حەسە بێ لووتە هەبوو لە سولەیمانی زۆر...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  511 بینین

«حەسەبی لووتە» هەبوو لە سولەیمانی، زۆر حەزی لە زەماوەن و هەڵپەڕکێ ئەکرد، لەرزۆکیش بوو، کە ئەیبیست شاییەک لە «سەرشەقام» هەیە، ئەم سەر لە بەیان بە لەرزەلەرز لە «مەڵکەندی»یەوە بۆی بە ڕێ ئەکەوت تا ئەچووە سەر زەماوەنەکە ئەوان لە نیوەی ئەبوونەوە. کە چووە ئەوێ، ئەوا هەڵپەڕکێیە، ئەم خەریکی پشتێنەکەی ئەبوو و ڕێکی ئەخست، بە دەمیشیەوە ئەیوت: «دەی برانم، دەی خەریک بن، وا هاتم، ئێستە بۆتان گەرم ئەکەم». کە لە پشتێنەکەی ئەبۆوە خەریکی ڕێکخستنی فەقیانەکەی ئەبوو. لەبەر ئەوەی لەرزۆک بوو، بۆی ڕێک نەئەخرا. بەم بۆنەوە ئێگجار زۆر پێوە ئەبوو. تا ئەمانەی ئەکرد، شایی لێ ئەبۆوە و خەڵکەکە بڵاوەیان لێ ئەکرد! ئەمیش بە هەناسەی سارد ئەگەڕایەوە، قەت بۆی ڕێناکەوت جارێک بە زەماوەنێکا بگات.