مەست و سەرخۆش و خەجاڵەت بێ دڵ و دێوانە خۆم

لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
 2 خولەک  1196 بینین
مەست و سەرخۆش و خەجاڵەت بێ دڵ و دێوانە خۆم
دڵ لە دەست دەرچووی خەیاڵی بادەیی مەستانە خۆم
بێ شعوور و خودپەسەند و هەرزەگۆ و دونیا پەرست
لێوەشاوەی سەرزەنشتی ئەقریبا و بێگانە خۆم
گەرچە زاهیر وادەبینن دائیما مزگەوتە جێم
سینە پڕ بوغز وحەسادەت تالیبی ئەفسانە خۆم
سەد ئەسەف عومرم تەواو بوو ڕووم لە تەقوا قەت نەکرد
بێ زەخیرە و مایە پووچ و دڵڕەش و وێرانە خۆم
بێ دڵ و ئیدراک و سەفوەت بێ وەفا دەرحەق بە حەق
گێژ و بێ فیکر و دەماغ و بێ مەی و مەیخانە خۆم
سەرفی عومرم کرد لە دونیا تۆوی چاکەم قەت نەچاند
بێ تەمای فەرمانی تاعەت ڕەنجەڕ و بێ مایە خۆم
شەمعی بەزمارایە دڵ بوو جیفەیی دونیایی دوون
دین ودڵسووتاوی دونیا عەینی وەک پەروانە خۆم
ئەی موسڵمانان دەخیلە ئێوە وەک من قەت مەکەن
ڕووت و سەرگەردان و مەحرووم وا لە ڕووی جانانە خۆم
ڕوو لە مەولا کەن بەڕاستی نەک وەکوو من بەدڕەوشت
ئەی وەکوو تەیری کەسیرە بێ نەوا و هێلانە خۆم
ڕوو لە کوێ کەم ڕوو لە کوێ کەم یا ئیلاهەلعالەمین
وا لە بەردەرگاهی عەفوت ڕوو ڕەش وبێ یانە خۆم
دەنگی دەققولبابە یارەب وا لە قاپی ڕەحمەتت
بانگ دەکا عاسیناسناوی ئەدەبی مە هاتووم بێ وەفا و پەیمانە خۆم