سەرەتا
وەختی خۆی، کە دەستم دایە نووسین و دانانی «ڕشتەی مرواری»، بەو تەمایە بووم کە تا ماوەیەکی درێژ ئەوسا بتوانم بەرگێکی لێ چاپ بدەم، بۆیەش ئەڵێم بەو تەمایە بووم چونکە وا ڕانەئەپەرمام کە زوو بڵاو ببێتەوە و بکەوێتە دەست خوێندەواران و ئەوان بکەنە کارێ کە لەسەر ئەو بیر و باوەڕە پاشگەز ببمەوە. کەچی بە پێچەوانەی ئەوەوە، لە ساڵی ١٩٥٧ کە بەرگی یەکەمی دەرچوو، زۆری نەخایاند کە هانەهانەی خوێندەوارانی کورد، کردیانە کارێ کە بەرگی دووەمیش بێت بە شوێنیا. ئیستێکی وایان کرد کە سپاسگوزارییان بکەم. ئەو سپاسگوزارییەش بۆ ئەوە کە قەومی خوشەویستی کورد، بە دڵ و بە گیان هەستیان بەوە کردووە کە خوێندنەوەی کوردی و خوێندنەوەی ئەدەبی کوردی، مایەی بەختیارییە بۆ ژیان.
لە ڕاستیشدا وایە چونکە، کە ئێمە وتمان «خوێندواری چرای ژیانە»، ئەبێ ئەوەش بچێتە دڵمانەوە کە ژیانیش بە خوێندەوارییەوە ژیانە. ژیان هەر خواردن و نووستن نییە. ژیان ئەوەیە کە هەر کەس لە عاستی خۆی ئەبێ هەست بەوە بکا کە بۆ بەرزیی قەومی خۆی ئەبێ بژی، کە قەومەکەی بەرز ببێتەوە، قەومیش بەرز نابێتەوە تا خوێندەوار نەبێ، خوێندەواریش نابێ تا بە زمانی خۆی نەخوێنێتەوە. بەو بۆنەیەوە سپاسێکی تایبەتیش ئەکەم بۆ خوا، کە قەومی خۆشەویستی کورد، بینی پێوە ناوە بۆ فێربوون بە زمانەکەی خۆی، دیسان سپاسیشم بۆ ئەو قەومەیە کە وا بە دڵ و بە گیان خەریکی خوێندنەوە و نووسینی زمانی کوردین.
ساڵی ١٩٥٧ دوو بەرگ لەم کتێبە دەرچوو ئەوا ئێستاش بەرگی سێهەمی کەوتە بەردەستی خوێندەوارانەوە، پشتئەستوورم بە هانەهانەی ئەوان، کە بەرگی چوارەم و پێنجەم و هتدیش هەر ئەخوێننەوە.