بسم الله الرحمن الرحیم

لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
 2 خولەک  1051 بینین

الحمد لله رب العالمين، و الصلوة و السلام على سيدنا محمد و ءاله و صحبه اجمعين، و من تبعهم باحسان الى يوم الدين.عەرەبی

لە پاش وەرگرتنی پیرۆزی بە ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان و، ستایشی پەروەردگاری جیهان و،سروودی دروودی بێپایان بۆ گیانی ڕەهبەری هوشیاران و، بۆ گیانی هەموو ئەندامانی خانەدانی و، ئالی بەرز و بەڕێزی خووجوانی و، کۆمەڵی کامڵی یارانی و، باقیی پەیڕەوانی عەهد و پەیمانی، ئەڵێم:

ئەمە چەند لاپەڕەیەکی ناسک و نازدارە، هاوڕەنگی گوڵی گوڵزارە، لە ئوسوولی هونەری «بەدیع»دا، نووسیم بۆ ئەوەی ببێ بە سەرمەشقی منداڵانی هاونیشتمان و، ناوم نا «ڕازاوەی نامی». هیوام وایە سوودی لێ وەربگرن و، بەهانەم لێ نەگرن و، ئەو یاسایانەی بە کورتی نووسیومن بە ڕەسایی ڕووناکیان بکەنەوە و، ئەوانەی تەرکم کردوون بۆی زیاد بکەن و، بە تەماشا کردنی ئەم کورتە نامەیە چرای دەروونیان هەڵبگیرسێنن بۆ دۆزینەوەی وردە نوکاتی قورئانی پیرۆز و وتاری ڕەهبەری دڵسۆز و کەلەپووری دەوڵەمەندی ئەدەبی کورد. ئیتر یارمەتی هەر لە پەروەردگاری تەنیا و تاک وەرئەگرین.

جا بزانن هونەری «بەدیع» هونەرێکە ئەبێ بە مایەی زانستی جوانکردن و ڕازاندنەوەی وتار لەپاش چاودێریی ڕەسایی ئەو وتارە بەپێی پێویستی حاڵی ئەو کەسەی وتاری پێشکەش ئەکرێ وەکوو زانیارانی بەلاغە فەرموویانە، پاش موتابەقەی کەلام بۆ موقتەزای حاڵ و مەقامی کابرای بەرانبەری گفتوگۆ لەگەڵ کراو و، پاش جوانیی یەکەیەکەی وشەکانی قسەکە و ڕستە ڕستەی وتارەکە، ئەگینا ڕازاندنەوەی وتاری ناڕەسا لەم بابەتانەوە وەکوو ئەوەیە بەرگی جوان بکەیتە بووکی ناشیرین.

ئەم نامیلکەیە ڕیز دراوە بە دوو فەسڵ، واتە دوو پارچە و خاتیمەیێ، واتە پایانێ یا داوێنەیێ.