نەوزاد لە خانەدانێکی گەورە و...
«نەوزاد» لە خانەدانێکی گەورە و بنەماڵەیەکی ناودار بوو، بە پێی ڕۆژ و چەرخ بەرەبەرە لە پلەی خوێندەواریدا سەرکەوت، هەر بۆ خوێندن ڕووی کردە وڵاتان و دانشگا بەرزەکان. باوکیشی هیچ درێغی لێ نەئەکرد، چۆن درێغی لێ ئەکا، ئەو بە سامانی زۆر لە هەموو وڵاتا ناوبانگی دەرکردبوو. نەوزادیش بە زیرەکی و دانایی مامۆستاکانی دانشسەرا و دانشگاکانی کردبوو بە ئەموستیلەی دەستی. بەم هۆیەوە هەچ خوێندنێک هەبوو نەوزاد تەواوی کرد و هیچ نەمایەوە کە دەستی نەیگاتێ.
ڕۆژانی قوتابیەتی -با زۆر درێژەش بکیشێ- هەر دەوری گەلاڵەیە. ئەوەی بیەوی پەرە بسێنێ و بکەوێتە ناو دەریایەکی زانایی و فیکرەوە، ئەو ڕۆژانەیە کە دەوری دەرز و خوێندن لە کۆڵ ئەبێتەوە و خۆی ئەکەوێتە ناو ئەو دەورەوە کە باوەڕی لەسەر نەفسی خۆی بێ و پشتیوانی موتاڵا و کۆششی خۆی. خۆی پێ بگەیەنێ، جا هەر یەکە لە ڕوویەکەوە و هەریەکە لە قاپییەکانی عیلمەوە.
«نەوزاد» لەو ڕۆژانەدا کە قوتابی بوو، خوێندنەوەی بێجگە لە دەرسەکانی خۆیشی هەر زۆر بوو، هەموو جار لە کون و قوژبنی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەکانا، چاوی بە وشەی کامەرانی(سەعادەت) ئەکەوت و چاوی بەو مانایانە ئەکەوت کە لە کامەرانییان ئەدایەوە و هەر یەکە بە جۆرێ باسی ئەکرد؛ یەکێ ئەیوت کامەرانی ئەوەیە کە پیاو زانا بێ، یەکێ ئەیوت کە لەشی ساغ بێ، یەکێ ئەیوت ئەوەیە کە سامانی زۆر بێ، یەکێ ئەیوت ئەوەیە کە پیاو ژن و ماڵی بە دڵی خۆی هەبێت. بە کورتی هەر یەکە بە جۆرێ باسی ئەکرد و هیچیشیان نەئەگیشتنە ئەنجام، چونکە هەموویان لە ئاخری قسە کانیانا تەگەرەیەکیان تێ ئەخست و کامەرانییەکە تێک ئەچوو.
نەوزاد ئەم خوێندنەوانە و ئەم جەنگ و هەرای بیر و باوەڕانە وای لێ کرد کە مرخی بپەڕێتە سەر دۆزینەوەی کامەرانی و هەستێ بچێ بسووڕێتەوە بزانێ کامەرانی کامەیە. خوێندنی خۆی تەواو کردووە و سامانی باوکیشی زۆرە، ئەتوانێ بۆ ئەم ڕێگەیە چۆنی بوێ وا بکا. هەستا لەم شار بۆ ئەو شار لەم گوند بۆ ئەو گوند دەستی کرد بە گەڕان. زیاتر مەبەستیشی لەم فرمانەیا ئەوە بوو بزانێ کامەرانی لای کێ هەیە، تا ئەمیش خۆی بکا وەکوو ئەو. بەو خۆشی و ئاسایشە ڕابوێری. سەرەتا ڕێی کەوتە دێیەک لەو کوێستانە، کۆشکێکی گەورەی بەرچاو کەوت، ڕووی تێ کرد و چوو لە دیوەخانەکەدا دانیشت. دیوەخانێکی گەورە، گەلێ لە هی ماڵەگەورە جوانتر و خۆشتر بوو. پڕ فەرش کرابوو لە قاڵی کاشان، سەماوەری هەشت تەرخان لەو لاوە، چەند خزمەتکارێک هەموو بە جلوبەرگی کوردی جوانەوە، دەست لەسەر خەنجەر ڕاوەستان و چاوەڕێی فەرمان ئەکەن، دەوری کۆشکەکەش هەموو باغ و گوڵ و دارستانە. نەوای بولبول و قومری و کۆترە و باریکە لە ناو دارەکانا دەنگیان لەگەڵ فریشتەی ئاسمانا تێکەڵاو کردووە.
ئەم دانیشت و زۆری پێ نەچوو خۆر لە زەردەپەڕا بوو، بەردیوەخانەکە شڵەژەی تێ کەوت، کە سەیری کرد وا پیاوێکی کەڵەگەتی هەر زۆر جوانچاک، دوو دەستە فیشەکی ڕاوی لە پشتایە و تفەنگەکەشی بە دەستەوەیە(تفەنگی ڕاو)، سواری ماینێکی ڕەشبۆرە بووە و چەند سوارێکی تری لە پشتەوەیە، دە دوانزە توولە و تانجی بە دەوریانا هەڵقون هەڵقونیانە، چەند دانەیەکیش کەروێشک و مەڕەکێوی سەر بڕواوە و بەسەر وڵاغێکەوەیە.
سوارەی لاوچاک دابەزی و چەند زەلامێک چوون بە پێشوازییەوە، تفەنگ و فیشەکەکەیان لێ وەرگرت و بە ڕوویەکی خۆش و دەمی پڕ لە پێکەنینەوە هاتە دیوەخانەوە. تومەس ئەمە ئاغای وڵات و خاوەنی کۆشکە لە ڕاو بووە و هاتووەتەوە. کە چاوی بە کوڕەی میوان کەوت، کوڕەش لەسەر و ڕواڵەتا پیاوێکی پیاوانە بوو، نەوازشێکی زۆری کرد و لەوانە بوو وەکوو شەکەر لە بەردەمیا بتوێتەوە، دانیشتن و زۆر بە خۆشی ڕایانبوارد.
کوڕە هەر چەندە سەیری ئەکرد هیچ ناتەواوییەک لە ژیانی ئەم کوڕە ئاغایەدا نییە و ڕەنگ و ڕواڵەتی بە تەواوی وا پێشان ئەدا کە ئەوەی خەفەت و هۆی ناخۆشی بێ، لە دنیادا توخنی نەکەوتووە. کوڕە دوو سێ ڕۆژ مایەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ خزمەتی زیاتری ئەکرا و تاپۆی شادمانی لە ئاغادا زیاتر دەرئەکەوت، ئەمیش بە تەواوی کەوتە سەر ئەوەی کە کامەرانی ئەوەتە لە لای ئەو پیاوە و لە هیچ جۆر ناتەواوی نییە. لە دڵی خۆیا وتی کە چوومەوە ئەم جۆرە ژیانە کە ئەم بۆ خۆی ڕێکخستووە، من بۆ خۆمی ڕێک ئەخەم و ئیتر دەست ئەکەمە ملی کامەرانی و تا ماوم بەم جۆرە ڕائەبوێرم.
ئەو ڕۆژە کە ڕۆژی ڕۆیشتنی بوو، دانیشت و لەگەڵ کوڕە ئاغادا کەوتە قسە کردن، وتی: برام من وەکوو بۆم دەرکەوت لەم چەند ڕۆژەدا تۆ لە هیچ شتێک ناتەواویت نییە و وا دیارە بە ئەندازەی سەری دەرزییەک ئەو شتانەی کە ژیان ناخۆش ئەکەن نەهاتوون بە لای تۆدا، لەم دیدەنییەت کە کردم زۆر سوپاسگوزاریت ئەکەم، چونکە خستمتە سەر دۆزینەوەی ڕێگەیەکی شادمانی. ئاغا بە ڕوویەکی خۆش و لێوێکی پڕ لە زەردەخەنەوە هاتە قسە و وتی: بەڕاستی منیش ئەم چەند ڕۆژەی بە هۆی ڕابواردنم لەگەڵ تۆدا هەر چی خەفەت و ناگوزورییەکم هەبوو هەموویم لە فیکر چووە. کە ئەم ڕستەیەی وت کوڕە کسپەیەک لە جەرگییەوە هات، وتی دیارە خراپ تێ گەیشتووم. داوای ئەوەت لێ ئەکەم کە من و تۆ دوو براین و تا ماوین پێکەوە ڕابوێرین و بە جێم نەیەڵی. کوڕە وتی چۆن؟ بۆچی هیچ شتێک هەیە کە ئەم ژیانە جوانەی من لە تۆوە دیومە تێکی بدا؟ وا داوای مانەوەی من ئەکەی لەگەڵت بم؟
وتی: هەر دەنگ مەکە و مەپرسە، ئەوی من تیایام یاخوا کەس تێیدا نەبێ. ئامۆزایەکم هەیە ئەمە چەند ساڵە لە سەر هەندێ بەرەجووت لێمان بووە بە کێشە و فڵانی دەردم ئەداتێ. سوار و سوور زەوییەک هی منە و لێی داگیر کردووم، پەلاماری قاپی حکومەتم دا سەیر ئەکەم ئەو زیاتر تووشی پارە و خەم و خەفەتی کردم، ئەمە چەند ساڵە من بە هاتوچۆی ڕێگەی شار و پارە خەرجکردن لەم ڕێگەیەدا بە تەواوی پشتم شکاوە، ڕۆژێک لە سەرا چاوم پێ کەوت کۆڵی حەماڵێک قاقەز و دەفتەر لەم ئیشەی منا سەرف کراوە، کەچی تازە هێشتا هەر هیچی دیار نییە، ئەگەر بڕوا ئەکەی، نرخی زەوییەکانی من گەلێ کەمترە لەم پارانەی تا ئیستا من تیایانام خەرجم کردووە، ئەمە بێجگە لە پارەی ئەو هەموو قاقەز و دەفتەرانەیە کە لە قاپی حوکومەتا بۆیان دروست کراون، چونکە خۆ ئەوانەش بە خۆڕایی پێکنەهاتوون، ئەو کاک مەعموورە کە ئەوە ئەنووسێ، ئەوەی لە چاپی ئەدا، ئەوەی لەم ژوور ئەیبا بۆ ئەو ژوور، ئەو مەرەکەبە، ئەو قاقەزە، ئەو قەڵەمە کە ئەمانەی پێ جێبەجێ ئەکرێ، هەمووی کراوە، کەچی من هەر لە شوێنی خۆمم. توخوا برا وازم لێ بێنە و دەرد و خەفەت کوشتوومی، ئێستاش ئەم تکایەت لێ ئەکەم کە لە لای من بمێنەرەوە. تۆ برا گەورە و من برا بچووک، دڵم پێت ئەکرێتەوە.
کوڕە وتی: سپاست ئەکەم بۆ دۆستایەتی و هەستت بەرانبەر من، بەڵام من بە شوێن شتێکا ئەگەڕام. سەرەتا لام وابوو لای تۆ دەست ئەکەوێ، کاتێ کە ئێستە سەیر ئەکەم ناز و نعمەت و کۆشک و دیواخانی تۆش دوور لەو شتەیە، کە واتە بە دوعا! هەر چەند کوڕە ئەغا تکای مانەوەی لێ کرد، ئەم گوێی نەدایە، ماڵاوایی لێ کرد و بەجێی هێشت.
ملی ڕێی گرت و وردە وردە رووبەڕووی شارێکی جوان بە ڕێکەوت. هاتە ناو شارەکە و دەستی کرد بە گەڕان بە ناو بازار و کۆڵانەکانا و چاوی ئەبڕییە ناو چاوی دانیشتووانی ئەو شارە. سەیری هەر کەسی ئەکرد -لە گەورە و بچووک- بە ئاشکرا بۆکڕووزەی جەرگ سووتاوی و دووکەڵی پەژارەی ئەچوو بە عاسمانا. کوتوپڕ لە لا کۆڵانێکا تەماشای کرد پیاوێکی ڕیشسپی نوورانی دەزگایەکی لە بەردەمایە و پارچە چەرمێک لەو لایەوەیە و گاز و گازنێک لەم لایەوە و جووتێ کەوشە کۆنی بە دەستەوەیە بە دەرزی و دەزوێک خەریکە پینەی ئەکا و هەر تۆزە نە تۆزێک یەکێک دێت جووتێ تری بۆ دێنێت و ئەمیش لێی وەرئەگرێ و بە تەواوی ڕووی گەش ئەبێتەوە.
