کورد ئەڵێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  1191 بینین

کورد ئەڵێ:

ئەڵێن ئەگەر یەکێک تووشی «کەهەنگ» بوو، جا ئەگەر هات و یەکێک تووشی ئەم جۆرە نەخۆشییە بوو خۆی بخاتە ئاوی ساردەوە چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن ئەگەر یەکێک دووپشک پێوەی دا دووپشکەکە -پاش ئەوەی کە کوژرا- بخرێتە سەر ئاگر و بسووتێنرێ، پاشان بخرێتە سەر شوێنی پێوەدانەکە، ژانەکەی ئەشکێ.

ئەڵێن مشک زۆر گل و خوڵی مارەنگاز ئەدا، ئەمەش زیانی بۆ مارەنگازەکە هەیە، ئەگەر بێت و ئەو مشکە بە سەریا باز بدا، ئەوا ئەو مارەنگازە ئەمرێ. جا لەبەر ئەمە کورد دێنێ ئەگەر یەکێک مار پێوەی دا زەنگێک، یا تەنەکەیەک یا شتێکی تر کە تەقەی بێت، دایئەنێن و یەکێکی تر بە لایەوە دائەنیشێ و زەنگەکە لێ ئەدا، یا تەنەکەکە ئەکوتێ و ئەیکا بە تەقەتەق، ئیتر مشکەکە لەبەر تەق و هۆڕەکە دوور ئەکەوێتەوە و نایە بە لای مارەنگازەکەدا.

ئەڵێن ئەگەر منداڵێک سەری کەچەڵ بوو، جیوەی سوور لەگەڵ «کەرە»دا بگیرێتەوە و چەند جارێک لێی بدرێ چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن گەر یەکێک «گرمەژن»ی دەرکرد، بە توێکڵی شووتی بیهەنووی، چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن ئەگەر یەکێ ئاژاوە لە ماڵیا هەبوو، کەوشی تەنگ لە پێ بکا، ئەوی لە فیکر ئەچێتەوە.

ئەڵێن ئەگەر یەکێ چاوی کەمحوکم بوو، بۆقی سەوز ببینێت «میل» بێنی بە سەر پشتیا و بیکێشێتە چاوی، چاک ئەبێتەوە و بینایییەکەی زیاد ئەکا، بەڵام ژانی ئێگجار زۆرە.

ئەڵێن «شنگ» خواردن، بۆ دەمودان خراپە و بۆ ناوسک باشە. ڕێواس بۆ دەمودان باشە و بۆ ناوسک خراپە.

ئەڵێن ئەگەر یەکێک هار بوو، خۆڵی گۆڕستان بکرێ بە سەریا ئەمرێ.

ئەڵێن ئەگەر دووپشک دای بە ئافرەتی سکپڕەوە، لە پاشا ئەو منداڵەی کە لە سکیا بووە پاش ئەوەی لە دایک بوو، ئەگەر دووپشک پێوەی بدا، نایەشێ!

ئەڵێن ئەگەر یەکێک لاواز بوو، بۆ ماوەیەک ڕۆنی «چالەکە» بخوا، قەڵەو ئەبێتەوە.

ئەڵێن گیای «ڕکێشە» بنرێ لە برینی «تیراوێ» چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن پێڵاوی سوور لە پێ کردن، خەم ئەڕەوێنێ.

ئەڵێن ئەگەر یەکێ دەستی هەر برین و زیچکاوی لێ ئەهات، خوێنی پشتی کیسەڵی لێ بدا، چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن چل بەیانی لە خورێنی، خواردنی حەوت دەنک مێوژ، یا پێنج دەنک بادام، بۆ هێز و قوەت زیادکردن زۆر باشە.

ئەڵێن کە ڕۆژەکانی پێنجەی تارا، هەر کەس بنوێ، ئەوە هەموو ساڵەکە هەر خەوی دێت.

ئەڵێن چاوێک «بەفر» بیبا، دووکەڵی «قانگ»ی بۆ باشە.

ئەڵێن ئەگەر یەکێک سەرما بیبا، «حەمامی ژنان»ی بۆ ئەکرێ، بەوە دێتەوە سەرخۆی. «حەمامی ژنان»؛ ئەوەیە کابرا ڕووت و قووت ئەکەنەوە و ڕایئەکێشن. سێ ژنیش وەکوو ئەو خۆیان ڕووت ئەکەنەوە، یەکێکیان لەم لای و یەکێکیان لەو لای ڕائەکێشن، ئەوی سێهەمیشیان خۆی ئەدا بە سەریا، گۆشت لەسەر گۆشت ڕائەکێشن، ئەمجا نوێن ئەدرێ بە سەر ئەمانەدا، ئەمانە کابرا ئەگووشنە یەک، بە هەڵمی ئەمانە، کابرا تینی تێ ئەکەوێتەوە کە تینی تێ کەوت و هۆشی هاتەوە بە خۆیا، ژنەکان هەڵئەستن و کابرا بە نوێن دائەپۆشن، تا بەتەواوی گوڕی پیا دێتەوە.

ئەڵێن خواردنی ڕۆن گەرچەک بۆ ڕەوانی باشە.

ئەڵێن نۆک بۆ سکچوون باشە.

ئەڵێن یەکێ مار پێوەی بدا، شیری کاڵ بخواتەوە باشە.

ئەڵێن هەنگوین و کاڵەک، خواردنیان پێکەوە زیانێکی زۆری هەیە.

ئەڵێن یەکێ کە ژانی کرد -بیلامانێ- بتسێ باشە.

ئەڵێن ئاڵووی بکەوێ، پارووی گەورە بنێ، یا پەنجە گەورەی بچەمێنێتەوە بەینی جومگەی یەکەم و دووەمی ببا بە دەمیا، ئاڵووەکەی چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن ئەگەر یەکێ سەگەل گەمارۆیان دا و کەوتە ناویانەوە، لە شوێنەکەی خۆی دابنیشێ، ئیتر لاقەی ناکەن.

ئەڵێن دەستێ، قاچێ، شوێنێ، کە شکا کەرتە، هیزەی تێوە پێچن چاک ئەبێتەوە.

ئەڵێن ئەوانەی کە خەریکن هار ببن، چاویان بە شتی سوور بکەوێ خراپتر ئەبن.

ئەڵێن کەسێ «گەوزەن» ی پێ بێ، مار و دووپشک نزیکی ناکەون.

ئەڵێن ڕۆنی مەیموون خواردن، پیاو ئەخاتە جامبازی.

ئەڵێن منداڵ بە منداڵی بنەون لە باڵی و ڕایکێشن، چاوی خێل ئەبێ.

ئەڵێن هەر ژنێ چێشتی سوێری کرد، ئەوە ئارەزووی لە ئیشە خۆشەکەیە.

ئەڵێن زەردووییدار ئەگەر تەماشای جووڵانەوەی ماسی بکا لەناو ئاوا، زەردوویییەکەی ئەڕوا.