بە موناسەبەتی ڕۆژی 11ی ئەیلوول کە دەستیان بە (ثورە) کرد و ئاگریان لە چیایەکان کردەوە. بۆ تێگەیشتن

لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
 3 خولەک  991 بینین
ڕۆژی یازدەی مانگی ئەیلول بوو بە جێژنەی کوردەکان
ئاگری شۆڕش هەڵایسا شەوقی دایە ڕووی جیهان
وا لە دیار ئەم جێژنە سەیری هەروەکوو غیلمان و حوور
سەف بە سەف وەستاوە تیپی لوئلوئو مەرجانەکان
چەند بەڕێزن ڕێز بە ڕێزن گوڵ وغونچەی هەموو
ڕەنگی ئاڵ و بۆنی خۆش و بولبولێکن نەغمەخوان
پیاوی چا بن ببنەیەک دڵ پشتی یەکتر بەرمەدەن
واریداتی خاکی خۆتان مەیدەنە بێگانەکان
فیلحەقیقەت ئێوە شێرن سەد ئەسەف ڕێوی نیفاق
گشتی واکردنە ئەسیر و بێ شعوور و هیچ نەزان
زۆر بە مەردانە عەزیزم خاکی خۆتان پاس بکەن
بچنە مەیدانی نەبەردی وەک پڵنگ و شێرەکان
گەر شیعارتان یەککەتی بێ ئەهلی مێژوو فەخرەکەن
سەیری کەن بەیداغی ئێوە وا لە لوتکەی چیایەکان
ڕایدەژێنێ لەو بڵندە بای زەفەرتان دائیما
ناوی خۆتان زوو بەدەرخەن تازەلاو و گەنجەکان
پرچ و بسکی تازە عادەت هەیبەتی ئێوەی نەهێشت
ئۆتوماتیکتان لەدەست بێ ڕووبەڕووی بێگانەکان
ڕەسمی شێر و خەنجەر و تۆپ و تفەنگتان با هەبێ
ببنە شێر و نرکەتان بێ وەک پڵنگ بن ڕۆڵەگیان
دۆشکەیەک پەیدا کە دۆشەک کەڵگی ئیمڕۆی ناگرێ
هەروەکوو دووپشکە ڕەشکە ڕاکە سەر دەببابەکان
خۆت بکە باز و شەهێن و دوژمنت لاکێشکە بێ
گورج بە گورچیلەی دەرێنە بیکە عیبرەت بۆ زەمان
لەم نەخۆشخانەی نیفاقا بەسیە نووستن وەرنە دەر
یەککەتی بێکەم پزیشکە بێ شرینقە و فەحس و ژان
ئالەت و دەرمانی ناوێ بێ شکە گەر ناجیحن
شەربەتێکە یەک دڵیتان بۆ دەوای گشت دەردەکان
تەفرەقەش بۆ خۆت دەزانی چەند لەسیلیش پیسترە
جەرگ و گورچیلەت دەخواتن کاکی کوردی بێ گومان
تۆ کە ناوت هاتە ناوناو غیرەتی بەرزانییە
تۆش وەکوو شێرانی بەرزان ڕوو بکە ڕووی جەبهەکان
چەند هەزار ساڵە خەریکن هەر نیفاق جەرگی بڕین
بوونە عەبد و ژێر چەپۆکەی بەد ڕەوشت و ناکەسان
تۆزەە ڕووحێکتان کە ماوە با ئەویش نەڕواتە دەر
فێری دەرسی یەکدڵی بن دەبنە سەردار وەک کەیان
هەرچی نامەردە دەری کەن نیشتمان با پیس نەبێ
چونکە زۆڕناچی بەلاشن بۆ هەموو بێگانەکان
چونکە یەکدڵ بوون لەگەڵ یەک پشتی یەکیان بەرنەدا
وا بە چاو دیتان نەتیجەی جوولە جوولی جوولەکەکان
دین هەوێنی ئیتتیفاقە ئەو قسەشتان پێ بڵێم
دینی ئیسلام بۆ سەلاحی پێشڕەوی ئیسلامەکان
کاکی کوردی زۆر بە دیققەت ئەم قسانە وەرگرن
ڕووکەنە دەرگاهی مەولا زۆر بە دڵ ئەی لاوەکان
قەت هەوێن نابی هیواتان بێ شیعاری دینی حەق
هەر شکاو و تێ شکاون مەچنە دوای شەیتانەکان
پشت بە خوا بەستن بەڕاستی دەبنە سەرکەوتوو هەموو
گەر خوداتان یاریکار بێ دەبنە شابازی جیهان
خوا پەرەست بن گەر بەڕاستی خواروپەست نابن ئەبەد
دەبنە ڕۆستەم بۆ شەجاعەت دەچنە ناو تەئریخەکان
گوێ لە فیکری چونکە ناکەن وەختە عاسیناسناوی ئەدەبی شێت ببێ
دوای نەمانی قوڕ دەپێون چوو لە دەستمان پەندەکان
چیت لە بسک و پرچی لوولە، لوولە تۆپت وا لە پێش
ڕووی لە کەللە وناوچەوانتە نەوجەوانی کەللە پان
تۆ لەباتی ڕشک و ئەسپێی بسک و پرچت لاوی کورد
ئەسپ و ڕەششاشێ پەیا کە بۆ نەجاتی نیشتمان
دەفعەیێکی زۆر بە دیققەت سەیری ئاوێنەی بکە
خۆت بە چاوی خۆت دەبینی چوویە شێوەی کیژەکان