چوو لە نزیکی ئەم کابرایەوە ڕاوەستا و ئەو ڕۆژە هەر سەرنجی ئیشی ئەم پیاوە و سەرنجی سەر و ڕووە خۆشەکەی ئەم پیاوەی ئەدا. کە کەوتە ئێوارێ تەماشای کرد پیاوەکە کیسە پارەکەی لە باخەڵی دەرهێنا، دەرامەتی ئەو ڕۆژەی سا هەر چەندە بوو لێکی دایەوە و بژاردی. زۆری پێ خۆش بوو. پاش ئەو شتومەکەکانی کۆ کردەوە، خستنیە هەمانەکەیەوە و دای بە شانیا، ڕووەو ماڵ بووە و ئەمیش شوێنی کەوت، سەیری کرد کابرا ڕووی کردە خانووێکی بچکۆلەی نیوەڕووخاو، ئەو چووە خانووەکەوە و ئەمیش گەڕایەوە. ئەو شەوە چوو لە مزگەوتێک نووست.
هەر لە فیکری ڕابواردنی ئەم پیاوەدا بوو کە چەند بە خۆشی و بێ خەم و خەفەت ڕائەبوێری و وەکوو بڵێت ئەوەی تۆوی پەژارەیە توخنی ئەو پیاوە نەکەوتووە. وتی ببێ و نەبێ کامەرانی ئەوەتە لای ئەم پیاوە، سبەینێ منیش ئەچم دەزگایەک و چەکوش و گازێک لەگەڵ پارچە چەرمێکا ئەکڕم و لە لاکۆڵانێکا منیش بۆ خۆم دەست ئەکەم بە پینەچیەتی و بەو دڵخۆشیە کە ئەو رایئەبوێرێ، منیش ڕایئەبوێرم.
ئەوە شەوە نووست و بەیانی هەستا نوێژی کرد و چووەوە بۆ شوێنی کابرای پینەچی، لەوێ ڕاوەستا، زۆری پێ نەچوو کابرای پینەچی بە خۆی و هەمانەکەیەوە هاتەوە و دانیشت و دەستی کرد بە ئیشکردن، بەڵام بڵێت ڕووخۆشییەکەی دوێنێی نەماوە. کوڕە لەمە زۆر سەری سڕما، هەستا چوو بە لایەوە، سڵاوێکی لێ کرد و بە بیانووی ئەوەوە کە کەوشەکانی لە لا پینە ئەکا، لە تەنیشتیەوە دانیشت و هەروا دەستی کرد لە باری گوزەرانا بەسەر ئەبا.
کابرای پینەچی دەستی پێ کرد و وتی هەزار شوکر بۆ خوا، بەیانیان دێمە سەر ئەم ئیشەم تا ئێوارە خوا ئەوی کە بە بەشی منی زانیبێ بۆم ئەنێرێ و ئێوارە ئەچمەوە ناو ماڵ و مناڵی خۆم و خۆم بە شا ئەزانم، ژیانی خۆم بە ژیانی هیچ گەورەپیاوێک ناگۆڕمەوە، بەڵام...
کە وتی بەڵام، ئەم دڵی داخورپا. وتی: ئێ.
بەڵام کوڕێکی فیقنەم هەیە، بە لای خۆیەوە لە مەکتەب ئەخوێنی، لێم بووە بە ئاغای سەرمانان و بە خانی دیواخانان، بەیانیان کە هەڵئەستێ هەزار بڕوبیانووم پێ ئەگرێ، سێ چوار جۆرە خواردنی ئەوێ، پارەی گیرفان و قیتە قیتی ناو کۆڵانەکانی ئەوێ، جلی جوانی دەقکراو و ڕۆنی «فوکول»ی سەری ئەوێ، ئەو خەرج و باجەی ئەو لە منی ئەوێ، قەرەنی ئاغا لە بایز ئاغای باوکی داوا ناکا، ئیتر چاوی لەوە نییە کە من پیاوێکی هەژاری پینەچیم، تا دوو قەران پەیدا ئەکەم، هەزار دەرزی و درەوشە ئەچێ بە دەستما و هەزار کسپە لە جەرگمەوە هەڵئەستێ، چاوی لەوە نییە کە ئێمە لە ماڵ خێزانبارین، ئەگەر هەموو دەرامەتەکەی من ئەو خەرجی کا، خێزانەکە چی بکەن و چی بخۆن؟ سەرباری ئەمانەش کاسە ئەکەوێ لە کەوچک، جنێو بەم ئەدا و شەق لەو هەڵئەدا و خێزانی ئەو ماڵە بە دەستیەوە هاتوونەتە زەلالەت. خۆی بە مەکتەبی و ئەفەندی ئەزانێ. تەمەشای کوڕی حەمە ئەغای کۆیە ئەکا، تەماشای ئەوە ناکا کە باوکی پینەچییەک و دەرامەتەکەی بە هەزار شەڕەشەق دوو قەرانە.
بەڕاستی برا خەم و پەژارەی کردەوە و خۆنەناسینی ئەم کوڕە مەتکەبیەم دنیای لێ کردووم بە چەرمی چۆلەکە و بۆیشم ناگێڕێتەوە. ئەوا گیرم خواردووە بە دەستیەوە نازانم چی لێ بکەم، هەموو ڕۆژێ ئاوات بە مردنی خۆم ئەخوازم. کە کابرا ئەم قسانەی کرد، کوڕە وتی برا کەوشەکانم بدەرەوە من کەوش چاک ناکەم و لە دڵی خۆیا وتی دیارە کامەرانی سەری بە ماڵی ئەو هەژاەشا نەکردووە لێیدا ڕۆیشت و وڵاتی مامەی پینەچی بەجێ هێشت و ڕووەو شارێکی تری گەورەی بە دیمەن بە ڕێکەوت، شارەکە بە دیمەن بوو، هەر لە دوورەوە دیار بوو کە کۆشکەکانی وەکوو مەنارەی ڕەنگاوڕەنگ لووتیان تەقیبووە بە ئاسمانا.
لە دەوروبەری کۆشکەکانا گڵۆپی ئاڵ و واڵا ئەدرەوشانەوە، لە ناو چیمەنی کۆشکەکانا داری دار عەرعەر و سنەوبەر شانیان ئەدا لە شانی بەرزایی کۆشکەکان. کە چاوی بەم دیمەنە کەوت وتی بێ گومان ئەمانە کە من بەرچاوم ئەکەون، ئەمە هەمووی دیمەنی «کامەرانی »یە و بێ گومان خەزنەی خۆم لەم شارەدا ئەبینمەوە.
بە کۆڵێ دڵخۆشییەوە ڕووی کردە ناوشار و دەستی کرد بە گەڕان بە ناو کۆڵان و شەقامەکانا. دیارە پیاو کە چووە شوێنێک کوێی لێوە دیاربێ و بەرچاو بێ، ئەو جێگایانە ئەگەڕێ. وەکوو لە دوورەوە دیبووی کۆشکە بەرزە پەرداخەکان ڕاست بوو، زۆر جوان بوون. شەقامی دەوروبەری ئەم کۆشکانە هەموو پاک و خاوێن و چەوڕێژ و قیرتاو بوون. گەسکدەرەکان بەم لا و بەو لادا بە خۆیان و بە گەسکەکانیانەوە جرت و فرتیان بوو. دارتەلی کارەبای ئەو کۆڵانانە هەر یەکە سێ چوار گڵۆپی گەورە گەورەی پێوەبوو.
لەبەر ئەوە ژێر شەقامەکان هەموو «ڕەهەن» بوو، هەر بەینی چەند هەنگاوێ لە قەراخ شەقامەکەوە کون هەبوو، مەحەجەرەی ئاسنی بەسەرەوە بوو، بۆ ئەوە ئاوی باران یا ئاوی شۆردنی کۆڵانەکان لەوێوە بچێتە لەغەمەکەوە و «میکرۆب» و جڕوجانەوەر دروست نەبێ بۆ دانیشتووانی کۆشکەکان. کوتوپڕ سەیری کرد لەو کاتەدا مەکینەیەک هات دەرمانی جڕوجانەوەر کوشتنیشی بە کۆڵانەکانا بڵاوکردەوە. بەردەروازەی هەر کۆشکێکش ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی ڕاوەستابوو، خەتی تەلەفۆنیش لە هەموو کۆشکێکا دیاربوو. بە ڕاستی شارێکی جوانی بەرچاو کەوت. لەوێوە ڕووی کردە شەقامە گشتییەکان و ئەو شوێنانەی کە زۆرتر ڕێبازی بێگانان و هەموو کەسێکە و زۆر لەبەر چاوە. تەماشای کرد ئەم شوێنانەش گەلێ لە شوێن وڵاتی کۆشکەکان ڕێکوپێکتر و جوانتر و باشتر و پاک و پوختترن. کاخی دایەکانی حکومەت ئەوەندە بەرز و ڕێکوپێکن و ئەوەندە تەواو و بە دیمەنن، بە بێ قسە پیاو ئەخەنە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەمانە پەیکەری عەدل و دادن نەوەک هەیکەلی خشت و ئاسن و چیمەنتۆ.
کوڕە لە بینینی ئەم دیمەنانە بست بە بست گەشکەی ئەکرد و لە خۆشییانا ئاگای لە خۆی بڕابوو، هەر هەنگاوی هەڵئەهێنایەوە و ئەگەڕا. وەختێ لە خەوی دیمەنی جوان پەرستیی خەبەری بووەوە خۆی لە لاکۆڵانێکی تەنگەبەری پیسی پڕ لە چڵکاو و قوڕاوا چاو پێ کەوت. خۆی لە شوێنێکا چاو پێ کەوت نازانێ لەبەر پیسایی و بۆگەن چۆن هەنگاو هەڵێنێتەوە و چۆن بڕوا. خانووەکان هەموو وەکوو کۆلیتی ماڵە دۆم وابوون، چرا لە ناو کۆڵانەکانا نەبوو، بۆگەنی ئاوی ماڵان کە ئەیانڕشتە کۆڵانەکانەوە مێشکی پیاوی ئەبرد بە عاسمانا. منداڵانی زەرد و لاوازی ئەو ماڵانە ئەچوونە ناو قوڕ و چڵپاوەکەوە و تا ئەژنۆیان ببوو بە قیری ڕەش، مێش و مێشوولە دەورەی لێ دابوون، بە جۆرێکی وا هەموو خوێنی لەشیان مژیبوون.
کوڕە ئەمانەی زۆر بە لاوە سەیر بوو. وتی ئەمە چییە، من لە کوێوە کەوتمە کوێ؟ بە هەر جۆر بوو خۆی لەو کۆڵانە دەربازکرد و چووە کۆڵانێکی تر. سەیری کرد ئەو خراپتر! وتی: کە واتە با من چاک بگەڕێم. چاکی لێ بە لادا کرد، هەموو شارەکە گەڕا، ئەو شوێنانە کە دوورن لە ڕێبازی هاتوچۆکەران تەماشای ئەکا یەک لە یەک خراپترن.
تومەس ئەمە لەم شارەدا تەنها ئەو جێگایانەی کە لەبەر چاوە و ئەو گەڕەکانە کە شوێنی پیاوە گەورەکانە زۆر بە جوانی تەماشایان ئەکرێ و شوێنەکانی تریش لە ناو ئەو پیسایی و بۆگەنەدا ئەتلێتەوە. کە ئەمانەی بەرچاو کەوت، وتی: ئافەرم عەداڵەت و کامەرانی.
گەڕایەوە بۆ گەڕەکی پیاوماقووڵان، ئەهلی وڵاتی پیاوماقووڵان هەموویان ڕوومەتیان وا پێشان ئەدا کە لە بەزم و خۆشی دان و هەموو لە کۆشی کامەرانی دان. لەو کاتەدا کوتوپڕ سەیری کرد پیاوێکی بە دیمەن لە یەکێ لە کۆشکەکانەوە هاتەدەرەوە و هەموو لەشی هەر پێ ئەکەنی. لە پێش هاتنەدەرەوەی ئەودا شۆفێرەکە ئۆتۆمۆبێلەکەی لە گەراجی کۆشکەکە هێنابووە دەرەوە و دەرگاکەی کردبووەوە، پیاوە بە دیمەنەکە هات و سوار بوو، شۆفێر دەرگاکەی داخستەوە و چوو لغاوی ئۆتۆمۆبێلی گرت بە دەستەوە، لێی خوڕی بەسەر شەقامە جوانەکانا. کوڕەکە دیمەنی ڕەنگ جوان و گۆنای سووری ئەم پیاوەی چووە دڵەوە. وتی ببێ و نەبێ ئەم پیاوە یا خۆی تاپۆی کامەرانییە و چووەتە پێستی ئەمەوە وە یان بە لانی کەمەوە بەشێکی زۆری لە کامەرانی هەیە، بەڵکوو بچم و ئەم تەلیسمەم بۆ بشکێ.
