عەکاشە

لە کتێبی:
دیوانی ئەحمەدی کۆر
بەرهەمی:
ئەحمەدی کۆر (1771-1856)
 9 خولەک  859 بینین
ڕووی دە موهری هەڵدەسوو
خودا وا ئەمری پێ بوو
ئۆخەی دڵم تاقەت بوو
بەو بۆسەیە ساکن بوو
لە کنت دەبێ مەعلوومە
ڕاست وەبە لێت خۆش بوومە
ئەو محەممەدی نازدارە
بە دووان گرتین دوو جارە
لەرزی وەک بید و دارە
چۆوە ماڵێ بە بیمارە
ئەو خاتەمول مورسەلین بوو
لە موناجات زۆر مەتین بوو
پازدە ڕۆژان لە نووین بوو
جێهێشتنی جێ و شوێن بوو
ڕۆژی شازدەی چوونە دەر بوو
ئیرادەی پێ سەفەر بوو
لە سوبحێکی کامیلە
فەرمووی ڕەببی جەلیلە
هەڕۆ خوارێ عیزرائیلە
کن محەممەدی کامیلە
فەرموودەی شاهی ئەحەدە
تا بە خۆی دەستوور نەدە
چ نەڵێی بە محەممەدە
بەرەو لای محەممەدە
وای فەرمووی شای غەفوورە
تا لێی نەدەن دەستوورە
بەبێ ڕوخسەت مەچۆ ژوورە
هەر ڕابوێستە لە دوورە
عیزرائیل کە هاتە خوارە
بە ئەمری شاهی جەببارە
لە دەرکی ماڵی کرد قەرارە
چاوەڕوان و ئینتیزارە
سێ سەحاتان ڕاوەستا لە دوورە
بانگی کردنێ بێ زەروورە
ئەی ئەهلی بەیتی پاک نوورە
ڕوخسەت هەیە بێمە ژوورە
من فەرمانێکم هەیە بە زەروورە
بەو سەییدی ناو مەشهوورە
داخۆ ئیزنە بێمە ژوورە؟
هەتا تۆ دێیە حوزوورە
فاتیمەی پڕ دە ئوسوولە
فەرمووی ئیزنە بێمە ژوورە
هەرچێکوو ئەو ڕەسوولە
بە دەردی خۆی مەشغوولە
ساعەتێک بگرە قەرارە
تا ئەو سەییدی موختارە
نازداری وەک پێغەمبەر
هەر کە بیستی ئەو خەبەر
ترسا بە جان و جگەر
هیچ ترست نەبێ لەبەر
لە فاتیمەی کرد پرسیارە
ئەی فەرزندی منی نازدارە
دەگەڵ کێت بوو ئەو گوفتارە
مەکە گریان و هاوارە
بەوەی کەمێ کە وەههابە
فاتیمە دەڵێ ئەی بابە
بە زبان دەڵێی عەرەبە
مەردێکی عالی نەسەبە
لەوێی گرتووە قەرارە
ئەڵبەت بە تۆی هەیە کارە
فاتیمە کوتییە نەبییە
بەوەی کەمێ کە ڕەبییە
ئەز دەزانم ئەوە کێیە
دە مەخلووقی ئەرزی نییە
«ملک الموت»ی سیددیقە
ڕوحان دەکا بە تەحریقە
ناوەستێتن یەک دەقیقە
بێ هاوەڵ و بێ ڕەفیقە
بە ئەمری فەرمانی جەببارە
خراب دەکا ڕۆزگارە
لەبۆ ڕوحیت ئینتیزارە
لێک دەستێنێ برا و یارە
حەسەن بۆ حوسەین دڵگیرە
حەبیبی ڕەببی کەبیرە
فاتیمە کە بیستی ئەو بەیانە
کردی بە داد و فوغانە
بۆ سەرداری ئینس و جانە
دەستی دەکرد بە گریانە
فەرمووی بە لەفزی عەرەبی
قەسەم بە زاتی دە ڕەببی
دەڵێم بە زار و گریە بی
ڕەنگە لە ئوممەتی من نەبی
ئەو ڕەحمەتی شای بێ ئەسەرە
دەردێکی چەند بێ مەفەرە
کەس پێی نابا چ زەفەرە
دەبێ بکرێ ئەو سەفەرە
لە سێ ڕۆژان بەولاوە ئەوجار
چی من دەکا بە ئیختیار
زۆر بۆم مەکەن گریان و زار
دەڕۆم بە ئەمری کردگار
ڕازی ببن بە قەزایێ
ئەمڕۆ چاکن لە دنیایێ
فاتیمە ئەو قسەی قوبووڵ بوو
لە موناجاتان زۆر مەقبووڵ بوو
گوێدێر بە قسەی ڕەسووڵ بوو
بە سەبر و حیلە و سەبوور بوو
لە موناجاتان زۆر مەتین بوو
