دوێشەوێ دیتم لە خەودا وام لەگەڵ شەککەر لەبێ

لە کتێبی:
دیوانی ئەحمەدی کۆر
بەرهەمی:
ئەحمەدی کۆر (1771-1856)
 4 خولەک  1638 بینین
دوێشەوێ دیتم لە خەودا وام لەگەڵ شەککەر لەبێ
ڕووبەڕووی دڵداری گیانیم، لێی دەخوازم مەتڵەبێ
لێی دەخوازم زۆر بە زاری، بە زەلیلی و ئینتیزاری
بۆ دەوای دەردی بیماری، بووسەیێ لەو غەبغەبێ
غەبغەبی بەیزا و مونەووەر، مەهڕوویی تەنناز و دڵبەر
لەب میسالی حەوزی کەوسەر، جایی نۆش و مەشڕەبێ
مەشڕەبێ لەعلی لەبانی، عەیشی ڕۆحی خەستەگانی
داڕووی دەردی نیهانی، حەق نەسیب کا بۆ مە بێ
حەق لەبۆ مەی کا نەسیبە، ڕۆئیەتی ڕوویی حەبیبە
زوو لەبۆ مە بێ تەبیبە، جەڕحی دڵ پێی خۆش دەبێ
خۆش دەبێ ئەو جەرح و زامە، دڵبەری شیرین کەلامە
بەشقی شای خەیرولئەنامە، لوتفێکت دەر حەق مە بێ
تۆ بە لوتفی خۆت عەتا کە، دڵ لە بەندی خۆت ڕەها کە
بووم بە تای زوڵفت هیلاکە، سەر بە دۆش چون عەقڕەبێ
عەقڕەب و ماری گەزەندە، حەڵقە حەڵقە چون کەمەندە
سەر لەبەر گەردن لە بەندە، باعیسی لەرز و تەبێ
باعیسی ڕۆژی دەتەنگە، یار حەبیبی دڵ چۆ سەنگە
هەر کەسێ ئەو لێی بە جەنگە، ڕاحەتی مردن دەبێ
ڕاحەت و عەیشی مەحاڵە، بۆ کەسێ حەشری خەیاڵە
هەر کەسێ دی ڕووی بەخاڵە، شیبهی خەتتی مەکتەبێ
مەکتەبی عالەم نەزارە، خاڵ وەکوو نەجم و ستارە
دڵ بە دینی ئینتیزارە، سوحبەتی گێسوو شەبێ
گێسووی موشکین کەلافە، دەستە دەستە چون تەنافە
جەبهەتی بێ گەرد و سافە، تاری کرد وەک مەغریبێ
تاری کرد وەک شەب زوڵامە، ڕەوشەنی چاوی ئەنامە
شاد بەخشی خاس و عامە، دیتنی ڕووی قەند لەبێ
دڵبەری نوورین جەماڵە، خۆشەویستی زولجەلالە
کافیی عیسیان مەلالە، بوونی ژێر پێی مەرکەبێ
مەرکەبی ناو لێ بۆڕاقە، ڕاکیبی سادیق میساقە
خۆشەویستی فەردی تاقە، شافیعی مەن ئەز نەبێ
شافیعە بۆ ئینس و جانان، خێری ئەرز و ئاسمانان
بمدەنێ هەر دوو جیهانان، ئەز نەدەم پێی مەنسەبێ
سەد کە من مەنسەب و پایە، هەر غەم و دەرد و بەڵایە
چونکە یار ساحێب وەفایە، تەرک دەکەم بۆی مەزهەبێ
مەزهەب و دین چوو لە دەستم، من فیدای ئەو چاوی مەستم
یاری خۆم ئەز دەپەرستم، تا لە قەلبم ڕۆح هەبێ
ڕۆح و دڵ، عەقڵ و ئیمانە، هەر چی دەر کەون و مەکانە
هەفت ئەرز و ئاسمانە، پاک لە ڕێی یار فیدیە بێ
پاکی عالەم تۆی مرادە، تالیبی مەجروح فوئادە
عاشق هەر ئەو وەختە شادە، یار بدا لێی مەزرەبێ
یار بکا لێی زەربی کاری، لە قولووب و جەرگی یاری
ئەو غەم و ئەندووهـ و زاری، بۆ مە هەدیە و توحفە بێ
دڵ لەبۆی هەدیە و ویسال کەین، جیسم و تەن بە کۆی زوخاڵ کەین
نەک چ جاری دی خەیاڵ کەین، فکری لەهو و مەلعەبێ
چی جیهانە لەهو و لەعبە، گەر عیناد و ڕەنج و تەعبە
کارێکی زۆر زێدە سەعبە، دڵ کە عیشقی تێ نەبێ
دڵ لە عیشقی یار جودا بێ، بە هەزار دەرد موبتەلا بێ
دەک بە زەهری مار هەلا بێ، ڕەستگاری لێ نەبێ
چارەیی بۆ نین دۆعایە، چونکە جیسمێکە فەنایە
ڕۆح بە نووری وی فیدایە، تەن سیای سەر حەڵقە بێ
حەڵقە حەڵقە تووکی مەڕخوز، غەمڕەوێنی دەردی عاجز
تازە عومرت بوو بە سێ عوز، یا ڕەبی سێ پەنجە بێ
ڕۆژبەڕۆژ ساحیب نەجات بێ، هەر لە سەر عەیش و نیشات بێ
دیم چراغی ڕووی بیسات بێ، خاڵ چوو نەجم و کەوکەبێ
کەوکەب و نەجمولهودایە، شاهـ و سوڵتان و گەدایە
هەر چی دی، بۆی جانفیدایە، دەک لە ئێمەش نەخشە بێ
دەک ئەمەش بۆی جانفیدا بین، دڵ فەراغی ماسیوا بین
سەردەمێکیش ئاشنا بین، تا عومر باقی هەبێ
تا دەچێ عومرم بە فانی، موددەیی پیری و جەوانی
سەر لە ڕێی دڵداری جانی، خاکی ژێر پێ و مەکعەبێ
گەردی ئەو ژێر کەوش و کاڵان، سایەیی سەرو و نیهالان
دەفتەری ئەو جوانە خاڵان، بۆ مە عیلم و نوسخە بێ
بۆ مە ئەو باغی نەزەر بێ، هەر کەس عیشقی تۆی لەسەر بێ
ڕەنگە شای ساحێب زەفەر بێ، درفارسی جیهان پڕ فەتحە بێ
ڕەستگاریم نین لە دامە، کەی بچێنم گوڵ بە کامە
حوببی شای خەیروولئەنامە، قەت لە قەلبم کەم نەبێ
عومری «ئەحمەد» چۆتە فانی، موددەتی پیری و جەوانی
هەر بە عیشقی شایی جانی، خاکی ژێری نەعلە بێ؟!