هۆی ئەوە کە گوێ بۆ قسەکە بگرێ.

جا وێنەش بۆ ئەمانە، یەکەمیان وەکوو «نالیکەس» ئەڵێ:

نالیناسناوی ئەدەبی ئاسوودە نییە توولی نەمامی عومرت
بە نەفەس دێت و دەچێت نەسڵی لە سەر بایێکە

لە کەسی سێیەمەوە هاتووە بۆ کەسی یەکەم - لە «غائب»ەوە هاتووە بۆ «متکلم» ئەبوا بووترایە:

نالی ئاسوودە نییە توولی نەمامی عومری
کەچی لای داوە و ئەڵێ «عومرت».

ئەمە بە مەرجێک وایە کە سەرەتای ڕستەی وشەی «نالی» نەبێت بە بانگکراو «منادا» و ئەوزاری بانگکردنەکەی لێی فڕێ درابێ، واتە نەبێ بە «ئەی نالی»، وە واشی لێ ناکەین، چونکە هێنانی ئەو ئەوزارە «تاویل»ە، تیل نیگاکە، جوانترە لەو تاویلە.

وە یا وێنە بۆ ئەوە کە لە کەسی یەکەمەوە بچی بۆ کەسی دووەم - لە «متکلم»ەوە بۆ «مخاطب» - وەکوو «مەحویکەس» ئەڵێ:

زەمانەی پڕتەعەب ئەتکاتە تیرۆک
لەتێ نانت دەداتێ دوو بەشی نۆک

هێناویە لە خۆی، نەفسی خۆی جیا کردۆتەوە و کردوویە بە کەسی دووەم - مخاطب - وای پێی ئەڵێ. ئەمە لە ئەسڵا ئەبوایە وا بوایە کە بڵێ:

«زەمانەی پڕ تەعەب ئەمکاتە تیرۆک، لەتێ نانم دەداتێ دوو بەشی نۆک». لە کەسی یەکەمەوە چووە بۆ کەسی دووەم. ئەم بازدانەش باقی هۆنراوەکانی دوایی دەری ئەخا، بەتایبەتی هەر بەشوێن ئەوا ئەڵێ:

پیاڵەی دیدە لەبڕێزە دڵا تۆش
بجۆشە، سازی ناڵە هەم ببێ کۆک

وە یا وێنە لە کەسی سێیەمەوە بۆ کەسی دووەم - لە «غائب»ەوە بۆ «مخاطب» - وەکوو «کوردی» ئەڵێ:

پێم دەڵێ کوردیناسناوی ئەدەبی وەکوو من ئارەزووی وەسڵی نییە
بۆچی تۆ مانع دەبی، ئەم بەندە چۆن بێجا ئەکا

ئەمە لە ئەسڵا ئەبێ وابێ کە بڵێ:

پێم دەڵێ کوردی وەکوو من ئارەزووی وەسڵی نییە
بۆچی ئەو مانع دەبێ، ئەم بەندە چۆن بێجا ئەکا

لە «ئەو» کە «غائب»ە بازی داوە بۆ «تۆ» کە «مخاطب»ە.

ئەمە لەبەر تیل نیگاکەیە. لادانەکەش دیارە، چونکە ناڵێ «پێت وتم»، وە لە ڕستەی «کوردی» بە دواوە قسەکەی ئەوە.

ئەگەر ئەو بیوتایە «پێت وتم» هیچ تیل نیگایەک لە ئارادا نەئەبوو، چونکە «پێت وتم»، واتە «تۆ» هەردووکی بۆ کەسی دووەمە. بەڵام ڕستەی «پێم دەڵێ» دیارە بۆ کەسی سێیەم و «غائب»ە، کەچی لە نیوە هۆنراوەی دووەمدا ئەڵێ «تۆ» ئەوە ئیتر لایدا.