حاجی قادر تۆ نەمردووی تا قیامەت نامری
ئەوەش بۆ ڕۆژی حەفلەی حاجی قادر نووسیم ئەگەرچی هێشتا نەکراوە
لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
2 خولەک
934 بینین
حاجی قادر تۆ نەمردووی تا قیامەت نامری
هەرچی کوردە تۆ لە دڵیا دائیما هەر حازری
جەوهەری تیغی زبانت تیژە وێنەی زولفەقار
دولدولی نەزمی ڕەوانت شاهیدە بۆ ماهری
شیعرەکانت وەک چرایە سەیری ئەدرەوشێنەوە
بۆیە یادت وا لە دڵمان هەر دەسووتێ ئاگری
تۆ کەشەهبازی شکارەندازی عەقڵ و حیکمەتی
بووی بە سەڕڕافی خەزێنەی شیعری دوڕڕوگەوهەری
مژدە بێ بۆ ڕووحی پاکت سەد هەزار ڕەحمەت لە تۆ
کورد گڵۆپی نیشتمانە هانی تۆ بوو پاتری
بۆتە لەیلا بۆ هەموو کورد حوسنی دیوانی ئەتۆ
بۆیە وێڵی ناو جەبەل بوون چەشنی قەیسی عامری
کورد هەمووی دەروێشی تۆیە یاد و فیکری تۆ دەکەن
ڕۆژی زیکری چەندە خۆشە زیکری حاجی قادری
دانە دانە، دانە دوڕبوون وەک سەدەف بۆ فکری تۆ
ڕەهنمای غیرەت دەکاتن پشت بە پشت بۆ شاتری
دێ لە کوردستانی ئێمە ئیمڕۆ سۆزی موخلیسان
گشت کەمەربەستەی هیواتن وا بە ڕەسمی چاکری
دەنگی تەبریکە لە هەرلا داروبەردیش هەر دەڵێن
قەومی کورد جەژنت موبارەک لێدە تەپڵی نادری
خاسەتتەن کۆیە و وڵاتی تاجی فەخری بۆ ئەوان
شێری ناو بێشەی مەلاحەت شاهبازی شاعری
بوو بە سەرمایەی جەسارەت شیعر و مەعنا و جەوهەری
هاندەری جەنگ و نەبەردن خۆت لە سەنگەر ڕاگری
دەست بنێنە دەستی یەکتر لێک ببوورن مەبنە شاهـ
تاکوو ببنە سەددی پۆڵای پێشی قەومی کافری
وەک لە فیکری کورد گەیشتن هێزی ئیستیعمار هەڵات
کلکی نا سەرشانی ڕایکرد چەشنی گۆلکی سامیری
ڕوو کەنە قاپی خودا و زۆر سوپاسی ئەو بکەن
ئەو نموونە دەست بە دەست هات گەییە عەسری حازری
ببنەئێک و دووبرا بن چاوەکەم کورد و عەرەب
دوژمنی دینە خەریکە فتنە بازی و ساحری
پشتی یەک بگرن دەخیلە کاکی کوردی بەسیەتی
چی بەسەر هاتووە شعوورت ڕێی حەقیقەت ناگری
پشت لە خوا کردن بە قوربان تێی بگەن هەر نەگبەتە
دۆستی خوا بن گەر هیوایە خۆ لە مەیدان ڕاگری
دین قەڵاتە هەر دووچاوم یەککەتیشە ئەسلیحە
تۆ کە ئەو دوانەت نەبێتن خۆت لەبەر کەس ناگری
مامە حاجی کاکی عاسیناسناوی ئەدەبی وەک کە دیتی جەوهەرت
وەعدی داوە تا بمێنێ تەرکی کاتن شاعیری