کابرایەک هەبوو شەپەی ناو بوو دڵی چوبوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  422 بینین

کابرایەک هەبوو «شەپە»ی ناو بوو، دڵی چوبوو لە ئافرەتێک، بە تەواوی بۆی سووتابوو، وای لێ هاتبوو هەموو کەس پێی زانیبوو. لە ڕوویشی هەڵنەئەهات قسەی لەگەڵ بکا. ڕۆژێک سەیریان کرد «شەپە» زۆر بە دەماخە، پێیان وت: شەپە چییە؟ وا دیارە ئیمڕۆ شتێک هەیە! وتی: خزمینە! خوا دەرووی لێ کردمەوە، ئیمڕۆ قسەم لەگەڵ دۆستەکەما کرد و ئەویش جوابی دامەوە. وتیان چۆن؟ وتی: کە چووم سەیر ئەکەم لە سەرکانی گەنم ئەشواتەوە بۆ ساوەر، منیش پێم وت: «ها، وەڵڵا ئەڵێی هەموو گەنمەکە بخۆم» ئەویش پێی وتم: «ها، مانگایە، مانگا».