ئۆتۆمۆبێلی بە کرێ بەسەر شەقامەکانا ئەڕۆیشت، ئەویش هەر خێرا بانگی ئۆتۆمۆبێلێکی کرد و سوار بوو بە شوێن کابرای گۆنا سووری خاوەن کۆشکا تێی تەقاند. زۆری نەخایان ئۆتۆمۆبێلی پیاوەکە لەبەر کۆشکێکی گەورەدا ڕاوەستا و لێی دابەزی و ڕووی کردە کۆشکەکە. ئەمیش دابەزی و بە شوێنیا ڕۆیشت، مەگەر ئەمە شوێن سەرای حوکومەتە و ئەم پیاوەش پیاوێکی گەورەیە لە حوکومەتا، لە ژوورەکەی خۆی دانیشت.
مایەوە سەر ئەم، ئەمیش شڕەبارە و دیمەنێکی وای نییە چۆن ئەتوانێ خۆی لە پیاوێکی وا گەورە نزیک بخاتەوە. ڕەوشتی ئەم کوڕەش وابوو بیویستایە لەگەڵ هەر کەسێک ببێ بە ئاشنا، لە ڕواڵەتدا خۆی ئەبردە پایەی ئەو کەسە. کابرای پیاوماقووڵی لە ژوورەکەی خۆی جێ هێشت و هاتەدەرەوە. بە فڕکانێک چوو لە یەکێ لە کۆگا گەورەکانا دەستێ جلی زۆر نایابی هەڵگرت کە شایانی شا بێ. لەو لاوە ئۆتۆمۆبێلێکی مۆدیلی ئیمساڵی بە کرێ گرت و پێی وت بمگەیەنە بۆ فڵانە شوێن و لەوێش چاوەڕێم بکە تا دێمە دەرەوە.
گڕ بە ترومووبێل لە بەرقاپی سەرادا وەستا و کوڕە دابەزی، فەڕاش و شت کە چاویان پێ کەوت ڕێگەیان بۆ چۆڵ کرد و سەلامیشیان بۆ ئەکرد. سەیرتیش ئەوە بوو نەیانئەزانی ئەمە کێیە؟ ئەم بەوی ئەوت ئەمە بەگە، ئەو بەوی ئەوت نە، ئاغایە. ئەمیش بە سەربەستی لێیدا ڕۆیشت تا گەیشتە بەردەرگای کاورای زلە. دەرگاوانەکەی ئەویش دەرگای بۆ کردەوە و چووە ژوورەوە. کە چوو سەیری کرد وا کابرای ئاشنای لەو سەرەوە لەسەر سەنگەلێەکی نایابی یایلی دانیشتووە و مێزێکی فرە گەورەی لە داری گوێز دروستکراوی بریقەداری لە بەردەمایە، سەرەکەی پڕیەتی لە قاقەز و فایل هەڵچنراوە. زەنگەکە بە پشت سەریەوەیە، چوار دەوری ژوورەکە بە مۆبلیاتی جوانی تازە پڕ کراوەتەوە چەند کەسێکیش لەوێ دانیشتوون، هەر یەکە فنجانێ قاوەیان لە بەردەمایە.
ئەمیش چوو سەلامێکی دایە حازری -خوا هەقە- هەموویان هەستان. دیمەن و جلوبەرگەکەی ئەو، دیمەن و جلوبەرگە نەبوو، هەموو کەس شەرمی لێ ئەکرد. ئەمیش دانیشت و قاوەیەکیان بۆ هێنا، کە ئەم چوو «بەگ»ەکە خەریکبوو باسی ڕابواردن و ئاهەنگی وڵاتەکانی ئاورووپای بۆ میوانەکانی ئەگێڕایەوە، کە چۆنی ڕابواردووە و چۆن هەر شەوە لە شوێنێک ڕۆژی کردۆتەوە. کە قسەکانی ئەگێڕایەوە ئەتوت شەکەر لە دەمی ئەبارێ، شەکرێکی وا کە بە درێژایی زەمان هەر شیرین بێ. کابرای لای خۆمان وتی: لێ گەڕێ پیاوی کامەرانم دەست کەوت و کە چوومەوە ئیتر وەکوو ئەم ئەکەم.
کتوپڕ زەنگی تەلەفۆنەکە لێی دا، بەگە بەرزی کردەوە و هەڵڵاو، دیاربوو بە قسەکانا کە باسی ڕابواردنی شەوی ڕابردووی ئەگێڕایەوە، ئەمیش دۆستێکی تر بوو کە ئەو تەلەفۆنەی کردبوو. بە یادکردنەوەی ڕابواردنی شەوی، زیاتر لە چارەکە سەعاتێ خەریکبوو، قاقای پێکەنین ئەچوو بە عاسمانا.
لەم کاتەدا کە ئەم خەریکی تەلەفۆنەکە بوو، فەڕاشەکە هاتبووە ژوورەوە وەستابوو. کە بەگ تەلەفۆنەکەی دانایەوە فەڕاشەکە وتی قوربان ئەو پیاوانە لە دەرەوە چاوەڕێی ئەوراقەکانیان ئەکەن، کە لە خزمەت جەنابتانایە. هەر فەڕاش ئەمەی وت، بەگ لێی توڕە بوو و وتی بچۆرە دەرەوە، چاوت لێ نییە میوان دانیشتوون، بچۆ پێیان بڵێ سبەینێ بێنەوە.
فەڕاشەکە چووە دەرەوە. ئەو لەگەڵ میوانەکان کەوتەوە قسە کردن و تەواوکردنی باسەکەی ئەورووپای. لەو قسانە بووەوە، نەبووەوە. یەکێ لە میوانەکان لێی پرسی وتی مەسەلەکەتان لەگەڵ «خانە بەگ»دا چی لێ هات؟
کە ئەو ناوی خانە بەگی هێنا کابرای بەگەی لای خۆمان، ڕوومەتە سوورەکەی نەما و ڕەنگی تێکچوو. ئەو کوڕەش بۆیە دانیشتووە چاوەڕێی هەستانی مێوانەکان ئەکا. کە ئەوان بڕۆن و ئەم هەندێ پرسیاری زیاتر ڕوون بوونەوەی کامەرانی لە بەگ بکا. کەچی بەگ دەستی کرد بە قسە کردن و هەناسە هەڵکێشان. وای لێ هات وەکوو لە هەموو ژیانیا کاتێک خۆشی نەدیبێ وابوو، کەوتە دەردەدڵ کردن.
هەر کەوتە ئەم قسانە، کوڕە سەیری کرد وەکوو لە دنیادا لەم کابرایە خەمبارتر و لەم پەرێشانتر نەبێ وایە. بۆکڕزەی هەناسەی بە دەست «خانە بەگ»ەوە لەوانە بوو ژوورەکە بسووتێنێ، ئەمجا کەوتە گێڕانەوەی ئەو دەردەدڵە و گێڕانەوەی ئەوە کە چۆن شەو و ڕۆژ لە پەژارەی بەربەستکردنی ئەم خانە بەگەدایە. مەسەلەی «خانە بەگ»یش هیچی تر نییە تەنها ئەوە نەبێ؛ مەعموورێکە لە ژوور ئەمەوەیە، ئەیەوێ ئەم لەو شوێنە نەهێڵێ و بینێرێتە شوێنێکی تر و سەرەڕای ئەمەش لەوانەیە بووبێ بە هۆی دواکەوتنی «تەرفیع»ەکەشی. ئیتر جا نازانم ئەم ناکۆکییەیان لەبەر چییە؟
کوڕە کە ئەم کەین و بەینەی چاو پێ کەوت و ئەو دەردەدڵەی گوێ لێ بوو، وتی«: دۆم بە دانیشتن ماڵی وێرانە»، با هەستم بچم بە شوێن ئیشمەوە، ئەمیشیان فت. لە شوێنەکەی خۆی ڕاست بووەوە و بەگ پێی وت: جەنابتان فەرمانێکتان هەبوو؟ وتی: بەڵێ، بەڵام وەختێکی تر بە خزمەتتان ئەگەم، ئێستا مێوانتان هەیە. ئەمەی وت و هاتەدەرەوە و ڕۆیشت.
کە لەوێ هاتە دەرەوە، لە کردەوەی ناهەمواری ئەو وڵاتە، ئەو شارەی هەر بە تەواوی بەجێ هێشت، ڕووی کردە وڵاتێکی کە. ڕووی کردە شارێک وەکوو شاری «ئامێدی». سەیری کرد هەر لە دوورەوە منارە بەرزەکەی لەگەڵ ئاسمانا چەپۆکان ئەکا. دیمەنی ئەو مەنارەیە ڕاستەوخۆ چوو بۆ ئەوێ. کە نزیکتر کەوتەوە تەماشا ئەکا پۆل پۆل خەڵک و خوا ڕوو ئەکەنە مزگەوت، ئەوەندەی تر تینوو بوو بە چوونەکە و خێرا خۆی گەیاندێ.
کە سەری کێشا بە حەوشەی مزگەوتەکەوە، بینی وا ئەم مزگەوتە بە حەوشە و بەرهەیوان و ژووری مزگەوتەوە جمەی دێ. مەلایەکی ڕیشسپی مێزەرێکی لە سەرایە و جوبەیەکی لە بەرایە لەو سەرەوە دانیشتووە و وەعز ئەدا بۆ ئەو عالەمە، وەعزەکەی ئەوەندە خۆش و دڵگیرە، عالەمەکە وەکوو پەلەوەر سێبەری بەسەرەوە کردبێتن، بە بێ دەنگ و سەنگ دانیشوون و گوێی بۆ ڕایەڵن. ئامۆژگارییەکانی وەکوو داشەکانی شەترەنج ئەیسووڕێنێتەوە، دەمێک لە باری ڕۆژی دوایی و ناز و نیعمەت و خۆشی بەهەشتەوە قسە ئەکا، دەمێ لە لایەن کردەوەی چاکە و دەستووری هەڵسوکەوتی ئادەمیزاد و موسڵمان لە بەینی یەکا ئەدوێ، دەمێ بە نوکاتی شیرین و جوان، باسی ڕابواردنی مێژووی پیاوانی ڕابردووەوە ڕووی عالەمەکە ئەکاتە خۆی. لە مەعبەینی هەرچەند قسەیەکا ئەیباتەوە سەر ئەوە کە، دنیا هیچ نییە و پیاو نابێ ئەرک و خەم و خەفەتی هەڵبگرێ، مادام دنیا ماوەی نییە و ئەبڕێتەوە. کە وابوو ئەو چوار ڕۆژە کە پیاو تیایەتی، بە خۆشی و بە فراوانی و دڵ ڕایبوێرێ و فەرمانبەرداری خوا بکا بە هەموو ئامانجێکی.
لە ڕاستیدا ئەم قسانە کاری کردە کوڕە و لە عالەمەکەی تر زیاتر عاشقی قسەکانی مەلاکە بوو، بە تایبەتی کە سەیری ئەکرد مەلا بە دڵێکی پاک و ڕاستەوە قسە ئەکا و سەر و ڕوومەتی ئەو گەواهییەی بۆ ئەدا کە خۆی لە هەموو کەس دڵخۆشتر و بێ پەرواترە بەرانبەر بە دنیا و بە ئێش و ئازاری دنیا. بە تەواوی هاتە سەر ئەوە کە چەند ڕۆژێک لەم شوێنە بمێنێتەوە و لە ئەمۆژگارییەکانی مەلای نوورانی وەربگرێ و پاشان بچێتەوە بۆ وڵاتی خۆی، بەو ژیان و دڵخۆشییە کە ئەم مەلایە ڕایئەبوێرێ، ئەویش بەو جۆرە ڕایبوێرێ، وا دیارە کامەرانی و سەعادەت باڵی بەسەر ئەم مەلایەدا کێشاوە و ڕایەڵێکی مەعنەوی ئەو کوڕەی ڕاکێشاوە بۆ ئەوە کە ئەمیش بێت لە ناو دەریاچەی ئەو کامەرانییەدا مەلەوانی بکا.
چەند ڕۆژێک بەم جۆرە کوڕە دانیشت و ڕۆژ بە ڕۆژ و سات بە سات زیاتر شەیدای ڕواڵەت و مەعنەویاتی مەلا ئەبوو، هەموو وەختی کۆڕی وەعزەکەشی وەکوو پوورەی هەنگ وابوو. لە پاش چەند ڕۆژ بڕیاری دا کە سبەینێ مەلا و وڵاتی مەلا بەجێ بێڵێ و بگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی. ئەو شەوەش بەسەرچوو. سبەینێ وەکوو دەستووری ڕۆژەکانی تر چاوەڕێی هاتنی مەلای کرد بۆ سەر کورسی وەعز بۆ ئەوە ماڵئاوایی لێ بکا و بروا. مەلا هەر دیارنەبوو خەڵکەکە چاوەڕێ ئەکەن مەلا هەر دیار نییە، کوڕە لە نەهاتنی مەلا زۆر عاجباتی هات. تەماشای کرد لە لایەکی حەوشەی مزگەوتەکەوە لە بەردەم یەکێ لە ژوورەکانا مەردم هاتوچۆ دەکەن و بە پەرۆشن، ئەمیش هەستا و ڕووی کردە ئەوێ، سەیری کرد وا مەلا لەو ژوورەدا -کە ژووری دانیشتنی بوو- دانیشتووە و وەکوو بارانی بەهار ئاو بە چاویا دێتە خوارەوە، هەناسە هەڵئەکێشێ و فریاد و فوغان ئەکا.