پازدە ڕۆژان لەسەر نوێن بوو
عیزرائیل لە قیامە
هاتە خوارێ لە مەقامە
لە محەممەدی کرد سەلامە
هاتوویە خوار ئەو جارە
سەلامی وەرگرت ئەو جارە
بەخێر هاتی ئەی ئەغیارە
داخۆ بە منت چ کارە؟
وەرگرم یا بڕۆم ئەو جارە
هاتووی کە چی ئیشارەت کەی؟
یا ئەو ڕوحیم لێ غارەت کەی؟
وای کوت عیزرائیل نازدارە
بەوەی کەم کە ئەو جەببارە
من پێم هەیە هەر دوو کارە
وەرگرم یا بڕۆم ئەو جارە
فەرمووی کە هاتی بە تەعجیل
بە ئەمر و فەرمانی جەلیل
لە کوێت چاو پێکەوت جوبرائیل
ئەتۆ هاتووی بە تەعجیل
چاوم پێکەوت هات و ڕاوەستە
دەگریا بە دوو چاوی مەستە
مەلەکان تازیانیان لێ خواستە
پەلە مەکە ڕابوەستە
حۆرییان ئیرادە بوو وەکەن
تەبەقی نووری توحفە کەن
شاباش لەبۆ ڕۆحی تۆ کەن
تێکڕا خۆیان موزەیەن کەن
هەر چی بوون و هەر چی نەبوون
ڕەببی کاری «کُن فَیَکُون»
پاک موحتاجی هاتنی تۆن
ئەی ڕەسووڵی خۆش ڕەنگ و بۆن
حەتتا خالقی غەففارە
چاوەنۆڕە، ئینتیزارە
کەنگی ڕۆحی تۆ دەچێتە دیارە
ئەی محەممەدی نازدارە
جوبرائیل لە قیامە
هاتە خوار لە مەقامە
لە محەممەدی کرد سەلامە
دەگەڵی دەکرد کەلامە
سەلامی وەرگرت نەبی
دەڵێ وەڵڵاهی بە زاتی ڕەببی
دەبێ جێی ئۆممەتیم لەکن بی
لە ئومەتم غافڵ نەبی
وی بە جوبرائیل کوت: گیانە
لە پاش من ئەسەح بزانە
ئەو مزگەوت و ئەو مەکانە
دەبن چۆڵ و وێرانە
ئەو مزگەوت و ئەو مینبەرە
جێنشینی پێغەمبەرە
دەبن زیر و هەم زەبەرە
بە ئەمری حەییی ئەکبەرە
ئۆممەتی من گوناهکارە
ئەقدەمییان چوون ئەو جارە
تەکەللومی کرد بە زارە
ئادەمییان دێتە دیارە
کەس نییە وەعزیان لەبۆ بخوێنێ
وەسەر ڕێگەی حەقیان بێنێ
دا شەیتان ئیمانیان لێ نەستێنێ
خەڵک بە باوەڕ بمێنێ
خالیق خۆی خێوی قودرەتی
ئەمە دەبا بۆ جەننەتی
چی دەکا دەگەڵ ئۆممەتێ؟
هەموان بەرێ بۆ جەننەتێ
جوبرائیل هات بە تەعجیلە
گەییە بەر لیقای جەلیلە
گوفتاری کردن کامیلە
لەگەڵ ڕەسوولی جەلیلە
دەڵێ وای فەرموو شای جەببارە
سەلام لە نەبی موختارە
دەغدەغەی نەبێ چ جارە
ئەو دەچێ ئەزم سەردارە
من پادشایەکی بە سەبرم
بێ شەریکم قەت نامرم
قەدری ئەوان چاک دەگرم
دینیان لەبۆ ڕادەگرم
لێن بەشەرن، دەکەم ئیمانێ
کانی خێر و هەم ئیحسانێ
فەزڵی ویرد و هەم قورئانێ
لە ئۆمەتی ئاخر زەمانێ
بە زاتی خۆم، خۆم جەببارە
لە دنیای بەد و ڕۆژگارە
پێت دەبەخشم گوناهکارە
چون پێغەمبەر ئینتیزارە
بە زاتی خودای «ذی الأنعام»ە
بەهەشت خۆش و پڕ تەعامە
لە هەموو کافران حەرامە
بۆ ئۆممەتی «خَیرُ الأَنام»ە
دوو دەستی هێنا بەردانە
ئەو لەوێی بژارد شوکرانە
وای کوت بە دڵی بێ ئەندێشە
جانی جانان وەرە پێشە
قەبزی ئەڕواحم بکێشە
ڕێگای مەحشەر لە پێشە
ئەی مەلەکی پاک و ئەمین
مەئمووری خوداوەندی موبین
زوو کە وەرە پێ هەڵێنە
ئەمری ئاغات بەجێ بێنە
عیزرائیل لە جێی خۆی هەستا
