کابرایەک لەو کوردەوارییە کوڕێکی هەبوو...
کابرایەک لەو کوردەوارییە کوڕێکی هەبوو، دنیا زستان بوو، کوڕە هەر ئەچووە بەر بەفرو سەرماکە. باوکەکەی هەر چەند هاواری لێ ئەکرد، کوڕە ڕۆڵە وەرە ژوورەوە نەخۆش ئەکەوی کوڕە گوێی نەئەدایە. ڕۆژێک بەفرێکی زۆر باریبوو، چووە سەربانەکە بۆ بانماڵین. باوکەکەی گەلێ هاواری لێ کرد و لێی پاڕایەوە کە بێتە خوارەوە و ئەم بانە نەماڵێ. پێی وت، ڕۆڵە جەرگم مەسووتێنە، وەرە خوارەوە. کوڕە هیچ وەکوو گوێزی بۆ بژمێرن وابوو. ئینجا باوکەکە هات، کوڕەکەی کوڕێکی کۆرپەی هەبوو، هەر باوەشی کرد بە کوڕە بچکۆلەدا و بردی لە سەربەفرەکە داینا. کوڕەکەی خۆی لە سەربانەکەوە چاوی لێ بوو، لەوێ ئاگری تێبەر بوو بانگی کرد: «ئای بابە! ئەوە بۆ ئەو کوڕە لەسەر ئەو بەفرە دائەنێی؟ ئاخر نازانی نەخۆش ئەکەوێ؟ دە لایبە. لایبە بۆ خاتری خوا، کزە لە جەگرمەوە پەیدا بوو» باوکەکەش وتی: «ڕۆڵە، تۆ بۆ ئەمە چۆنیت، منیش بۆ تۆ وامە، ئەی بۆ چ هەر هاوارت لێ ئەکەم گوێم نادەیتێ».