ئەی کوردی ستەم دیدەیی مەزڵومی سیاچار
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
6 خولەک
883 بینین
ئەی کوردی ستەم دیدەیی مەزڵومی سیاچار
وەی میللەتی مەعسوومەیی بەدبەختی گرفتار
تاکەی لە خەوان ئێوەو و دوژمن هەموو بێدار؟
تا چەندە ئەبێ مەست بن و خەڵقی هەموو هوشیار
خۆتان ئەکەنە مەزحەکەیی مەحرەم و ئەغیار
عالەم هەموو مەشغووڵی تەڵاش و دەس و بردە
هەر میللەتە بۆ خۆییە، خەریکی زەد و خوردە
هەر کەس لەبۆ خۆی حاکمی خۆیە وەکوو مەردە
مەحروومی هەموو قەومێ، فرۆمایەی کوردە
ماتەم زەدەو و سووکە، پەرێشان و، گرفتار
ئەو میللەت و قەومانە لەوەو پێش کە زەبوون بوون
ئەو تایفە و تاقمە، ئەوساکە کەدون بوون
ئەو خەڵقە لەبەر جەهل و نیفاق غەرقەیی خوێن بوون
هەستان لە خەوی غەفڵەت و، دارایی فنوون بوون
ئێستاکە هەموو بەگ لگ نوو، شاهـ و حوکمدار
کوردیش ئەبێ هەر عەبد و غوڵامی ئەم و ئەو بن
هەر بارەبەر و، ماتەم و شان ڕێش و جەدەو بن
بێهۆش و سەراسیمە لەدووی خەڵقی xxxxدەقی نائاشکرا بن
چاویان لەم و لەو بێت، نە بە ئەم بن نە بە ئەو بن
بێ عیلم و جگەر پارەو و، مەحزوون و خەفەت بار
ئەم جەهل و نیفاق و سەفەهو زیللەتە، تاکەی؟
ئەم بێ شەرەفی و خۆ خۆرییە و غەفڵەتە تاکەی؟
ئەم بوغز و شیقاق و حەسەد و عەزلەتە تا کەی؟
بێ فکریی و سەرخۆشیی ئەم میللەتە تا کەی؟
تاکەی ئەبنە مەسخەرەیی عالەمی هوشیار؟
بەس تاڵبی تاڵانی یەک و کوشتنی یەک بن!!
بەس ساعیی بێ دەستیی و دەست بەستنی یەک بن!!
بەس مایلی فەوتانی یەک و مردنی یەک بن!!
مەشغووڵی برایی یەک و یەک خستنی یەک بن!!
تا کۆمەڵ و یەک دەستە و یەک بن وەکوو ئەغیار
هەستن لە خەوێ خزمە دەم و چاوێ بشۆرن
چاوێکی هەڵبێنن لە چەپ و ڕاسێ، بنۆرن
پرسێکی لەیەک کەن لە چە ئەحواڵ و چەشۆرن
ئەم عالەمە بۆچ عاجز و بێ کەیف و سروورن
بۆچی ئەکەن ئەم کوردە فەقیرە هەموو هاوار؟
ئەم دەنگ و هەرا و ناڵە و شینە لە چەلایە؟
ئەم ئاهیی جگەر سۆز و گرینە لە چەلایە؟
ئەم گشت جەزەع و کوشت و بڕینە لە چەلایە؟
سەرچاوەی ئەم چەشمەی خوێنە لە چەلایە؟
چی بێ ئەم شۆڕش و غەوغایە، لە ئەقتار؟
ئەم دەنگە هەموو ناڵەیی کوردانە لەدەس غەیر
ئەم شۆڕشە سەرای شیوەنی کوردانە لەدەس غەیر
ئەم نرکە هەموو سۆزشی کوردانە لەدەس غەیر
ئەم خوێنە گەشە خوێنی شەهیدانە لەدەس غەیر
ئەم نەعرە هەمووی نەعرەیی کوردانە لە سەردار
وا چاکە هەموو موتتەحید و یەک دڵ و چا بن
بۆ یەک نەوەکوو دەستەبرا عەینی برا بن
مەردانە لەبۆ مەقسەدی یەک پشت و پەنا بن
بەو شەرتە هەموو تابێعی ئەحکامی خودا بن
تا جوملە ڕەها بن لەدەسی دوژمنی غەددار
دوژمن، لە هەموولا چەبە چەپدا چەبە ڕاسا
بۆ میللەتی کورد شەو و ڕۆژ وان لە مەڵاسا
دایم ئەوەیان والە سەر و فیکر و حەواسا
ڕیشە و ڕەگی کورد بێننە دەر هەر لە ئەساسا
شایەد کە نەمێنێ نەفەرێ کورد بێ لە ئەقتار
کوردیش لە هەموو لاوە ئەوەند مەست و غورورن
سەرخۆشی مەی و غەفڵەت و بێ حیس و شعوورن
بێ هۆش و سڕ و بێ خەبەر و مەستی خوموورن