لە پێش نەبی ڕادەوەستا
دەستی دەنا لەسەر دەستە
بۆ قەبزی ڕوحی بەردەستە
ئەو ڕوحی نەبیی موختارە
بە ئەمری پادشاهی جەببارە
لە ئەژنۆیانی گرت قەرارە
لە پەنجەرەی دەهاتە خوارە
ئەو محەممەدە سەرمەستە
شەربەتی ئاوی دەخواستە
ئەو دوو دەستی وا نوورینە
[دە ئاوی ساردی هەڵێنە]
بینەی خۆی دە ئاوێ دەنە
پاک و مونەززەهـ ڕەحمانه
خالقی کوللی دە ئەشیانە
گیان کێشان چەندە گرانه
بەوەی کەم کە ئەو سەببووحە
لە ئاخری دنیا تاکوو نووحە
لە تۆم سووکتر نەکێشان ڕووحە
----------دەقی نائاشکرا
فەرمووی بە لەفزی عەڕەبی
تۆی ئەوەڵ و ئاخر نەبی
حەزێ دەکەم سەد هێندە بی
قەسەم بە زاتی دە ڕەببی
هێندە بێ لە سەر ئۆممەتی نەبێ
هەمووی لەسەر قەلبی من بێ
هێندە بێ لە سەر ئۆممەتی نەبی
وای دەفەرموو زاتی نەبی
ئۆممەتی من گونەهکارە
تاقەتیان نینە چ جارە
ببینن ئەو ڕۆژگارە
ئەو سەییدی دە نامدارە
هەڵیان گرن بە هەزارە
بە هیممەتی برا و یارە
ئەو مەردی چاک و ئەمینە
سەیید «ختم المرسلین»ە
ئەوان خوێندیان یاسینە
لەسەر پادشای مەدینە
ڕوحی وە ئەعزەم کار کرد
لە دنیای کۆچ و بار کرد
ڕووی وە ڕەحمەتی جەببار کرد
خۆڵی بە سەر مەی هەژار کرد
ئۆممەتی خۆی بێ سەردار کرد
پاکی بێچارە و هەژار کرد
«کُلُّ شَیءٍ هالِک» بوون
بە ئایەت کاری «کُن فَیَکُون»
«إِنَّا لِلَّهِ وَ إِنَّا إِلَیە رَاجِعون»
هەر کە ویستی «کُن فَیَکُون»
ئیبنوعەبباس و حەیدەری نامدار
ئاویان دەکردن گەرم و سار
پێیان شوشتن، نەبی موختار
لەشی پیرۆزی نازدار
بوردێکی یەمەنییان بە دوو بەر کرد
لەویان بە کفنی ڕەسووڵی سەروەر کرد
ئەو محەممەدی وا سەر مەستە
سێ قەدیان بۆ ڕاخستە
لە نێویاندا ڕانەوەستە
قورئانی لەسەر دەستە
جوبرەئیل کە هاتە خوارە
دەگەڵ چەهار مەلەکی موختارە
نوێژان کرد لە نەبی نازدارە
بە عیززەت و ئیقتیدارە
هەڵیان دەگرت ئەو جەنازە
بە عیززەت و قەدر و نازە
بردیان بۆ ڕەوزەیی ڕازە
بە عیززەت و قەدر و نازە
بە ئەمری شاهی جەببارە
دڵ لە تاوی لەت و پارە
دایان نا بەر پشت نەبی موختارە
ئەویان وا لە دەستی شارە؟
ئەو محەممەدە چاو هەڵێنابوو
پاڵی وە قەبری خۆی دابوو
بۆ ئۆممەتی دەست بە دوعا بوو
----------دەقی نائاشکرا
گەر ئێمە سەد جاران بەدین
ئەحمەدیللا ئۆممەتی محەممەدین
گەر ئێمە سەد جار نادانین
ناشی و شێت و هیچ نەزانین
ئەلحەمیللا کافر نین و موسڵمانین
ڕێگای دین باش دەزانین
هیجرەتی نەبیی موختارە
هەزار و دووسەد و دوو چەهارە
ئەو بەیتە بوو بە ئەشعارە
بۆ مەدینەی پڕ ئەنوارە
یا ڕەببی بە ئەم شەوی هەینی
بە شاهی قابەقەوسەینی
بە ئیمامی قیبلەتەینی
قەڵەم بە گوناهن دێنی
ڕەحمەتێکی بێ شومار کەی
لە جەماعەتی برا و یار کەی
لە جەماعەتی برا و یار کەی
بۆ ئۆممەتی پێغەمبەر کەی
هەزار ڕەحمەت لە گوێدێران
جودا لە شەیتانی ماڵوێران