عەبەی مەلا حەسەن هەبوو ساڵێک ئەچێتە...
عەبەی مەلا حەسەن هەبوو، ساڵێک ئەچێتە خێڵێکی نیشتەجێی «سمایل عوزەیری» لەو بناری «چەقژ» و «قایکەن»ە بۆ مەلایەتی ڕەمەزان، هەموو ئێوارە و پارشێوێک کە ئەم دەستی ئەکرد بە بانگ و سەڵا، کەرێکیش لەوێ بوو ئەویش دەستی ئەکرد بە زەڕەزەڕ. جەژن نزیک بووە، عەشیرەت لێی کۆ بوونەوە و وتیان: مەلا تۆش وەک مەلاکەی پارمان لەگەڵ مەکە، جۆشمان لێ بسێنە. ئەڵێ: برا هەر ئەبێ بمدەنێ، چونکە مەلاکەی پار هەر خۆی بوو، من ئیمساڵ هاوڕێیەکم هەیە، من بانگەکەم ئەدا و ئەو سەڵاکەی ئەکرد، خۆ ئەمەی بە خۆڕایی نەکردووە، ئەبێ جۆکە بدەم بەو. ئەڵێن: برا خۆ کەرەکە باوکت نییە، خێزانی خۆمانە هەقەکەی ئەوت نادەینێ خۆمان لەباتی ئەو ئەیخۆین، ئەوا بەشە گەنمی خۆت و خوات لەگەڵ. مەلا بۆ ڕیشی چوو سمێڵیشی نایە سەری!...
شێخ مارفی سەعاتچی، لە کەرکووکەوە بۆی نووسیم وتی: کابرایەکی کەڕ دراوسێیەکی نەخۆش بوو، هەستا چوو بۆ سەردانی، گوێزیان هەبوو، هەندێ گوێزیشی بە ناوی دیارییەوە بۆ برد. کە چوو دانیشت، لە نەخۆشەکەی پرسی: ئێستا چۆنی؟ کابرای نەخۆش وتی: زۆر خراپم. ئەم لای وا بوو ئەڵێ زۆر چاکم، وتی: الحمدوللهعەرەبی. لێی پرسی: خواردنت چییە و چی ئەخۆی؟ وتی: برا خواردنی چی؟ خواردنم زەهری مارە! وتی: یا ڕەبی نۆشی گیانت بێ. ئینجا ئەڵێ: کێ دەرمانت ئەکا؟ ئەڵێ: کێ ئەیکا؟ ئیزرائیل. کەڕە ئەڵێ: قومی خێر ئەبێ ئیشەڵڵا. ئەڵێ: ماڵ و منداڵەکەت چۆن خزمەتت ئەکەن؟ نەخۆشەکە ئەڵێ: پیاو کە نەخۆشییەکەی درێژەی کێشا، ماڵ و منداڵیشی لێ وەڕس ئەبن، ئێستا وام لێ هاتووە ئەزانم کە من مردم چوار ڕۆژی پێ ناچێ ژنەکەم شوو ئەکاتەوە. کەڕە ئەڵێ: هیچ خەم مەخۆ من ئامادەم بۆ هەموو خزمەتێک لەباتی تۆ.
کەڕە گوێزەکان لە کۆشیا ئەبێ، تومەز ڕانکەکەی دڕاوە و هەموو گەڵ و گوونی بە دەرەوە ئەبێ، خۆی ئاگای لێ نابێ! نەخۆشەکە دەستی بۆ ڕائەکێشێ، ئەڵێ: کۆشت داپۆشە. کەڕە وا ئەزانێ پێی ئەڵێ: ئەوەت بۆ چی هێناوە، ئەڵێ: وەڵلا ئەوە بۆ منداڵەکان، با گاڵتەی پێ بکەن.