گەهـ ئەهلی تەرەب گاهـ خەریکی شەڕ و شۆڕن
گەە جەردەیی ڕێگرن و گەهێ ماشەبی ئەغیار
هەرکەس کە وتی: ئەمتە بە چەند؟ ئەبنە غوڵامی
تەسلیمی ئەکەن ماڵ و سەر و گیانی کیرامی
بۆیشی ئەبنە سەناخوان و دۆعا گۆبی دەوامی
ئەی میللەتی بێچارە عەجەب جاهیل و خامی
قەومێکی تەواو بێ سەرو پێ نو و نەزان کار
شەهدی ئەم و ئەو پڕیە لە دەرمانی کوشندە
بەس تەفرە بخۆن هەر بە قسەی خۆش و بە خەندە
ئەی بێخەبەران بەس ببنە چاکێر و بەندە
مەشهوورە کە کەمتر نەبووە «شەندە» لە «مەندە»
ڕۆژێک ئەبێ بەم شەهدە ببن ئێوە گروفتار
دوژمن نەبووە قەت بە برا ئێمە خەشیمین
دایم کە لەگەڵیان شەو و ڕۆژ یار و نەدیمین
ئێستاکە بە ئەنواعی عێلەل ئێمە سەقیمین
موحتاجی دەوای حیکمەتی لوقمانی حەکیمین
بۆ چارە ئەبێ سەعیی بکەین ئێمە بە ناچار
ئێوە بن و خوا وەرنەوە با تف بێ لە شەیتان
دەرکەن لە دڵا جوملە خەیاڵاتی پەرێشان
چەند چشتێ هەیە واستەیی نەگبەتی کوردان
وەک کیبر و حەسەد بوغزییەک و قیللەتی عیرفان
ئیسلاحی بکەین بەڵکوو بکۆشین هەموو یەکجار
داروی حەسەد و بوغز و جەهالەت هەموو عیلمە
دەرمانی هەموو دەردی «ڕەزاڵەت» هەموو عیلمە
ئەسبابی نەجات بوون لە «زەلالەت» هەموو عیلمە
بۆ نەیلی عولا، بابی دەخاڵەت هەموو عیلمە
هەر عیلمە کە ساحێبی ئەکاتە شەهوخوون کار
ناگەینە ئەمەل ئێمە کەوا بێ سەر و پا بین
بەد خوڵق و بەد و تارکی ئەحکامی خوا بین
دوژمن بەسەر و ماڵی هەموو دۆست و برا بین
بێگانە پەرەست خادەمی مەخلوقی وەها بین
سوودێکی لەبۆ ئێمە نییە، خزمەتی ئەغیار
قاپی ئەمەلی ئێمە کە بەسراوە لە هەر لا
ناکرێتەوە ئەم قاپییە بۆ ئێمە ئەم ئێستا
بێ یەکیەتی و، مەرحەمەتی، حەزرەتی مەولا
هەر یەکیەتییە، دەردی هەموو کوردێ دەوا کا
تا تەفرەقە بین زۆر عەبەسە، زەحمەت و ئیسرار
نەیدیوە کەسێک کەسبی مەعاریف بەبێ ئوستاد
مومکن نەبووە بە شتێک سەربەخۆ ئاسن بە بێ حەدداد
xxxxدەقی نائاشکرا
نەیگرتووە کەس بازی مرادی بە بێ «سەییاد»
گەورە نەبووە تیفل بە بێ، دایەی خەمخوار
ناێتەوە بیرتان کە لە ئیمامی «سەفەر بەر»
«حیلمی بەگی ئەرکان» و «برایم بەگی» بێ فەڕ
چەند گەورەیی کوردانی هونەر پیشەیی سەفدر
کردیان بە نیشانەی هەدەفی گوللەی عەسکەر
ئەو ڕۆژە کە تەشریفی خەبیسیان بووە سالار
بانە و سەقز و، موکریی و، سابڵاخ و، مەریوان
یەک دەفعە لە سایەی قەدەمی نەگبەتی «ئەرکان»
سووتان و بڵاو بوونەوە ئەهلی لەو وڵاتان
نیوەی بووە بەخسیری، دەسی لەشکری ڕووسان
پۆلێکی بووە، توعمەیی مۆر و، مەلی کۆسار
لەو ڕۆژە بەدا کێ بوو بە جوز «حەزرەتی یەزدان»
بێنێتە شەپۆلی، ڕەحمەتی وەک هەوری بەهاران
بڕژێنێ لەسەردا، نێعەم و ڕەحمەتی باران
بۆ میللەتی مەزڵوومەیی کوردانی پەرێشان
ئەمڕۆیش ئەوە حاسی، ئەوە حافێز، ئەوە خەمخوار
هەر کەس کە بەقەد زەڕەییەک عەقڵی لە سەرایە
تەسدێقی ئەکات، هەرچی کە نووسیومە، وەهایە
مونکێر بە قسەم، داخڵی زومرەی، جوهەلایە
«شایق» بە خوا، هەرچی لە جەمعی عوقەلایە
بۆ نەزمی کەلامت، بە دڵ و گیانە، خەریدار