کوڕەکە چاوی بەمە کەوت تاسێک بردییەوە، تاسی ئەوەی کە ئەم تا ئێستا ئەم مەلایەی بە کانی کامەرانی ئەزانی، ئێستا ئەم گریان و زاری و پەژارەیە چییە؟ کامەرانی لە کوێ و ئەم فریاد و ئەندوهە لە کوێ؟
خەڵکەکە دەورەیان لە مەلا دابوو، دڵیان ئەدایەوە و دڵنەواییان ئەکرد، ئەمیش چوو لە ناویانا دانیشت بۆ ئەوە بزانێ چ باسە؟ مەلا بە دەم قوڵپی گریان و جگەری بوریانەوە ئەیوت:
کوڕەکەم کوڕ نەبوو، مایەی بەختیاری و ئارامی گیانم بوو، بەری داری بەرداری هەر دوو دنیام بوو، هۆی ژان و بەندی جگەرم بوو، من ئاگام لە هیچ نەبوو، ئەو ژیانە چاکە و ڕابواردنە نایابە کە ئێوە ئەتانبینی، ئەمانە هەمووی ئەو بۆی دروست کردبووم، لە بەیانییەوە تا ئێوارە من ئەهاتم بۆ مزگەوت بەبێ ئەوە چاوم بریبێتە دەست یەکێک و ئێوارە کە ئەچوومەوە نان و خواردەمەنی ئامادەیە، جلوبەرگم پاک و پوخت شۆراوە بۆ ئەوەی بەیانی لەبەری کەم. ماڵ و خێزان هەموو لە جۆشی خۆشی و خۆشگوزەرانی دان، ئەمانە هەمووی بە هۆی کۆشش و تەقالای ئەو کوڕەمەوە بوو، ئێستا مردن نەمامی لە باخی جوانیدا هەڵکێشا و دنیای ڕووناکی لێ کردم بە شەوەزەنگی تاریک. ئیتر بە چیمەوە لەمەودوا بتوانم بمێنم و چۆن ئەو دڵ و سەودایە کە بوومە بمێنێتەوە؟
ئەمانەی ئەوت و ئەیدا بەسەر خۆیا و ئاو بەسەر ڕیشە سپییەکەیا ئەهاتە خوارەوە، ئەتوت بە هیچ جۆر ئەو پیاوەی دوێنێ نییە کە ئامۆژگاری خەڵکی ئەکرد و پێی ئەوتن گوێ بە پەژارەی دنیا مەدەن. ئەتوت بە هیچ جۆر پیاوە واعزەکەی دوێنێ نییە، کە خەرمانێکی عیلم و زانیاری و هێمنی هەبوو، کەچی ئێمڕۆ وەکوو کەسێک تاقە وشەیەکی عیلم و زانیاری نەزانێت و نەخوێندەوار بێ وابوو. کوڕەکە ئەمەی چاو پێ کەوت وتی دیارە من بە هەڵەدا چووم، کە ئەموت کامەرانی ئەمەتە لای ئەم پیاوە و ئەم خۆی کامەرانییە، وتی ئەمیش هیچ. هەستا بە نائومێدی ئەو وڵاتەشی بەجێ هێشت.
ڕێگاوبان چۆڵ بوو، ڕێی کاروان و هاتوچۆ کەران هەموو دەمی بەرەڵابوو، بە ڕێکەوت ڕووەو شاری دڵنەوایان، ڕووەو ئەو شارەی کە دانیشتووانەکانی هەموو هەر یەکە خەریکی کار و کاسبی خۆیان بوون، بەم هۆیەوە پیاوێکی بێکاری تیانەبوو، لەبەر ئەوە هەر کەسە بە ئیشی خۆیەوە خەریکبوو سەری ئەوەیان نەئەپەرژا باسی یەک بکەن و لە پاشەملە دەست بکەن بە ناو و ناتۆرە لە یەک هەڵهێنان، چونکە ئەم ڕەوشتەیان نەبوو، خواش پێی دابوون هەموویان دەوڵەمەند و خاون سامان بوون.
وڵات لە وڵاتێکی کامەرانی ئەچوو، دڵخۆشی دەستەلاتی هەیە بەسەر دیمەن پەرەستیدا. ئەگەر دڵ خۆش بوو، کاروباری ڕواڵەتیش ڕێکوپێک ئەبێ، ئەمانە هەبوو بۆیە ئەم شارە لە دیمەنی ڕواڵەتیدا لە هیچ شتێک ناتەواوی نەبوو. بەو بۆنەوە کوڕە وتی شوێن هەوارێکی چاکم دیەوە، ئەم شوێنە دیارە بەهاری دوو بەهارە. دەست لە دەست و قوەت لە خوا خەریکی گەڕان بوو بە ناو شاردا سەیری دیمەنە جوانەکانی ئەکرد و سەیری ڕوومەتە گەشەکەی دانیشتووانی ئەم شارەی ئەکرد، کوتوپڕ ڕێی کەوتە گوزەری تجارەتخانە و کارخانەیەکی گەورە، سەرایەکی گەورە بوو، ئەوی پێویستی ئادەمیزاد بێ بە خەروار تیایا هەڵدرابووەوە، کارگەچی و شاگردەکان بەم دەست و بەو دەست شتیان ئەفرۆشت و دراویان وەرئەگرت و بە هیچا ڕانەئەگیشتن.
لە ناکاو هێمنییەک باڵی بەسەر گوزرەکەیا کێشا، شاگرد و کارگەچییەکان خەریکبوون بە فرمانەکەی خۆیانەوە، کە لای کردەوە ئەوا پیاوێکی تۆزێ بە ساڵاچوو و بۆشناخ لە بەردەرگای گوزەرەکە ترومبێڵەکەی بۆ کرایەوە و دابەزی و هات لە لایەکی گوزەرەکەیەوە -پێ پلیکانە بوو- پیایا سەرکەوت و چووە کۆشکی سەرەوە، تومەز ئەمە خاوەنی ئەم دا و دوکانە و دەزگایەیە. چوو لە سەرەوەدا دانیشت. کوڕە وتی شوێنی کەوم و ڕازی خۆمی لا دەست خەم. ئەمیش بە شوێنیا بە پێ پلیکانە سەرکەوت و گەیشتە ئەم شوێنە کە ئەم تجارە گەورەیەی لێیە. سەیری کرد شوێنێکی ئێجگار کۆک و ڕازاوەیە. هێشتا نەچووبووە ژووری پیاوەکەوە، تەماشای کرد دەستە دەستە خەڵک هاتن و باقە باقە دراو و قاقەزیان بە دەستەوەیە.
شوێنی بازرگانی بوو، ئەوەندە دەرگاوان و شت ڕێگەیان بە پیاو ئەگرت، ئەمیش هەرچەند کەسی نەئەناسی، بەڵام لە باوەڕی هاتوچۆکەرانی ئەو شوێنەدا ئەمیش ئەبێ یەکێ لەو کەسانە بێ کە فرمانی بازرگانی بەو شوێنە هەیە، بۆیە چووەتە ئەوێ، دیمەنەکەشی هەڵیئەگرت کە وابێ، لەبەر ئەم باوەڕە بە سەربەستی چووە ژووری پیاوە گەورەکە و دانیشت، بە ڕەوشتی شوێنی تجارەتخانەکان قاوەیەکیان بۆ هێنا و بە دەم قاو خواردنەوەوە دەستی کرد بە سەرنج دان.
ژوورەکە زۆر ڕازاوە بوو. مێزێکی گەورە دانرابوو، سەنگەلێەک لەو دیویەوە بوو. پیاوەکە لەسەر ئەوە دانیشتبوو. لووتی بەسەر مێزەکەدا شۆڕ کردبووەوە، خەریک بوو ئیمزای کۆمپیالە و ئەوراقی تری ئەکرد، کە دەستە دەستە بۆیان ئەهێنا. فنجانێ قاوەشی لە بەردەما دانرابوو لەگەڵ ئاوخۆرییەک ئاوا. دوو تەلەفۆن لەو لایەوە بوو، یەکێکیان سەربەخۆ هەر بۆ خۆی بوو، یەکێکیشیان تایبەتی بوو بە خەتی تەلەفۆنی ئەو دایەرە و دەزگا و دوکانەوە. دوو زەلامی تر لە بەردەمیا ڕاوەستابوون، یەکێکیان ئەو دراوانە کە ئەهێنران ئەو بە ئیمزا لە خەڵکی وەرئەگرت و پەیتا پەیتا ئەیدا بە یەکێکی تر بیبا بۆ بانک، ئەوی کەشیان دەفتەرێکی بە دەستەوە بوو لەگەڵ چەند دەفتەرە چەکێکی نووسراوەدا. دەفتەری چەکەکەی لە بەردەم پیاوەکەدا دانابوو بۆ ئیمزا کردن، سەیری دەفتەری خۆی ئەکرد کە فڵانە کەس ئەوەندە هەزار دینارە، ئەو ئەوەندە هەزار دینارە. لە پەڕەیەکی دەفتەری چەکەکەش نووسرابوو، هەر چاوەڕێی ئیمزای چەلەبی بوو، بەم جۆرە ئەم ئەیخوێندەوە و بەرانبەری لەگەڵ چەکەکە پێ ئەکرد و چەلەبیش ئیمزای ئەکرد. هەر لەم کاتەدا زەنگی تەلەفۆنەکە لێی دا، یەکێک بەرزی دەکردەوە هەڵاو، هەڵاو، پاش ئەوە ئەیدا بە دەست چەلەبییەوە، لە قسەکانا وا دەرئەکەوت کە دەنگی وڵاتێکی دوورە و قسە لە بارخانەی ئەو وڵاتەوە ئەکرێ. لە هەمان وەختا زەنگی تەلەفۆنەکەی تریش لێ ئەدا. کابرا ئەویشی بەرز ئەکردەوە و چاوەڕێی ئەوەی ئەکرد کە چەلەبی لە تەلەفۆنەکەی تر ببێتەوە و ئەم بدا بە دەستییەوە. کە لەم ئەبووەوە ئەمیشی ئەدایە دەستی، ئەمیش بۆ ئیش و کاری گۆشەیە لە گۆشەکانی تجارەخانەکە قسەی لەگەڵ ئەکرا، هێشتا لەم نەئەبووەوە تەلەفۆنەکەی تر لێی ئەدایەوە. تا بە مانەوە خەریک ئەبوو کۆڵێ چەک و کۆمپیالە و ئەوراقی تاپۆ و زەریبە و بانک لە بەردەمیا بۆ ئیمزا کردن کەڵەکەی ئەبەست. بە کورتی وەکوو گورگی چوارچاوی لێ هاتبوو، نەیئەزانی چی بکا.
ئاو و قاوەکەش هەر لەسەر مێزەکەیە نەیخواردۆتەوە. کوڕەش وا هەر دانیشتووە و سەیری ئەم سەرقاڵی و خەریکبوونە ئەکا. کوتوپڕ پۆستەچییەکە کردی بە ژوورا، بەرقیە (برووسکە)یەکی هێنا، کابرای دەفتەردار لێی وەرگرت و هەڵی پچڕی و خوێندیەوە، لە خوێندنەوەکەیدا ڕەنگی هەڵبزڕکا. چەلەبی گۆشەی چاوی دابوێ، بە حەپساویەکەوە وتی چییە پێم بڵێ؟ کابرا بەکزییەکەوە برووسکەکەی دایە دەستی، لەبەر ئەوە تیایا نووسرابوو: کەشتی ژمارە ٤ کە هی ئێوە بوو پڕی بوو لە فاسۆن و ماوەت، لە سەعات هەشتی بەیانی ئیمڕۆدا لە دەریای سپیدا نقوم بوو. کابرا سارد بووە و بەبێ هۆشی هەر دوو مەچەکی خستە سەر مێزەکەی بەردەمی و سەری خستە سەری، کش و ماتی باڵی کێشا بەسەر ژوورەکەدا.
دەرگاکە کرابووەوە پیاوێکی ئاوەڵدامان سپی جانتایەکی بە دەستەوە بوو، کردی بە ژوورا و هات. بە جلوبەرگەکەیا دوکتۆر بوو، کە تەماشای کرد دنیا کش و ماتە، پرسی ئەمە چییە؟ یەکێ لە پیاوەکانی بەرمێزەکە بە هێواشی وتی فەرموو جارێ دانیشە، چەلەبی تۆزێ لە فیکرایە.
