کورد پێویستە بۆی کە موسڵمان بێ
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
3 خولەک
832 بینین
کورد پێویستە بۆی کە موسڵمان بێ
بڕوای بە خوا و پێغەمەران بێ
خاوەن ئایین و دین و ئیمان بێ
موتیع بە حوکم و، ئەمری قورئان بێ
کورد کە وا نەبوو، عەمری نەمێنێ
جڕ و جانەوەر، چاوی دەربێنێ
کورد ئەبێ دایم، چاوی هەڵ بێنێ
دەور و بەری خۆی، زۆر باش ببینێ
بە درۆ و فیشاڵ، ئیمان نەهێنێ
تێ کۆشێت بۆ خۆی، کە خۆی بژێینێ
کورد کەوا نەبوو، عەمری نەمێنێ
جڕ و جانەوەر، چاوی دەربێنێ
کورد وڵاتی خۆی لەیەک بچڕا بێ
ماڵ و میراتی، لێ زەوت کرا بێ
لە نان و ئاوی، مەحرووم کرا بێ
نابێ مل شۆڕ کات، بەمە ڕەزا بێ
کورد کەوا نەبوو، عەمری نەمێنێ
جڕ و جانەوەر، چاوی دەربێنێ
کوردێ کە زانی بێگانە و، دوژمن
دەماری ژینی، دەردێنن لە بن
بۆ دڵۆپێ نەوت، یا چنگێ تووتن
گەر نەهاتە دەنگ، نە پیاوە، نە ژن
کورد کەوا نەبوو، عەمری نەمێنێ
جڕ و جانەوەر، چاوی دەربێنێ
کورد کە خاوەنی گەنجی شاراو بێ
ساحێبی چەند جۆر مەعدەنی خاو بێ
ئەبێ سەربەست و، چاو نەترساو بێ
هەرگیز ڕێ نەدات، کە بەش خوراو بێ
کورد کەوا نەبوو، عەمری نەمێنێ
جڕ و جانەوەر، چاوی دەربێنێ
کورد کە دارایی ئاڵتوونی ڕەش بێ
چۆن قەبووڵ ئەکات ماڵی بەش بەش بێ
بۆ ئەملاو ئەولایە مفت پێشکەش بێ
خۆیشی لە خێر و بێری بێ بەش بێ
کورد کەوا نەبوو، عەمری نەمێنێ
جڕ و جانەوەر چاوی دەربێنێ
کورد ئەبێ دایم تا ماوە کورد بێ
نابێ دوا کەوتووی درۆی نامەرد بێ
ئەبێ تێ کۆشێ ئازا و مەرد بێ
هەمیشە وریای ڕۆژی نەبەرد بێ
کورد کەوا نەبوو، عەمری نەمێنێ
جڕ و جانەوەر چاوی دەربێنێ
کورد ئەبێ مێژووی بێنێتە بەرچاو
وەربگرێت بیر و تەجروبەی تەواو
خۆی ڕیسوا نەکات بۆ سوپڵە و بەدناو
تا بە «موفت» نەکرێت بە «پۆڕی خوراو»
کورد کەوا نەبوو عەمری نەمێنێ
جڕ و جانەوەر چاوی دەربێنێ
بە بیر و بڕوای نەفام و جاهێل
یاخۆ بە وشەی لا دینی بە فێڵ
نابێ کتووپڕ، دەربچێ لە هێڵ
بناغەی شەرەف، دەربێنێ بە بێڵ
کورد کەوا نەبوو عەمری نەمێنێ
جڕ و جانەوەر چاوی دەربێنێ
شاهۆناسناوی ئەدەبی کورد ئەبێ هەتا بمێنێ
«تووی یەکیەتی» بۆ کورد بچێنێ
ڕق و دوژمنی، هەرگیز نەڕوێنێ
دڵی کوردەکان نابێ بشکێنێ
کورد کەوا نەبوو عەمری نەمێنێ
جڕ و جانەوەر چاوی دەربێنێ