المبالغة المقبولة
لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
2 خولەک
1212 بینین
حەڤدەهەم: «المبالغة المقبولة»یە. موبالەغە واتە زیادەڕەوی و لە ڕادە دەرچوون. ئەمەیش سێ جۆری هەیە، چونکە ئەو شتە موبالەغە تیا کراوە یا بە عەقڵ مومکینە و ڕێی تێ ئەچێ و بە عادەت لەوانەیە ببێ، ئەوە «مقبول»ە و لە عورفا پێی ئەڵێن «تعلیق». یا بە عەقڵ مومکینە و بە عادەت لەوانە نییە ببێ، ئەوە پێی ئەڵێن «اغراق». یا بە عەقڵ مومکین نییە و کەواتە بە عادەتیش نابێ، ئەوە پێی ئەڵێن «غلو». ئەم جۆرەیان مایەی هەرا و ناکۆکییە چ بۆ تاک و چ بۆ کۆمەڵ.
وێنەی مومکینی عەقڵی و عادەتی ئەوەیە کە خوای گەورە ئەفەرموێ: «ظلمات بعضها فوق بعض، اذا اخرج یده لم یکد یراها».
«نامی»یش هەروەها بۆ بۆ نموونە ئەڵێ:
دڵی بەدکارم ئەوەند تاریکە
ڕێگای خەیاڵی تێدا باریکە
تاریکیی کینە و پەستی و بەدخواهی
خستوویەتە ناو پەردەی سیاهی
دڵێ بڕوانێ بۆ ڕۆژی ڕووناک
زەحمەت ئەیبینێ بە سایەقەی پاک
نموونە و وینەی ئەوەیش بە عەقڵ مومکین بێ و بە عادەت مومکین نەبێ، وەک ئەوە کە شاعیری عەرەب وتوویە:
و نکرم جارنا مادام فینا
و نتبعه الکرامة حیث مالا
«نامی»یش هەروا بۆ نموونە ئەڵێ:
دڵی دڵبەرم ئەوەند ڕووناکە
وێنەی ئاوێنەی بێگەرد و پاکە
ئەگەر بڕوانی بۆ ڕوخساری یار
ئەیبینی لەسەر فەلەکی دەووار