حسن تعلیل
لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
2 خولەک
1211 بینین
نۆزدەهەم: «حسن تعلیل»ە. ئەم سنعاتە بریتییە لەوە کە بەیانی عیللەتێکی موناسب بکرێ بۆ وەسفێ بە ئیعتیبارێکی ناسکی ناواقیعی و ناحەقیقی. ئەمەیش لەسەر چوار بەشە، چونکە ئەو وەسفە یا هەیە و مەبەست بەیانی عیللەتەکەیەتی، یا نییە و کابرا ئەیەوێ ئیسباتی بکا، بەشی یەکەمیش یا بە عادەت عیللەتی بەدەرەوە نییە، یا عیللەتێکی هەیە غەیری ئەو عیللەتەی بەیان کراوە. بەشی دووەمیش یا مومکینە یا مومکین نییە.
نموونە بۆ ئەم چوار بەشە بەڕیز بەم جۆرەیە کە لەم شیعرانەی «نامی»دا بەیان کراوە. «وێنەی یەکەم»:
هەوری بەهاران ناڕێژێ باران
بۆ موقابەلەی شای کەرەمداران
بەڵام تای لێ دێ لە دەسندەی یار
ئارەق ئەڕێژێ لەسەر دیاران
ئیستا باران ڕشتنی هەور لە واقیعدا دەلیلی هەیە غەیری ئەم عیللەتە کە بەیان کراوە. دیارە گیانلەبەر نییە تا تای لێ بێ لە ئینفیعالدا. ئەم عیللەتەیش کە بەیان کراوە شتێکی ئیددیعائییە.
هەروەها وەک لەم شیعرانەدا:
وەنەوشەی بۆنخۆش لە کەناری جۆ
خۆی ئەنواند وێنەی گێسووی خۆشبۆی تۆ
قەزا زمانی کێشایە دواوە
تا خۆی نەنوێنێ لای تۆ سەرلەنۆ
***
برۆی کەوانە و برژانگی وەک تیر
کاتێ ئەڕوانێ دڵ ئەکا ئەسیر
خودا وای لێ کرد تا عالەم بڵێن
دڵبەر ڕاوچییە و دڵداران نێچیر
***
ڕوخساری یارم عالەم ئارایە
مێوی یاقووتی شاهان ڕەوایە
دروست کراوە بە شێوە هەتا
پیایا هەڵبڵێن هەتاهەتایە
«وێنەی دووەم»:
یارم نایەوێ عاشق بکوژێ
ئەیەوێ بەدکار خوێنی بمژێ
گفتی پێ داوە پێویستە وەفا
هەرچەند بێ تاوان خوێنی ئەڕژێ
«وێنەی سێهەم»:
ڕەقیب ڕەقابەت گەلێ بەسوودە
عاشق گەیشتە ئەوەی مەقسوودە
چاوی پێویستە بۆ بینینی یار
نەتهێشت کوێر ببێ، مەنعت بەسوودە
«وێنەی چوارەم»:
زوهرە و موشتەری دوو دەردەدارن
عاشقی گۆنای گوڵناری یارن
شەو کە یارم نووست ئەوان ئەوەستن
وێنەی ئێشکچیی لای شەهریارن