لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردەوارییە ئەڵێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  800 بینین

لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردەوارییە ئەڵێ:

جارێک «ئەنەوشیروان» و «بەختەک»ی وەزیری بە قەراخ شاری «مەیدان»دا ئەگەڕان، ئەو سەردەمە ئەنەوشیروان پیاوێکی زۆر ستەمکار و «زاڵم» بوو، هەموو وڵات و مەملەکەت لەبەر جەوری ئەو ببوو بە وێرانە و ئەهلەکەی هەموو تەفروتونا ببوون، کە چوونە قەراخ شارەکە، سەیریان کرد هەمووی کەلاوە و وێرانە بوو. ئەنەوشیروان سەیری کرد بایەقوشێک لەسەر دیواری کەلاوەیەک نیشتووە و ڕووی کردۆتە بایەقوشێکی تر، کەوا بەسەر دیواری کەلاوەیەکی ترەوەیە، کلکی هەڵئەتەکێنێ و بەسەر ئەوی ترا ئەخوێنێ، ئەوی تریش بەو جۆرە هەڵئەستێتەوە وەڵامی ئەداتەوە. بەختەک لە زمانی هەموو جڕوجانەوەرێکی ئەزانی، ئەنەوشیروان ڕووی تێ کرد و وتی: «بەختەک ئەوە ئەو کونە پەپوانە ئەڵێن چێ؟» ئەویش وتی: «شاهم، چیت عەرز بکەم شتێکی وا نییە.» وتی: «نابێ هەر ئەبێ پێم بڵێیت!» وتی: «شاهم ناتوانم عەرزت بکەم، ئەگەر هیچم لێ ناکەی، عەرزت ئەکەم!» وتی: «لەژێر سێبەری منای مەترسە.» ئنجا بەختەک وتی: قوربان ئەو بایەقوشەیان داوای کچی ئەوی تریان ئەکا بۆ کوڕی خۆی، ئەویش داوای مارەیی لێ ئەکا. ئەنەوشیروان وتی: جا داوای چی لێ ئەکا؟ وتی: قوربان ئەڵێ ئەبێ سەد کەلاوە بکەی بە مارەیی کچەکەم. شا وتی: ئەو چی جواب ئەداتەوە؟ وتی: قوربان ئەڵێ: تا ئەنەوشیروان پادشا بێ و بەختەک وەزیر بێ، نەوەک سەد کەلاوە، بەڵکوو هەزار کەلاوە بە پووڵێک.

ئەنەوشیروان تاسێک بردییەوە و وتی: چۆن من وام لێ هات کە پەلەوەڕیش لە زوڵم و ستەمم بکەونە قسەکردن و باسم بکەن؟ ئێتر نەچوو بۆ گەڕانەکەی. هەر لەوێوە گەڕایەوە و ئەو ڕا و ڕەوشتەی، کە تا ئەو وەختە هەیبوو هەمووی فڕێ دا و دەستی کرد بە دادپەرستی و وڵات ئاوەدانکردنەوە و زنجیری عەداڵەتی ڕاکێشا و بوو بەو ئەنەوشیروانەی کە پێی دەڵێن «ئەنەوشیروانی عادڵ»!