لە پاش ماوەیەک تۆزێ زیاد، دەفتەردارەکە چوو هەر زۆر بە هێواشی سەری نایە بناگوێی چەلەبییەوە وتی: قوربان وا دکتۆرەکە تەشریفی هاتووە. چەلەبی بە نیوەمردن و بە ڕەنگ لە ڕوو بڕاوی بە هەر جۆر بوو سەری بەرز کردەوە و دەفتەردارەکە دەستی دایە باڵی و هەڵیسان و بردیە ئەو لاوە، پشتێنی سەر پانتۆڵەکەی کردەوە، دوکتۆرەکە هات جانتاکەی کردەوە و هەندێ دەوا و دەرمانی تێکەڵاو کرد و کردیە دەرزییەکەوە و لە لەڕانی چەلەبی دا، پاش ئەوە هەندێ تر دەرمانی سوورکاری کردە ناو پیاڵەیەکەوە و ئاوی تێ کرد و دای بە چەلەبی وتی فەرموو بیخۆرەوە.
ئاو و قاوەکەی خۆیشی هەر لەسەر مێزەکەیە، هێشتا نەیخواردۆتەوە. دوکتۆر دیسان جانتاکەی تێکدایەوە و دەرمانێکی تری گرتەوە و کردیە ناو دەرزییەکی تر و ئەوەشی دا لە باڵی چەلەبی، دەرزی یەکەم هی هێز (قوەت) بوو، دەرمانی ناو پیاڵەکە هی نەخۆشی مەعیدە بوو، دەرزی دووەم هی نەخۆشی شەکرە بوو. پاش ئەمانە قاقەزێکیشی دەرهێنا، تۆزێ دەرمانی سپی وشکی تێ کرد، بە ئەندازەی ئەوە کە خۆی ئەیزانێ، بە چەلەبی وت خواردنی ئەم نیوەڕۆیەشت شۆربای برنج و ئاوی پرتەقاڵێکی پەنجا گرامییە، پاش خواردنەکەت ئەم دەرمانەش بکەوە ناو ئیسکانێ ئاوەوە بیخۆوە. تومەس ئەم دوکتۆر هەموو ڕۆژێ ئەمە ئیشیەتی و دوکتۆری تایبەتی چەلەبییە دێت بۆ دەرمانکردنی ئەم نەخۆشییانەی چەلەبی.
دوکتۆر ڕۆیشت و دەفتەردار لە پاش ئەوە چەلەبی پۆشتە کردەوە هێنایەوە سەر سەنگەڵییەکەی خۆی. ئاو و قاوەکەش هەر دانراوە نەیخواردۆتەوە. چەلەبی هاتەوە شوێنەکەی خۆی و هەناسەیەکی پیاهاتەوە، سەرێکی بەرز کردەوە بۆ ئاسمان و وتی: خوایە ئەمە حاڵە من هەمە؟ کوڕەکە -کە ئەم کەین و بەینانەی چاو پێ کەوت- وتی: یادت بەخێر کامەرانی، وا دیارە لە لای پیاوی وایش دەست ناکەوی. ئەمەی وت و هەستا ئەوێشی بەجێ هێشت.
بەڵێ ئەوێشی بەجێ هێشت نەوەک هەر ئەوێ، بەڵکوو هەر بە تەواوی وڵاتی چەلەبی ناهومێدی بەجێ هێشت، کاروان بە کاروان چووە شارێکی کەوە، ئەو شارە کە زۆری نەماوە شاری کامەرانان وە یا شارستانی شادمانان بێ. ئەمجارە لەم شارەدا تەنانەت حەمام و کەبابخانەشی نەهێشت، هەمووی گەڕا، بۆ ئەوە بەڵکوو تیشکی کامەرانی لە ناوچەوانی یەکێکەوە بەدی بکا، ئەو باوەڕە کە سەرەتا ڕووی کردە شارەکە و چاوی بە چاوەندازی شارەکە کەوت و بۆی پەیا ببوو، لە گەڕانەکەیا ئەو باوەڕەی نەهاتە دی. چاوەندازی شار وای پیشان ئەدا کە بێجگە لە خۆشی و کامەرانی هیچی تر لەم شارەدا نەبێ کە ئەگەڕێت و تەماشا ئەکا، تەنانەت حەمامچی و کەبابچیش هەر هەناسە هەڵئەکێشن؛ ئوف خوا دەرد.
زۆری نەمابوو شارەکە بەجێ بێڵێ، سەر لە بەیان بوو، بە ناو یەکێ لە شەقامی گەڕەکەکانا ئەسووڕایەوە، کتوپڕ دەروازەی کۆشکێک کرایەوە، پیاوێکی سەربازی کە نیشانە و ئەستێرەکانی پایەی عەقیدیان پیشان ئەدا هاتەدەرەوە. سووک، ڕەنگ گەش، گورجوگۆڵ و چالاک، تەماشای هەر شوێن و شتێکی ئەکرد لە خۆشیانا لەرەیەک لە لێویەوە ئەهات، لەگەڵ نیمچە زەردەخەنەیەکدا. لە هەندامیا هەموو لەشی هەر خۆشی بوو، گزنگی هەتاوەکە ئەیدا لە ئەستێرە مشتوماڵ کراوەکانی سەرشانی ئەبریسکانەوە. جلوبەرگەکەی هەر ئەوەندە جوان و پاک و تەمیز بوو مەگەر هەر خوا بیزانێ. جزمەکانی هەر ئەو کاتە بۆیاغی سوور کرابوون بریقەیان ئەهات، هاتەدەرەوە.
لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو، زۆر بەگورجی شۆفێرەکە دەرگای گەراجی کۆشکەکەی کردبووەوە، ئۆتۆمۆبێلەکەی هێنایەدەرەوە، لە بەردەروازەکەدا ڕایگرت، ئۆتۆمۆبێلی مۆدێلی ئیمساڵ، ئەتوت بووکە، دەرگاکەی کردەوە. پیاوەکە هات چوو لە شوێنی شۆفێرەکە دانیشت و دەستی خستە سەر جڵەوەکە و پێی نا بە بەنزینا. شۆفێر دەرگای پێوەدا و پیاوە خۆی ئۆتۆمۆبێلی لێخوڕی و وەکوو تیشکەی تفەنگ بۆی دەرچوو، شۆفێرەکەش لە ناوەوە دەرگای گەراجەکەی داخستەوە و چووە کۆشکەکەوە.
ئەم دیمەنە کوڕەی شەیدا کرد، وای لێ کرد هاتە سەر ئەوەی کە ئەم پیاوە نەوەک کامڕەوایە بەڵکوو هەر تاپۆی کامەرانییە، ئەگەر بەختیاری و کامەرانی ببێ لە دنیادا، لە لای ئەم پیاوەیە و ئەگەر نەبێ ئەوا هیچ، لە دەوروبەری ئەم کۆڵانەدا هەروا ڕایبوارد تا پاش نیوەڕۆ. سەعات بوو بە یەکی پاش نیوەڕۆ، سەیری کرد ئۆتۆمۆبێلەکە گەڕایەوە. هەر لە دوورەوە هوڕنی لێدا، خێرا شۆفێرەکە لە دەروازەی کۆشکەکەوە دەرپەڕییە دەرەوە، تا ئەم هات ئۆتۆمۆبێلیش گەیشتە جێ، دەرگاکەی کردەوە، پیاوەکە دابەزی و چووە کۆشکەکەوە، ئەمیش ئۆتۆمۆبێلەکی بردە گەراجەکەوە.
ئەمجا کوڕە کەوتە سەودای ئەوەی کە چۆن خۆی بگەیەنێ بەم پیاوە و چۆن دەمی بگاتێ. بە تایبەتی ئەم پیاوەش پیاوێکی عەسکەری گەورەیە و پێگەیشتن و هاوڕێیەتی لەگەڵیا بە پێی یاسای سەربازی تۆزێ گرانە. لەو کاتەدا سەری بەرز کردەوە، تەماشای کرد لەسەر دەروازەی کۆشکی ئەم بەری کۆشکی پیاوە عەقیدەکەوە، هەر ڕاست بەرانبەر بەوەی ئەو، پارچە مقەبایەک هەڵواسراوە لە سەری نووسراوە «ئەم کۆشکە بە هەموو شتومەکێکەوە بۆ کرێیە و قسەش لەگەڵ تەلەفۆنی ژمارە ٢٥٩٧٦ ئەکرێ».
کە ئەمەی چاو پێ کەوت، وەکوو گوڵ گەشایەوە. ئەجزاخانەیەک لەسەر کۆڵانەکە بوو، چووە ئەجزاخانەکەوە لەوێ تەلەفۆنی بۆ ژمارەکە کرد و ڕێککەوتن، تەلەفۆنی داخستەوە. زۆری پێ نەچوو ئۆتۆمۆبێلێک هات، پیاوێکی تیابوو، کلیلی کۆشکەکەی بۆ هێنا و چوون دەرگاکەیان کردەوە. کۆشک هەموو شتێکی تەواو بوو، تازە بۆیاغ کرابوو، باخەکەی تازە ئاو درابوو، ژوورەکان هەموو پڕ فەرش بوون، هەر ژوورە کانتۆر و مێزی تەوالێت و جامخانەی کتێبی تیابوو. لەگەڵ چوارپایەی یابلی فەنتازیدا، ژووری میوان زۆر ڕێکبوو، مەیبەقەکە پڕی بوو لە فەخفوری و چینی و پێویستی کۆشکێکی وا، هەموو بە ڕێکوپێکی لە ئۆفییەکەدا دانراون، حەمامەکەی ئاڵافەرزەنگی بوو، لە ناو ڕاڕەوەکە بە تەنیشت ژووری میوانەوە تەلەفۆنێک هەبوو.
ئەمانەی هەمووی بە پێی لیستەیەک وەرگرت، ئەمجا دەستی برد دەفتەری چەکەکەی دەرهێنا، چەکێکی بە پێنج سەد دیناری ئێمە، بۆ سەر بانکی «ئیستەرن بانک» نووسی و دای بە پیاوەکە بۆ کرێی کۆشکەکە، ئەم پیاوە خزمەتچیی خاوەن کۆشکەکە بوو. دەستی برد پێنج دیناریشی بەخشیش دا بەو. پێی وت ئەگەر پیاوەتیم لەگەڵ بکەی چێشتەرێک و خزمەتچییەکم بۆ پەیدا بکەی زۆر سوپاست دەکەم. پیاوەش سوپاسگوزاری کرد و وتی: تا نیو سەعاتی دیکە هەردووکیانت بۆ دێنم و لێی دا ڕۆیشت، لە ڕاستیدا زۆری پێ نەچوو، دوو کەسی هێنا. یەکێ چێشتکەر و یەکێ خزمەتچی.
کوڕە تەلەفۆنی هەڵگرت و داوای تاکسییەکی لە یەکێ لە شوێنی ئۆتۆمۆبێلە کرێیەکان کرد و ژمارەی کۆڵان و خانووی دانێ. زۆری پێ نەچوو تاکسی هات، کوڕە دەستووری دا بە چێشتکەر و خزمەتچییەکە و خۆی سوار بوو بە شۆفێرەکەی وت بمبە بۆ شەریکەی ئۆتۆمۆبێلی کادیلاک. بە دەم ڕێگە ڕۆیشتنەوە دیسان پێی وت ئەگەر ئۆتۆمۆبێلچییەکم بۆ پەیدا بکەی پیاوەتیم لەگەڵ ئەکەی. ئەویش وتی کوڕێکی دۆستی من هەیە شۆفێرێکی چاکە و ئەگەر ئارەزوو ئەفەرموون هەر ئێستا بۆتانی دێنم. وتی سوپاست ئەکەم.
زۆری نەبرد چوونە شەریکەکەوە هەقی تاکسییەکەی دا و خاوەن تاکسی چوو بە شوێن شۆفێرا، ئەمیش چوو بۆ لای مودیری شەریک، قسەوباسی کڕینی ئۆتۆمۆبێلێکی تازەی کادیلاکی مۆدێلی ئیمساڵی کردەوە، کاتۆلۆگیان خستە بەردەستی لەگەڵ لیستەی نرخا، نەخشەی ئۆتۆمۆبێلێکی جوانی هەڵبژارد و نایە بەردەستی مودیر و وتی ئەم مۆدیلە. مودیر فەرمانی دا ئۆتۆمۆبێلێکیان هێنایە دەرەوە لە کۆگا، ئۆتۆمۆبێلی چی؟ ئەتوت پێشەنگی پێشڕەوی قافڵەیە، نرخیش ٢٥٠٠٠ دینار بوو، ئەمیش دەستی برد دەفتەری چەکی دەرهێنا و حەوالەی کرد بۆ سەر بانکی ئیستەرن بانک.
