تشریع

لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
 2 خولەک  846 بینین

جۆرێکی تری ڕازاندنەوەی لەفزی تشریعە کە بریتییە لە دامەزراندنی شیعرێ لەسەر دوو قافیە کەڕاوەستان لەسەر هەرکام لەو دوو قافیە ڕەوا بێ. شاعیری عەرەب لە نموونەی ئەم جۆرەدا ئەڵێ:

یا خاطب الدنیا الدنیه انها
شرک الردی و قراره الاکدار

نامییش ئەڵێ:

بە قوربانت بم، تۆ یاری منی، دڵداری منی
فیدای باڵات بم، هاوکاری منی، هاوشاری منی
تۆی یاری دڵدار، عالەم شەیداتە، عاشقی باڵاتە
تۆی شەمعی دیار، دڵ بە سەوداتە، شێتی کاڵاتە
ئاخ ڕزگار ئەبووم لەم خوێنەخوارە، دژی نەجاتە
هەرکەس ئەبینی بۆ ئەو فەوتاوە، وێڵی وڵاتە
چەند وڵات گەڕام نەمدی میسالی، نادیرەی کاتە
دوڕڕە، یاقووتە، لەعلە و لەئالی، شای سەر بساتە
یارێکم هەیە هاووێنەی نییە، پڕبەرەکاتە
بە وێنەی چرای سەما و زەوییە، هۆی دەرەجاتە
باڵا عەرعەرە، ڕوخسار مینایە، دوور لە ئافاتە
عەتر و عەنبەرە، نووری سینایە، عالی سیفاتە
بەڵام ئەو یارە شاهان سەفایە، بەکەماڵاتە
لە شاهان زۆرتر بە ئیستیغنایە، بەدەسەڵاتە
کە بۆی بڕوانی نایبینی بە چاو، لە غەیبیاتە
هەرچەند حازرە، دیار نییە لەناو، بڕی سیفاتە
نامی دەمێکە گیرۆدە بووە بەم کارەساتە
دڵ بەندی ئەوە و خادیمی زووە، عاشقی نیگاتە