جناسی تام
لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
3 خولەک
1098 بینین
یەکەم «جناسی تام» واتە هاوڕەنگیی تەواو لەنێوان حەرفەکانی دوو لەفزدا. نامی لە نموونە هێنانەوەی ئەم جۆرەدا ئەڵێ:
کاتێ چاوم کەوت بە چارەی ئامین
وتم: فیدات بم! وتی پێم: ئامین
وتم: با دەستم بگاتە مەمە
وتی: مەمنووعە، مەمە خاتەمە
وتم: بێ بۆ چۆڕ یا بۆ دێی نەنە
بە زەردەخەنە پێی فەرمووم: نە نە
وتی: حەز ئەکەم بێم لەبۆ سەردۆش
وتم: بەسەر چاو، ئەتنێمە سەر دۆش
وتم: دەرخە ڕووت بە وێنەی لالا
بە لەهجەی عەرەب پێی فەرمووم: لا لا
وتم: بێ بۆ لام نازاری سەرپۆش
پێی وتم: عەیبە هاتن بێ سەرپۆش
وتم: ئەم چەرخە بۆ گەردەلوولە؟
وتی پێم: چونکە زوڵفی من لوولە
وتم پێی: ماچێ لەو دوو چاوانە
وتی: مەحاڵە بەم دوو چاوانە
وتم: بمخەیتە ناوی چاوانە
دەسبەردار نابم لەو دوو چاوانە
وتم: دەرم کەی لە دیوانەکەت
شێت ئەبم، ئەبم بە دێوانەکەت
ئەسووڕێمەوە وێنەی پەروانە
هەرچەند بسووتێم وێنەی پەروانە
وتم: وا ئەڕۆم بۆ ماڵی لالە
بۆ سەیر و سەفای ئەو گۆنا لالە
وتی: لەم کات و شوێن و مەحاڵە
ئەوەی ئەتەوێ بۆ تۆ مەحاڵە
ئەمجار هەناسەم هەڵکێشا بە داخ
بووم بە دێوانەی دەشت و شاخ و داخ
تۆبەی کرد لە ڕۆح جەنابی «نامی»
خۆی کرد بە فیدای چاوانی جامی
ئەگەریش ئەو دوو وشەیە هەردووکیان «اسم» (ناو) بن یا «فعل» (کار و کردەوە) بن، ئەوە هاوجۆرییەکەیان ناو ئەنرێ بە «مماثل» واتە هاوچەشن. ئەگەریش یەکێکیان ناو و یەکێکیان کار و کردەوە بێ پێی ئەوترێ «مستوفی» واتە پڕبەپێست.
«نامی» لە نموونە هێنانەوەدا بۆ ئەم جۆرە ئەڵێ:
زیاد زیاد بێ نان و خوانەکەی
هەر ئاوەدان بێ دیوەخانەکەی
ئەگەر یەکێکیشیان «مفرد» و ئەویان «مرکب» بێ ئەوە پێی ئەوترێ «جناس الترکیب» وەک لەم بەیتەی نامیدا:
بەدکار نەفام و خامە «گادەمە»
با بلەوەڕێ لە گیای «گادەمە»
هەروا ئەڵێ:
پەریخانەیە خانووی پەریخان
بۆیە بۆ دێوان بوو بە دیوەخان
هەروا ئەڵێ:
لەگەڵ گوڵزارا چووم بۆ ناو گوڵزار
بۆ سەبر و سەفا و بۆ چاری ئازار
زانایێ فەرمووی پێکەوە مەڕۆن
مەگەر هەڵ بگرن دوعای چاوەزار
ئەگەریش لە شێوەی نووسیندا جیا بوون لە یەک ئەوە ناو ئەبرێ بە «مغروق» وەک لەم بەیتەی «نامی»دا:
چماچما: یا چمان، بۆ شوبهاندن بە کار ئەهێنرێن. مەخولە لای مامە خولە
بوو بە خاوەنی قەرەوێڵە و کوللەکوللە: پەردە و کوللەی سەر جێی نووستنی هاوینان لە سەربان بۆ دەفعی مێشوولە.