مودیر وتی ئەگەر ئارەزووی شۆفێریش ئەکەن لای ئێمە هەیە کە لە خزمەتانا بێ و... قسەکەی تەواو نەکرد خاوەن تاکسییەکە هاتەوە کوڕێکی لەگەڵ خوێ هێنا و هات وتی قوربان ئەمە ئۆتۆمۆبێلچییەکەیە ئەوا هێنامە خزمەتتان، ئەمیش وتی سوپاست ئەکەم و عەزیەتتان بۆ کێشام. ڕووی کردە مودیرەکەش وتی منەتباری پیاوەتیتانم، لەبەر ئەوەی بڕیارم بەم دۆستە دابوو بۆ ئۆتۆمۆبێلچی و ئەویش هێنای، ئەبێ ئێوە لێم ببوورن.
مودیر وتی ئاسایشی ئێوەمان ئەوێ، ئەم بێ یا ئەو جیایی نییە لە بەینیانا. هەستا و کوڕەی تا بەردەرگای شەریک بە ڕێکرد و تەوقەی لەگەڵ کرد. شۆفێر چووە ئۆتۆمۆبێلەوە، خستیە گەڕ و دابەزیەوە دەرگاکەی کردەوە، کوڕە سوار بوو، دەرگای پێوە دایەوە و چوو دانیشتەوە و ئۆتۆمبێلی لێخوڕی چوونەوە بۆ ماڵەوە، ئۆتۆمۆبێلچی، ئۆتۆمۆبێلی بردە گەراجەکەوە و ئەمیش چووە ناو کۆشکەکەوە.
کوڕە لە دیمەن و ڕابواردنی پیاوێکی گەورەی بنەماڵە، چەند ڕۆژێک ڕایبوارد و هەموو ڕۆژێک بەیانی زوو بە شۆفێرەکەی ئەوت ئۆتۆمۆبێلەکە لە بەرقاپی حەوشەدا ڕاگرێ و چاوەڕێی هاتنەدەرەوەی ئەم بکا، خۆیشی بە بیجامەیەکەوە جار جار ئەهاتە بەرقاپی و سەیرێکی ئۆتۆمۆبێلی ئەکرد و تۆزێ لە باخچەی بەردەرگا ئاسنەکەدا خۆی خەریک ئەکرد و ئەمجا درەنگێک خۆی کۆ ئەکردەوە و ئەهات سوار ئەبوو، ئەچوو هەندێک ئەگەڕا و لە سەعات دیاریکراودا وای پیشان ئەدا کە خاوەن ئیشێکی ڕەسمی یا خاوەن تجارەتخانە و بانکێکە.
یەک دوو حەفتەیەک بەسەر ئەم ژیانەیا تێ پەڕی، هەموو ڕۆژ عەقیدەکە لە بەیانیا دەرئەچوو بۆ سەربازخانە و لە نیوەڕۆدا ئەگەڕایەوە. ئۆتۆمۆبێلێکی کادیلاکی تازەی لە بەرامبەر کۆشکەکەی خۆیەوە چاو پێ ئەکەوێت، کە شۆفێرەکەی خەریکی پاکەوە کردن و ئامادە کردنیەتی بۆ ئاغاکەی. کاروباری کۆشک و هاتوچۆکەری خزمەتچی لەم کۆشەدا و بوونی ئۆتۆمۆبێلێکی وا، وای پیشان ئەدا کە پیاوێکی گەورە لەم کۆشەدا دانیشتبێ، هەر جارەش کوڕێکی گەنجی بەدیمەنی بەرچاو ئەکەوت، کە بە بیجامەوە لە بەرقاپی حەوشە دەستوور ئەدا بە ئۆتۆمۆبیلچییەکە یا خەریکی باخەکە ئەبێ، تێگەیشت کە خاوەەنی ئەم کۆشکە ئەم کوڕەیە.
ڕۆژێک و دوو ڕۆژ بەم جۆرە، ڕۆژێکیان بەیانی بوو عەقیدەکە هاتە دەرەوە بۆ ئەوە وەختی سەربازخانەی بوو، بچێت بۆ ئەوێ، کوڕەکەی دراوسێی لە بەرقاپییەکەی خۆیانا ڕاوەستا بوو، ئیتر ئەم بە لایەوە جوان نەبوو کە هەموو ڕۆژێ ئەم دێتە دەرەوە و ئەو کوڕە لەوێ ڕاوەستاوە، بەتایبەتی بووە بە دراوسێشی، هیچ قسەشی لەگەڵ نەکا.
هەر کە هاتە دەرەوە، چاوی پێکەوت، تۆزێ لێی نزیک بووەو و پێی وت: بەیانیت باش. کووڕە بە ڕوویەکی لە گوڵی ئەو باخە گەشتر چوو بە پیریەوە و پێی وت: ژیانت باش. هەروا تۆزێ دەستیان کردە قسە کردنی «مجامەلە».
ئەم «بەیانیت باش و ژیانت باش»ەی ئەم ڕۆژە، قاپیی دۆستایەتی لە بەینیانا کردەوە و بوو بە هۆی ئەوە کە کوڕە ئیتر وردە وردە خۆی لێ نزیک بخاتەوە. چەند ڕۆژێکیش تێپەڕی و هەتا ئەهات دۆستایەتی زیاتر بەهێز ئەبوو، بەڵام هەر تەنها دۆستایەتی قسەی بەر دەرگا.
ڕۆژێک ساعەت یەک بوو عەقیدەکە لە سەربازخانە هاتەوە، کوڕەکە لە بەردەرگا ڕاوەستا بوو، کە ئەو دابەزی کوڕە گرتیە قسە و بە دەم قسەوە چوون تا بەردەرگاکەی خۆیان، ئینجا پێی وت: فەرموو لە پێش ئەوەدا بچنەوە بۆ حەسانەوە. بچینە ژوورەوە شتێکی سارد و قاوەیەک بخۆینەوە، لەبەر ئەوە تۆزێ یەکێتییان پەیدا کردبوو بێ دڵیی نەکرد لەگەڵیا چوونە ژوورەوە و لە ژووری میوان دانیشتن. ژوورەکە زۆر ڕێکوپێک بوو، خێرا ئاوی سارد و پاش ئەوە «سینالکۆ» و «کۆکا» و پاش ئەوە قاوەی بە شەکریان هێنا، پاش خواردنەوەی ئەمانە و کەمێک دانیشتن هەڵسا و وتی: ئەچمەوە خۆم ئەگۆڕم و تۆزێ ئەحەسێمەوە. جەنابیشتان ئیسراحەت بکەن، دنیا گەرمە. گەلێ لەگەڵی خەریک بوو، بۆ ئەوەی دانیشێ، پێکەوە نیوەڕۆژ بکەن، دانەنیشت وتی: ئێرە و ئەوی هیچ جیاییەکیان نییە و ڕۆیشت.
بە کورتی ئەم هاتنەی بوو بە هۆی ئاشنایەتییەکی تەواو، وایان لێ هات زۆرترین وەخت لەگەڵ یەکا و لە ماڵی یەکا ڕایان ئەبوارد. کوڕەکە، کە تەماشای کرد ئەم «عەقید»ە ڕابواردن و هەڵسووکەوتێکی زۆر خۆش و ڕێکوپێکی هەیە، کۆشکەکەی جوان و هەموو دەورووبەری باخچە و گوڵە. ژوورەکانی کۆشکە یەک لە یەک جوانتر و بەوێڵترن. ژووری کتێبخانە جامخانەی کتێبی تێدایە. لە هەموو جۆرێ کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی تیایە، لەولاوە پیانۆیەک دانراوە، مەیموونێک و بەچکە پشیلەیەکیش هەرجارە دێن پێکەوە یاری دەکەن و دیمەنێکی جوان دروست دەکەن. کوڕە کەوتە سەر ئەو باوەڕە کە کامەرانترین کەس لە ژێر ئەم ئاسمانە شینەدا هەبێ، ئەم «زابتە»یە و ئەوی ناتەواوی بێ ڕووی تێ نەکردووە. وتی: باش بوو، تەقەلاکەم، کە ئەمە چەندێکە ئەیدەم بۆ دۆزینەوەی کامەرانی، بە خۆڕایی دەرنەچوو، پێی گەیشتم.
ڕایەڵی ئاشنایەتییان زۆر توند و بەهێز ببوو، هیچ نهێنییەک نەمابووەو لە بەینی یەکا کە بۆ یەکی نەگێڕنەوە، ڕۆژێک دانیشتبوون، کوڕە پێی وت: من حەز ئەکەم بزانم تۆ لە دنیادا چ ناتەواوییەکت هەیە و چی هەیە کە هۆی دڵتەنگی تۆ بێ؟ من ئەم ماوەیە بۆم دەرکەوتووە کە لە تۆ بەختیارتر و کامەرانتر، بڕوا ناکەم ببێ و ئەوەی ڕاستی بێ ئەمەوێ منیش ئەو ڕێگەیەی تۆ گرتووتە بگرم.
زابتەکە وتی: چاک دۆزیوتەتەوە، ڕاستە منیش خۆم وا ئەزانم کە لە من کامەرانتر نییە، ژیان هەر ئەوەیە کە منی تیام، ڕابواردن هەر ئەوەیە کە من ڕایئەبوێرم، بۆ هەر شتێک وەختم داناوە و لە هیچ شتیکا ناتەواویم نییە، بەیانیان هەڵئەستم شتومەکی تەراشم بۆ دانراوە، تەراش ئەکەم، ئەچم دەست و دەم و چاو ئەشۆم، دێمەوە نان دانراوە و نان و چا ئەخۆم، بە ئەندازەی دوو ساعەت ڕائەکشێم، ئیسراحەت ئەکەم، کە هەستام، ئەچم خۆم ئەشۆم، چا ئەخۆمەوە، پاش ئەوە مەیموون و پشیلەکەش بە دەنگی پیانۆکە ئەکەونە سەما. کە تۆزێ لەوە تاقەتم چوو. ئەچم هەندێک لەگەڵ باخەکە خۆم خەریک ئەکەم. پاش ئەوە سوار ئەبم ئەچم هەندێکیش ئەگەڕێم و ئەچم بۆ سینەما و دێمەوە. کردوومە بە ڕەوشت دوو ساعەت خەریکی خوێندنەوەی کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاریش ئەبم، پاش ئەوە جێگەم بۆ ڕاخراوە، ئەچم ئەنووم. (کوڕەش وا بە دڵ گوێی بۆ ڕاگرتووە و کات بە کات گەشە ئەیگرێ لەم بوارانەدا) پارەیەکی زۆرم هەیە لە بانکا، مانگانەکەشم زۆرە، ئەم کۆشکە هی خۆمە، خانووبەرە و موڵکی تریشم هەیە، ئۆتۆمۆبیلم هەیە، ئەمانەم هەموو هەیە، بەڵام...
هەر لەگەڵ وتی «بەڵام» کوڕە کسپەیەک لە دڵیەوە هات و هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا و وتی: ئەم ڕەنجەشم بە هیچ دەرچوو! وتی: ئێ. وتی: بەڵام شەو و ڕۆژ لە پەژارەی ئەوەدام کە فەرزەندەیەکم نییە پاش خۆم ئەم ماڵ و موڵکەی بەرکەوێ و نەکەوێتە بەردەست ئەم و ئەو و میرێ. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ژنم نەهێناوە و ژنم نییە تا منداڵم ببێ. وتی: چۆن؟ بۆچی ژنت نەهێناوە؟! وتی: نەمهێناوە... ئەمەش داستانێکی هەیە. وتی: توخوا برا ئەوەشم بۆ بگیڕەوە؟! وتی:
من باوکم دەوڵەمەند بوو، خستمیە قوتابخانە و پێی خوێندم، بەرەبەرە سەرکەوتم و چوومە دانشگای جەنگەوە، ئەویشم تەواو کرد و دبلۆمم وەرگرت و بە ملازمی دوو دەرچووم، تا ئەم ماوەیە باوک نەما و هەندێ خزم و کەس و کارمان هەبوو، هەموو سامانەکەیان لە ناو دا، من جۆشی «گەنجی»م بوو، پێویستم بە سامانی باوکم نەما، مانگانەکەشم بەشی ئەکردم، لە ناو سەرخۆشی هەرزەکاریدا ئەتلامەوە. ڕامبوارد رتا بووم بە ملازمی یەک. هەر سەرخۆش بووم، لە پاش چەند ساڵێکی تر بووم بە ڕەئیس، لەم وەختەدا فیکری ژنم کەوتە سەر، ئەوەندە هەبوو وتم من هێشتا دەمەدەمی جوانیمە و هەر لە ئێستەوە ژن بێنم باشە، بەڵام لە کوێی دانێم!چاک وایە با جارێک لێی گەڕێم تا شوێن و خانوویەکم نەبێ. کەوتمە سەر ئەم فیکرە و وازم لە ژن هێنان هێنا و خۆمم بە هیواوە خەریک کرد. پاش ماوەیەک بووم بە ڕەئیسی یەکەم و لە ڕاستیدا لە پارەی مانگانەم ئەوەندەم بۆ داکەوت کە خانوویەک دروست بکەم. خانووم کرد و ئەو وەختە وتم من ڕەئیس ئەوەلێکم ئێستا بچم کچێک بێنم و لە خانوویەکی ڕەق و تەقا داینێم و هاوسەری هاوڕێکانم هەموو ئۆتۆمبێل و هەموو هۆیەکی ڕابواردنیان هەیە، ئەگەر من نەمبێ شوورەییە بۆم، چاک وایە ڕاوەستم تا ئۆتۆمبێل و ئەو شتانەشم ئەبێ!
