ئینشا
ئەمە قسەی خەبەر و واقع، ئینجا ئینشا.
ئینشا ئەوەیە کە تۆ ناڵێیت وا بووە و وا نەبووە، بەڵکوو ئەڵێی:«ئازاد ئەو کتێبە بێنە». ئەمە ئیتر ڕاست و درۆیی لە قسەکەدا هەڵ ناگرێ، هەر یەک قسەیە، فەرمانێکە و ئەڵێیت بیکە، بیهێنێ و نەیهێنێ تۆ فەرمانی خۆتت داوە.
لێرەدا بوون و نەبوونێک بەرانبەر بە کەسی دووەم؛ واتە ئیجاب و سەلبێک بەرامبەر بە موخاتەب، پەیدا ئەبێ؛ ئەگەر هێنای، ئەمرەکە بەرامبەر بەو بوو بە ئەمرێکی ئیجابی، ئەگەر نەیهێنا بوو بە سەلبی، هەر چەندە بەرانبەر بە کەسی یەکەم هەر ئیجابە، بەڵام ئەو دوو لقەی بەرامبەر بە کەسی دووەم لێی ئەبێتەوە.
ئەگەر هات و فەرمانەکە بەرامبەر بە کەسی یەکەم سەلبی بوو، دیسان ئیجابیەت و سەلبیەت هەر ڕوو ئەکاتە کەسی دووەم، ئەوەندە هەیە سەلبەکەی ئەبێ بە ئیجاب ئیجابەتەکەی ئەبێ بە سەلب! بە وێنە ئەگەر:
کەسی یەکەم وتی «ئازاد کتێبەکە مەهێنە» ئەوە هەر ئینشایە بە چاو ئەمەوە، چونکە مەنعی کردووە لە هێنانەکەی، سەلبیەتێکی تێدایە. ئەمجا ئەگەر ئازاد کتێبەکەی نەهێنا ئەوا فەرمانی سەلبیەتی کەسی یەکەم هاتە دی، بەڵام بەچاو کەسی دووەمەوە -کە ئازادە- ئەو سەلبیتە ئەبێ بە ئیجاب، چونکە فەرمانەکەی ئەمی بەجێ هێناوە؛ ئیجابیەتی بەرانبەر بە سەلبیەتێک نواندووە. ئەگەر خۆ بە گوێ فەرمانەکەی نەکرد و کتێبەکەی هێنا، ئەو وەختە سەلبیەتێکی نواندووە بەرانبەر بە ئیجابێک، واتە ئیجابی کەسی یەکەم، چونکە ئیجاب بۆ ئەمرەکەی ئەم ئەوەیە کە کتێبەکە نەهێنێ.
کەوا بوو سەلبی ئەم ئیجابی ئەوە، ئیجابی ئەو سەلبی ئەمە. بەلاغەی زمانی عەرەبی لەسەر ئەمە بە هۆی «فعل» و «حەرف»ی نەحوییەوە گەلێ لق و پۆپی لێ کردۆتەو، بەڵام من بە لامەوە وایە کە لە «گوزارەکاریی» زمانی کوردیدا کورتەی درێژە پێدانەکەی عەرەبی دێتە سەر ئەمە و لام وایە بۆ کوردزمانێک ئەم کورتە لەو درێژە بە کەڵکترە.