طباق

لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
 2 خولەک  930 بینین

یەکەم: «طباق»ە کە بریتییە لە کۆکردنەوەی دوو وتەی وا کە لە مەعنا و کاکڵدا «موتەقابیل» واتە بەرانبەری یەک بن، بەم مەعنا کە موخالیفی یەک بن و موناسبی یەکیش بن واتە پێوەند لەنێوان مەعنایاندا ببێ وەک «مانگ» و «ڕۆژ»، یا «زانین» و «نەزانین»، جا ئیتر ئەو دوو وتەیە ئیسم بن یا فیعل یا حەرف، یا جیاواز بن واتە لە جۆرێ بن یا دوو جۆر، ئیتر هەردووکیان ناو بن یا کردەوە یا پێوەند، یاخود جیا بن لە یەک و یەکێکیان ناو بێ و ئەویان کردەوە بێ، وەک ئەوە کە خودای میهرەبان لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: «الشَّمْسُ وَالْقَمَرُ بِحُسْبَانٍ وَالنَّجْمُ وَالشَّجَرُ يَسْجُدَانِعەرەبی». هەروەها فەرموویەتی: «أَوَمَن كَانَ مَيْتًا فَأَحْيَيْنَاهُعەرەبی».

وێنەی ئەمانە لە زمانی خۆیشمانا وەکوو ئەم چەند بەیتە شیعرەی «نامی»:

کابرا مردوو بوو زیندووم کردەوە
خانووی وێران بوو ئاوام کردەوە
نەزان بوو، بە دەرز کردم بە زانا
لاواز بوو، لای من بوو بە توانا
بێ نان بوو، لای من بوو بە دەوڵەمەند
بێ شان بوو، لای من بوو بە ئەرجومەند
بێ ژن و ماڵ بوو بە ماوەی چەند ساڵ
لای ئێمە بوو بە خاوەن ژن و ماڵ
هیوام پێی وا بوو بۆ من بەسوود بێ
جێگەی ئیشارەی پەنجەی حەسوود بێ
ئێستە لەباتیی سوودی گیانی من
بووە بە زیان بۆ ژیانی من
جیهان وا بووە و ئێستاش هەر وایە
هەر واش ئەمێنێ هەتا هەتایە
چاوتان نەڕوانێ بۆ سوودی خەڵکی
مەکەونە سەر ڕێی لاری بێکەڵکی
هەر چاکە بکەن بەڵام بۆ خودا
هەرگیز بۆ وەفا مەبن بەتەما
چون چاکە کردن کاری مەردانە
کاری ناباریش هیی نامەردانە
«نامی» ئەم نامە ئەنووسێ بۆتان
واتە خادیم بن بۆ خودای خۆتان