لە خولیای ئەم فیکرەدا مامەوە تا بووم بە «موقەدەم»، لەم ماوەیەدا ئۆتۆمبێلم کڕی و هەموو جۆرە شتومەکێکی ماڵم ڕێکخست. ئینجا کەوتمە سەر ئەوە وتم ئەوا من ئێستا هەموو هۆیەکی ڕابواردنم تەواوە. بەم پێیە ئەچم کچێک دێنم و بە جۆرێکی «ئەرستۆقراتی» لەگەڵی ڕائەبوێرم و پەکم لەسەر هیچ ناکەوێ، بەم ژیانەوە فێر ئەبم. باشە ئەی ئەگەر لە پاش دوو ڕۆژ هات و لە ئیشەکەم دەریان کردم، ئەو وەختە هیچ شتێک نییە من پێوەی بژیم و فێری جۆرە ژیانێکیش بووم کە وەنەبێ بە سووکی هەڵسووڕێ. ئەو وەختە کەنفت ئەبم و لە ناو خەڵکا ئابڕووم ئەچێ، کە واتە ناوەڵا با ماوەیەکی تر ڕاوەستم تا ئەبم بە «عەقید» لەم ماوەیەدا ئەوەندەم ئەبێت ئەگەر هات و لە پاش ئەوەش ئیشەکەی خۆمم لە دەست دەرچوو، بە دەرامەتی پاشەکەوتم وەکوو جاران ئەژیم!
لەبەر ئەوە وازم لە ژن هێنا و پارەشم ڕۆژ بە ڕۆژ زیادی ئەکرد. ئەوەندە سامانم بۆ پێکەوە نرا کە چەند خانووبەرەیەکم کڕی و هەمووم دا بە کرێ و ئێستاش سەرەڕای ئەوە، پارەیەکی زۆرم هەیە و لە بانکدایە، دەرامەتی ئەوەش خۆی سەربەخۆ ساڵانەیەکی زۆرە. پلەکەشم ئێستا «عەقید»ە و لە هیچ شتێک ناتەواویم نییە. بەڵام تەمەنی ئەو کچەی کە من لە دەورێکا ملازمی دوو و یەک بووم و جۆشی جەحێڵیم بوو، لەگەڵ منا ئەگونجا و مایەی ڕابواردن بوو، ئەو تەمەنە و ئەو جۆرە کچە پێم قایل نابێ و لام لێ ناکاتەوە! دەوری جوانیم دەورێک بوو ئەگەر نانی شەویشم نەبوایە خەرامانی چینیشم پێوە دائەنیشت. ئێستا کە دەوری پیرییە ئەگەر هەموو گەنجی دنیایشم ببێ، هیچ تامێکی نییە و ئەو دڵخۆشییەی جارانی نییە. لەبەر ئەمانە ئەوا بۆ خۆم کەوتوومەتە خەفەتی ئەم غایەڵەیەوە و بووە بە خۆراکی شەو و ڕۆژم و ئەوەی پێی بڵێن ڕووناکی، سەری بە دڵی منا نەکردووە. ئەو دیمەنە ڕواڵەتییەم کە ئەیبینی، ئەوە دیمەنێکە وەکوو دیمەنی گوڵی ژاڵەیە، لە دوورەوە ئاڵە و لە ناوەوە بێ بۆن و تاڵە! چارناچار دێنم هەر کاتەناکاتێک خۆم بە شتێکەوە ئەخڵافێنم و دەستی خۆم بەوە ئەبڕم، کەچی لەو کاتەشا و تەنانەت لە کاتی نووستنیشا بەبێ هەست و ئیختیار، هەر بەینابەینێک دڵم خورپەیەکی لێوە دێت و ژیانی تاڵ و ترشی خۆمم ئەخاتەوە فیکر!
کوڕە کە گوێی لەو قسانە بوو، بە جارێ چووە تاسەوە و لەم دنیای ڕووناکەوە کەوتە دنیایەکی ترەوە. تا ئێستا وای ئەزانی کە باشقی کامەرانەکانی هەموو سەر زەوی، دیمەنی ئەو پیاوەیە کە بە خەوی شەویش بۆنی خەم و خەفەتی نەکردووە، کەچی ئێستە کاتێ سەیر ئەکا کڵۆڵتر کەسێک و بە جەرزەتر کەسێک لەم ژێر ئاسمانەدا ببێ ئەو کەسەیە کە ئەو لێی بە هەڵە چووبوو!! دەردی مەردومی تر هەر دەردێکە، هی ئەم دوانە!
لە پاش ئەمە کە لەم کەین و بەینە تێگەیشت ڕووی تێکرد و وتی: برام من بە شوێن شتێکا ئەگەڕام کە لام وا بوو ئەو شتە تەنها لە لای تۆ دەست ئەکەوێ، هەر لەبەر ئەوە بوو کە من هاتم ئەم دەرگا و دووکانەم بۆ خۆم پێکەوە نا و خۆم کرد بە هاوماڵی تۆ، ئێستا وەکوو بۆم دەرکەوت ئەو شتە لای تۆیش دەست ناکەوێ. کە واتە ئەمە ئاخر ماڵئاواییە کە لێت ئەکەم و ئیتر بە دوعا! هەستا هاتە دەرەوە و ئەو کۆشک و خزمەتچی و ئۆتۆمبێل و شتانە، کە ڕێکی خستبوون هەموویانی تێک دا و ئەو وڵاتەشی بەجێ هێشت.
ملی ڕیی گرت و ڕووی کردە بەغدا، بیستبووی کابرایەک لەوێ هەیە «عەلائەدین سەجادی» پێ ئەڵێن و وای بەرگوێ کەوتبوو کە کابرایەکە گوێ بە کەس نادا و گزیرێک و وەزیرێکی بەلاوە وەکوو یەک وایە. گۆیا لای لە عەنعەناتی دنیا نەکردووەتەوە لەگەڵ ئەوەشا دەستی ئەڕوا، دیارە هەر شتێک وتراوە نەبێ وا بێ. کوڕە وا چووبووە دڵیەوە کە ئەبێ کامەرانی لە لای ئەو دەست کەوێ، بۆیە وا ئەو ڕێگەیە گرتووە.
بە پرسیار چوو، ها، لێرە ها لەوێ دیەوە، کتوپڕ لووتی تەقی بە لووتی قاپیەکی بچکۆلەوە، لەسەر قاپییەکە نووسرابوو، ئەمە مزگەوتە، چووە حەوشە بچکۆلەکەوە ، لەوێوە چووە ژوورێکەوە، لەبەر تاریکی، چاو چاوی نەئەبینی! پرس و ڕای پێ ناوێ، کورسییەکی شڕە هەبوو لە ژوورەکەدا، چوو لەسەر کورسییەکە دانیشت، ناچار بوو دانیشێ، چونکە بنمیچەکە ئەوەندە نزم بوو ئەبوایە سەری دانەواندایە ئەگینا نەیئەتوانی بە پێوە ڕاوەستێ! کە دانیشت تۆزێ بەرچاوی ڕووناک بووەو کتێبخانە و کتێبێکی نە زۆر کەم و نە زۆر زۆری بەرچاو کەوت، لەبەر بێ جێگەیی کتێبخانەکە زۆر ناڕێک و پێک بوو. هەندێکە بەسەر ڕەفەکەوە بوو تا بنمیچەکە چووبوو و تۆز سەری گرتبوو. مێزێک دانرابوو ئەویش سەرەکەی پڕی بوو لە کتێب و قاقەز و قەڵەم، بەڵام ناڕێک و ناهەموار . کورسییەکی شڕ لەبەر مێزەکەدا دانرابوو، سەر ئەو کورسییەش پڕ بوو لە قاقەز و ڕۆژنامە و گۆڤار. جێگەی دانیشتنی زەلامێک بە سمرسمر لەسەر کورسییەکە کرابووەوە لە ناو قاقەز و ڕۆژنامەکانا کابرایەکی دەستە پیاوی لێ دانیشتبوو دشداشەیەکی لەبەرا بوو، سەری ڕووت بوو، گوێچکەی خەتی «تەلەفۆنی»ێکی بڕاویشی لە تەنیشتەوە دیار بوو.
کابرا، کە چوو سەری کرد بە ژوورەکەدا هیچ نەجووە دڵیەوە کە کامەرانی بوێرێ سەر بکا بە شوێنێکی وا تاریکی بۆگەنی دوور لە هەموو ناز و نیعمەتێکەوە، بەڵام تووش ببوو، تازە تێپەڕیبوو، ئەوەی بە بیرا هات کە دەنگی دەهۆڵ لە دوورەوە خۆشە!
دیارە کە جوو سەلامێکی کرد و لە پاش دانیشتن کابرای ناو قاقەز، جگەرەیەکی دایە و بەخێرهاتنی کرد، ئەمیش هەر وا بە حەپەساییەکەوە پرسیاری لە «عەلائەدین سەجادی» کرد، کابرای دانیشتوو بە زەردەخەنەیەکەوە و بە ڕوانینی چاوێکەوە کە پڕ بوو لە هەست کردنی تێگەیشتنی ئەو کە ئەم میوانە بە هەڵەدا چووە وتی: فەرمانت چییە بە عەلائەدین سەجادی و بۆ چیتە؟ ئەویش وتی: ئیشم پێیەتی و ئەمەوێ بیبینم. کابرای دانیشتوو وتی: ئەگەر زۆر بە پەرۆشی بۆ بینینی ئەو کابرایە کە گوێی زرنگانویتەوە ئەوەتە لەبەر دەستتایە، فەرموو ئەمر کە؟!
کوڕە کە گوێی لەو قسەیە بوو، لەو کاتەدا بە دەستی تۆزێ چاوەکانی هەڵگڵۆفت و بە سەرسامییەوە تیژ تیژ هەردوو چاوی بڕییە کابرای دانیشتوو و وەکوو بڵێت حەپەسا! پاشان وتی: بۆچی جەنابتی عەلائەدین سەجادی؟! ئەویش وتی: بەڵێ، وتی: زۆر سەیرە، ئێستا بە تەواوی باوەڕم هاتە سەر ئەوەی کە دەنگی دەهۆڵ لە دوور خۆشە و بە تەواوی باوەڕم بە ئەقڵی ناتەواوی خۆم هێنا کە ئەمەوێ لە شوێنێکی وادا کامەرانی بدۆزمەوە!
دەورییەک هەندێ تووتنی تیا بوو، لەگەڵ چەند پەڕەیەک قاقەزی بافەرە لەسەر مێزەکە دانرابوو. کابرای دانیشتوو دەستی برد لە پاکەتێک.. .کە ئەویش هەر لەسەر مێزەکە بوو... جگەرەیەکی تری دا بە کوڕەکە و خۆیشی دەورییە تووتنەکەی هێنا سیگارێکی بۆ خۆی پێچایەوە و بە دەم پێچانەوەی سیگارەکەوە هەر ئەیوت: ئێ... کامەرانی... کە سیگارەکەی تێکرد، پینج شەش «چەرخ -فەنەک»ی بەنزین لەسەر مێزەکە بوون، لەگەڵ ئەوەشا کە تازە بوون و هەموو شتێکیان تەواو بوون، دەستی ئەدایە هەر کامێکیان هەڵ نەئەبوون و هەر ئەشی وت: بەڵێ، کامەرانی، ئێ، کامەرانی. کاکم، کامەرانی ئەوێ!
ئەو بە هەر شەڕەشەقێک بوو سیگارەکەی داگیرساند و بە گۆگردێکیش جگەرەی کوڕەکەی داگیرساند و سەر و نەفسیان لێ دا و ئەمجا ڕووی کردە کوڕەکە وتی: فەرموو قسە بکە. کوڕەش جارێ هەر تاس بردوویەتیەوە. وتی: قسەی چی بکەم هیچم پێ نەماوە تا قسە بکەم؟ ئەمە چییە و چ ژیانێکە تۆ تێدای؟ ئەوەی من بیستوومە لەبارەی ژیانی تۆوە وا دیارە هیچی وا نییە!
