جارێک لە سولەیمانی فەقێکانی مزگەوتی...
جارێک لە سولەیمانی فەقێیەکانی مزگەوتی گەورە تانجییەک ڕاو ئەنێن، هەتا ئەیکەن بە ژووری مزگەوتەکەدا. لەوێ هەموو قاپی و پەنجەرەی لێ دائەخەن و سەگ بە حەساری پێئەکەن، تانجی هەموو مزگەوتەکە پیس ئەکا و لە ترسانا ئەپەڕێتە سەرمنبەرەکە و دەست ئەکا بە قووڕە قووڕ. ئەو ئەقووڕێنێ و فەقێیەکان بۆی ئەسێننەوە! لەم هەرا هەرایە مجەورەکە ئەچێ خەبەر ئەدا بە «سەید ئەحمەدی بابە ڕەسووڵ» کە فەقێیەکان سەگێکیان خستۆتە ژووری مزگەوتەکە و سەگ بە حەساری پێئەکەن. «سەید ئەحمەد»یش تووڕە ئەبێ و دارعەساکەی ئەگرێ بە دەستەوە و دێت بۆ فەقێیەکان لێیان بدات. فەقێ کە ئەزانن وا سەید هات، ترسیان لێ ئەنیشێ. یەکێکیان قومارباز ئەبێ، ئەڵێ ئێوە لێگەڕێن ئێستا من چاری ئەم ئیشە ئەکەم.
سەید دێت و ئەڵێ: هەی وا وا لێکراوینە! ئەوە چۆن سەگتان کردۆتە ژووری مزگەوتەوە؟ ئەو فەقێیەیان ئەچێ بە پیریەوە و ئەڵێ: «قوربان، بە سەری تۆ سەگ نەبوو تانجی بوو». ئیتر سەید سارد ئەبێتەوە و ئەڵێ: «تووخوا تانجی بوو؟ سا وەڵڵا لام وابوو سەگ بوو، کە واتە دیارە مجەورە قوماربازەکە درۆی کردووە». فەقێش ئەڵێ: «نەوەڵڵا قوربان تانجی بوو».