تأکید المدح بما یشبه الذم
لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
2 خولەک
1042 بینین
بیست و یەکەم: «تأکید المدح بما یشبه الذم»ە. ئەوەیش دوو جۆرە جۆرێکیان ئەوەیە سیفەتێکی تەعریفکردن جیا بکەیتەوە لە سیفەتێکی زەمی نەفیکراو لە کەسێک گوایە ئەم سیفەتی تەعریفکردنە لەو سیفەتی زەمە نەفیکراوەدا داخڵە.
نموونەی ئەمە وەک ئەوە کە خوا فەرموویەتی:
«و ما تنقمون منا الا ان آمنا بآیات الله».
«نامی»ی خاوەنی ئەم ڕازاوەیەیش بەم شیعرانە نموونەی بۆ ئەم سنعەتە هێناوەتەوە:
یارانمان بەرین لە گشت ناڕەوا
مەگەر لە باوەڕ بە زاتی خودا
یارم بێعەیبە مەگەر ئەم عەیبە
کە تیلی چاوی وەک مژدەی غەیبە
پاکە بە دەروون خاوێنە لە گەرد
مەر گەردی دۆستی بۆ ئینسانی مەرد
جۆری دووەمیش ئەوەیە سیفەتێکی تەعریفکردن لە سیفەتێکی تری تەعریفکردنی کەسێک جیا بکرێتەوە لەسەر ئەساسی ئەوە کە ئەم سیفەتی تری تەعریفکردنە بەر عەیب و شوورەیی ئەکەوێ.
«نامی» لە نموونە هێنانەوەدا بۆ ئەم جۆرە ئەڵێ:
یارم مەشغووڵە بە یادی خودا
چ لە کاتی ڕۆژ یاخود لە شەوا
ئەوەندە هەیە زۆر خێرۆمەندە
بۆ بێگانە و خوێش، بۆ شا و بۆ بەندە
هەر لەم جۆرەیە تەئکیدکردنی زەم بە شتێ کە بشوبهێ بە تەعریف، وەک لەم بەیتانەدا:
فڵان پیاوێکی بەدخوڵق و خووە
ئەوەندە هەیە عەقڵێ تێکچووە
بەدە و بە ڕەفتار زۆر تاوانبارە
ئەوەندە هەیە ئاژاوەی شارە
بە سەر و سیما زۆر ناشیرینە
ئەوەندە هەیە دەم بە نەفرینە
کابرا قازانجی هیچ لێ نابینی
ئەوەندە هەیە لاوازە دینی