کابرا، یا عەلائەدین سەجادی تێگەیشتبوو کە ئەو کوڕە چی ئەوێ؟ پێی وت: شوێن کامەرانی کەوتووم بۆیە وا ئەکەم و وا ڕائەبوێرم! وتی: جا ئەمە کەی کامەرانییە؟ وتی: تا ئەم کاتە باوەڕم لەسەر ئەوە بووە کە دنیا لەمە زیاتر هەڵناگرێ. ئەگەر کامەرانی دەست کەوێ لەو ڕێگەیەدایە کە من گرتوومە. دیارە لەمەشدا نییە، کە وا بوو کامەرانی دەنگی هەیە و ڕەنگی نییە! ئنجا پێی وت: کاکی خۆم گوێ بگرە تا قسەت بۆ بکەم، بەڵام پێویستە تۆ لە پێشا بەسەرهات و چۆنیەتی خۆت بۆ من بگێڕیتەوە و تێم بگەیەنی لە حاڵ و ئەحواڵی خۆت، ئەو وەختە منیش ئەوی بزانم پێت ئەڵێم.
کوڕە هات ئەوی بەسەر هاتبوو، لەو ڕۆژەوە کە بە شوێن کامەرانیدا ئەسووڕێتەوە، تا ئەم کاتە هەر شتێک هەبوو و نەبوو، هەمووی بۆ گێڕایەوە و وتی: ئەمە ئاخر پلەمە، ئەمەوێ بزانم ئەوەی کە من ئەمەوێ لای تۆ دەست ئەکەوێ یان نا! بەو نیازە هاتم، بەڵام کە سەیر ئەکەم تۆ لە هەموو کەس زیاتر لە جەزرەبەدای.
لێرەدا عەلائەدین سەجادی دەستی پێکرد و وتی: کە واتە دڵت لام بێ. ئینجا وتی:
برام لە پێش هەموو شتێکا چەند وشەیەک هەیە، ئەمانە تەنها وشەکەیان هەیە، مەفهوومی ئەو وشەیە دوور نییە هەر دروست نەبووبێ، ئەوانەش وەکوو «کامەرانی، عەداڵەت، دیمووکراسی و هی تریش هەیە». ئەمانە جۆرە تەڵەیەکن کە بەهێز دەستی بێهێزی پێ ئەبڕێ و ڕاوی ئەکا، لەوانە گەڕێین تەنها قسە لە کامەرانییەوە بکەین. کامەرانی بە مەعنای کەلیمە، لە دونیادا نییە و نەبووە. هەر شتێک هەیە لە دنیادا هەمووی نسبییە، چاوت لە کاروباری ڕەواڵەتی نەبێ، ئەوە هیچە. هەر دەستەیەک کە تۆ ئەیبینی بە لاتەوە دەستەیەکی باش و بەختیارە. بچۆ لەگەڵیا هەڵسوکەوت بکە، لە پاش تۆزێک پەشیمان ئەبیتەوە، خیرا بۆت دەرئەکەوێ کە ئەوە بۆ دەستبڕینی دەستەیەکی تر ئەو ڕێگەیەی گرتووە. جا با ئەو دەستە و چینە هەر دەستە و چینێک بێ، بەڵام ئەوی بە دڵی منا دێت بە لامەوە کامەرانییە، چەند بیر و باوەڕیکە ئەگەر ئەو بیر و باوەڕەت بوو، ئەوە کامەرانیت، ئەگەر نەتبوو، هیچ! بەتایبەتی کامەرانی بەپێی ڕۆژ و زەمان ئەگۆڕێت. لەم ڕۆژەدا کە هەموو شت لە فیکر چووەتەوە و پوڵ و دراو، شوێنی هەمووی گرتووەتەوە، کابرا بۆ ئەوە کە ڕاوی دەست کەوێ، چی بە بیرا بێت لە کاروباری ناهەموار و لە ماستاوکردنی بێجێ ئەیکا، گۆیا بۆ ئەوە کە ئەو دراو و شوێنەی دەست کەوێ، سەیر ئەکەی کە دەستیشی ئەکەوێ، لە هەموو کەس دڵتەنگتر و بەخەمترە. کە وا بوو ئەمە کامەرانی نەبوو کە دەستی کەوت.
ئیحتیرام و ڕێز لە دنیادا دوو جۆرە، جۆرێکی هی ئینسانی ڕووتە، واتە پێویستە لەسەرت هەرکەس پێیان وت ئادەمیزاد خۆڵڕێژێک بێت یا پادشایەک تۆ ئەبێ ڕێزی لێ بگری و بە چاوێکی گەورەوە سەیری کەی، چونکە ئینسانە و یەکێکە وەکوو تۆ. جۆرێکی تر ئیحتیرام و ڕێزی دۆستایەتی، خزمایەتی، پایە و شوێن، عیلم و زانیاری، سامان و ڕواڵەتی دنیاییە، هەر یەک لەمانەش ئەبێ زیاتر لە هی ئینسانێکا بەشیان بدەیت، بەڵام بەو مەرجەی کە کابرا لەخۆبایی نەبێ و داوای ئەوەی لێ بکا هەر بەو ناوەوە کە ئەو گەورەیە ئیتر «واجب»ە لەسەر تۆ کڕنۆشی بۆ بەری، ئەگەر ئەو داوایەی لێت کرد، ئەوە ئەبێ لە لایەن تۆوە بێبەش بێ، تەنانەت لە ئیحتیرامە ئینسانیییەکەش. بۆ وێنە: کابرایەک «بە میسال» وەزیرە. داوای ئەوەت لێ ئەکا تەنها بەو ناوەوە کە وەزیرە پێویستە لەسەر تۆ کڕنۆشی بۆ بەری و لەبەر دەرگاکەیا بکەوی و دەوری لێ بدەی. جارجار ئەویش بە فیزێکەوە و بە تیلی چاوەوە، نیوە مەرحەباییەکی ڕووتت لێ بکا و ئەم نیوە مەرحەبایە ببێ بە خواردنی شەو و ڕۆژت و هیچی تر!
ئەگەر یەکێ وا بوو، ئەوە تۆ ئەبێ لەباتی ئەوەی کە کڕنۆشی بۆ بەری، بەردی تێبگری و بیشکێنی بە شکانێکی وا کە جارێکی کە خۆی بۆ پێکەوە نەنووسێنرێ. ئەو مەسئەلە کوردییەی تێبگەیەنی کە ئەڵێ: بۆیە پێت ئەڵێم کاکە تا چۆلەکەم بۆ بگری. ئەگینا ئەگەر بێتە سەر ئەوە تەنها لەبەر پایەکەت یا تەنها لەبەر سامانەکەت داوای ئەوەم لێ بکەی کە بە گەورەت بزانم، ئەوە لەباتی ئەوە بێ وا بچیتە دڵتەوە کە بە هیچت نازانم و هەر یەکە پیاوی ماڵی خۆمانین. لەم لایەنەوە ئەبێ پیاو وەزیرێک و گزیرێک بە یەک بزانێ و هیچ گوێیان مەدەرێ، با بیکەن برویش.
یەکێکی تر لە هۆی بەختیاریی ئەوەیە کە هەرگیز وەختی خۆت یا دڵی خۆت بە شوێن و جێگە و بە قسە وتن بە خەڵکەوە تەنگ مەکە و خەریک مەکە. چاوت لەوەوە نەبێ کە فڵان ئەوەی هەیە و تۆ نیتە، یا کە لەگەڵ یەکێکا دانیشتی مەبە سەر و گوێلاکی ئەو کەسە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ناسراوییەکتان بووە یا نان و پیازێکتان بە یەکەوە خواردووە، لەم قسانە و لەم خەریکبوونانە هیچ کەڵکێک وەرناگری بێجگە لەوە نەبێ کە دڵی خۆت، گرانبار ئەکەی. پیاو ئەبێ وەکوو ئاوی مەنگ وا بێ، نەوەک وەکوو چەقەنەی ئاش.
یەکێکی تر، هەر قسەیەک ئەیڵێیت یا هەر کردەوەیەک کە ئەیکەی، دوو ئامانجت هەبێ؛ یەکەم نیازی خۆت لەگەڵ خوای خۆتا بۆ ئەو قسە و کردەوەیە پاک بێ، دووەم «موحاکەمە»یەک لەگەڵ ویژدانی خۆتا بکە، بزانە ئەو قسە یا کردەوەیەت زیانی نییە بۆ خەڵک و بۆ بێگوناحان. ئەگەر ویژدانەکەت پێی وتی: «نیەتی» و نیازەکەشت لەگەڵ خوادا پاک بوو، ئەوە لەسەر ئەو قسە و کردەوەتە بڕۆ، با هەموو عالەمیش قسە بکەن، هیچ نرخێکی نییە و دواجار هەر تۆ سەر ئەکەوی.
یەکێکی تر لە هۆی «کامەرانی» ئەوەیە ئەگەر بیر و باوەڕێک هەبوو، ئەبێ تا ئاخر هەناسەت لەسەر ئەو بیر و باوەڕە بڕۆیت، پایە یا پارە یا ڕۆژباشی بۆش نابێ پەشیمانت بکاتەوە. ئەمەش مەرجی هەیە، مەرجەکەش ئەوەیە وا بزانی لە بیر و باوەڕەکەتا ڕاست ئەکەی و لەسەر شتێکی ڕاست و دروست ئەڕۆی. ئەگینا ئەگەر وا بزانی بیر و باوەڕەکەت چەوتە، ئەوە نابێ لەسەری بڕۆی، چونکە پێداگرتن بۆ شتی چەوت، زیانی لە قازانجی گەلێ گەلێ زۆرترە. خۆ ئەگەر بیر و باوەڕەکەشت بە ڕاست زانی و لە واقعیشا ڕاست بوو، ئەوە هەر لەسەری بڕۆ با ڕایشت بکێشنە پێی سێدارە و پێت بڵێن یا ئەبێ پەشیمان بیتەوە یا ئەمەتە ملت ئەکرێ بەو پەتەوە. نەکەی پەشیمان بیتەوە! چونکە مردن بە سەربەرزی گەلێ سەربەرزترە لە ژیانێ کە سەرنزمی تیا بێ.
یەکێکی تر ئەوا دوو دەستە هەیە، دەستەیەک دەستە جڵەوی ئیشی گرتووەتە دەست و لەسەر کورسی دانیشتووە، دەستەکەی تریش لە دوورەوە وەستاوە و سەیر ئەکا. لەم دەستەی دووەمەدا چەند کەسێک پەیدا ئەبن، ئەوانی تر هەڵئەخرینێ با بچین ئیشەکە لە دەست ئەوانی تر بسێنین، چونکە نازانن بەڕیوەی بەرن، ئەچن و بەرەنگاریان ئەبن، ئەوانەش کە لەسەر کورسییەکەن ئیشەکە نادەن بە دەستەوە، بەمان ئەڵێن ئێوە نایزانن بەڕیوەی بەرن. کاروباری گشتی ئەکەن بە بیانوو بۆ دانیشتن لەسەر کورسییەکە. کەچی هەردوو لاشیان درۆ ئەکەن. کاروباری خۆیان وای پێویستە کە لەسەر کورسییەکە بن نەوەک کاروباری گشتی. جا نەکەی بڕوا بە قسەی هیچیان بکەی، هەردوو لایان درۆ ئەکەن، مەگەر بە دەگمەن، ئەگینا بۆ خۆیان وا ئەکەن. ڕاستە بۆ خۆیان وا ئەکەن، چونکە سەیر ئەکەی ئەو دەستەیە کە لەسەر کورسییەکە هەموو تێپەڕاندنی ئیشوکاری وڵات هاتووەتە سەر ئەوە کە بۆ خۆیانی تێپەڕێنن و ئەوانی تر کە لەسەر کورسی نین یا تێکڕای خەڵکی وڵات، لە دوورەوە زاقەی چاویان دێت و بە دەردی نەڕۆیشتنی ئیشەوە ئەتلێنەوە.
جا، کاکەبرا لە بیر و باوەڕی منا ئەمانە هەندێک بوون لە هۆی کامەرانی، ئەگەر توانیت ئەمانە بەری بەڕیوە ئەوا ویژدانت ئەتوانێ بحەسێتەوە. کە ویژدانت حەسایەوە، خۆیشت کامەران ئەبیت.، هەروەخت توانیت ئەرکی ئەمانە هەڵگری و هەڵتگرت جارێکی کە وەرەوە هەندێکی تر هەیە پێت ئەڵێم. ئەگینا ئەو کامەرانییەی تۆ ئەیڵێیت و عەوداڵی بە شوێنیا، نییە و دروست نەبووە، بچۆرەوە و لە ماڵی خۆت دانیشە و خۆت بە خەیاڵەوە خەریک مەکە نە عەدل هەیە و نە کامەرانی.
کوڕە هەڵسا سپاسێکی کابرای دانیشتووی کرد و ژوورە تاریکەکەی بەجێ هێشت و ڕۆیشت.