عومری ڕابوردووم هەمووی ڕۆیی بە بەدکاری و گوناهـ

لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
 1 خولەک  1121 بینین
عومری ڕابوردووم هەمووی ڕۆیی بە بەدکاری و گوناهـ
وا بەهۆی ڕەحمەتتەوە خۆم خستە بەر قاپیت دەخیل
چاکەیەکم نەبووە تا بیهێنمە حاجەت، بۆ تکا
غەیری ڕووی ڕەش، مووی سپی، چاوی تەڕ و لاشەی عەلیل
کەس نەناسم، بێکەسم، هیوام بە غەیری تۆ نییە
ئەی ئومێدی بێ ئومێدان وەی دەلیلی بێ دەلیل
دەردەدارم بۆ شیفا ڕووم کردە قاپی بەرزی تۆ
ئەی حەکیمی حاڵ زان و، زولجەلالی بێ مەسیل
موشکێلم تەنیا بە ئەمری «کاف و نوون»ێ دێتەجێ
سا نەجاتم دە بە ڕەحمەت وەک نەجاتت دا خەلیل
ئافەریدەی زاتی خۆتم، هەرچی هەم چارم بکە
بە عەشقی ئەو زاتە کە بۆی هێنا کەلامت جەبرەئیل
سەروەری عالەم محەممەدکەس خۆشەویستی زاتی خۆت
شافێعی ڕۆژی جەزا، خەتمی ڕوسول، هادی سەبیل
ڕووی دڵم لای خۆتە دایم چاوەنواری ڕەحمەتم
ئەی کەریمی کارساز و، دەوڵەمەندی بێ عەدیل
دەرکی جوود و ڕەحمەتی خۆتم بەسیرعەت لێوەکە
با لەمە زیاتر نەبم، زار و پەرێشان و سەفیل