من گەدایی دەرکی خۆتم پادشاهی ئەرجومەند

لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
 2 خولەک  929 بینین
من گەدایی دەرکی خۆتم پادشاهی ئەرجومەند
ڕووت و قووت و بێ نەوا و بێ شعوور و موستەمەند
کوێرە چاوی دەرکی مەعنام ئینتیزارم بۆ مەدەد
کەوتمە داوی نەفس و شەیتان تۆوی چاکەم قەت نەچەند
شاهی شاهان مورشیدی خۆم یا عەلائەددین مەدەد
چوو لە دەستم عومری گەنجیم ڕووم لە تاعەت قەت نەکرد
سەد ئەسەف بۆ ڕۆژی قیامەت هیچ لیباسم قەت نەکرد
حەسرەتا چۆن بچمە مەحشەر چاکەیێکم قەت نەکرد
غەیری قاپی غیرەتی تۆ چارەیێکم قەت نەکرد
شاهی شاهان مورشیدی خۆم یا عەلائەددین مەدەد
چونکە ژیانم گەییە ئاخیر خەم بووە من قامەتم
شاهی من تەدبیری دەرمان بێ زەخیرەی قیامەتم
ئیستەکەش پیر و زەعیف و عاجز و بێ تاقەتم
بۆتە پەردە وا لەسەر دڵ قەسوەتی بێ غایەتم
شاهی شاهان مورشیدی خۆم یا عەلائەددین مەدەد
وا لەناو بەحری قەساوەت کەوتمە سەر مەوجی خەتا
گەر سەفینەی نووحی لوتفتبێ نەجاتی دڵ بدا
تا لەدەستم دەر نەچێتن سیلسیلەی ڕێگەی خودا
هیچ پەنا و مەلجە نەماوە هەر دەڵێم یا شاهـ عەلا
شاهی شاهان مورشیدی خۆم یا عەلائەددین مەدەد
موددەتی ژیانم تەواوە هاتە سەر ڕۆژ و سەعات
یا دەقیقە و زەڕڕە ماوە یا نەفەس دەرچوو نەهات
وا لە هەنگاوی سەفەردام ڕێگەشم هات و نەهات
نەفس و شەیتان بوونە جەردە وان لەسەر جاددەی نەجات
شاهی شاهان مورشیدی خۆم یا عەلائەددین مەدەد
چیم لە ژیانی عەسری ئێستا وەختە شێت بم بێ ڕیا
تێ دەفکرم هەر بە جارێ پەردەیی عیسمەت دڕا
بۆتە عەنقا ناوی ماوە جەوهەری ماددەی حەیا
دین و تەقوا بوونە گاڵتە حورمەتیان لای کەس نەما
شاهی شاهان مورشیدی خۆم یا عەلائەددین مەدەد
دەستی من دامێنی تۆ بێ تۆی کە سوڵتانی جیهان
بمخە ژێر قەبزەی ئەمانەت ئەی ڕەئیسی عارفان
من نەخۆش و دەردەدار و تۆش تەبیبی حاڵ زان
سەد دەخاڵەت ئەی حەکیمی دەردی زومرەی عاسیناسناوی ئەدەبییان
شاهی شاهان مورشیدی خۆم یا عەلائەددین مەدەد