شەھەنشا بووم لە وەختێکا ئەوێستاکەش گەدام یارەب

لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
 2 خولەک  1053 بینین
شەهەنشا بووم لە وەختێکا ئەوێستاکەش گەدام یارەب
لەگەڵ ئەو حاڵەشا سەیری ئەسیری دەست هەوام یارەب
حەتا پەنجاووسێی هیجری ئەمن چەند حوڕڕ و سەربەست بووم
کەچی وابوومە عەبدێک و بەسی درهەم کڕام یارەب
چرای شەوقم لە بەینێ کا بە قووەی کارەبای فیکرم
دەئێستا و ئەمێستاکەش عەوامێکم نەفام یارەب
دەزانی چۆن لە دەورێکا کە ساحیب ئەمر و نەهیی بووم
بە پەنجەی ئەمرونە هیی غەیر بە دائیم وەک کەلام یارەب
بە گەنجی عیززەتێکم بوو ئەسەف لەم عومری ئاخیرما
موقەددەر سەوقی وا کردم ئەمن بوومە غولام یارەب
هەمیشە مات و گەردەن کەچ کەمەر بەستەم لە بۆ خزمەت
بە هەیئەت گەرچی ئینسانم موقەببای بێبەهام یارەب
لە جنسی دائیرەی ئینسان نییە دڵدار و یارێکم
لە دۆست و خزم و بێگانە ئەمن هەر بێوەفام یارەب
دەماغم خاڵییە دائیم لە هۆش و عەقڵ و ئیدراکا
وەکوو پووشی جەبەل دائیم چە بێقەدر و بەهام یارەب
لە گێژی زیللەتا غەرقم شکاوە لەنگەری هۆشم
لە خاکی حەسرەتا ئیمڕۆ ئەوا بوومە نەمام یارەب
بە دەردێکی گرفتارم سەوابیشم خەتایە من
ئەگەرچی بێوەفاش نیمە وەلێ هەر بێوەفام یارەب
لەژێر خەیمەی نەدامەتدا لە ناو جێی میحنەتا کەوتووم
لە ئەجزاخانەیی ڕەحمەت بە ئومێدی دەوام یارەب
ئەتۆ عیلمت هەیە گەر من تەکەببور پەروەریم نەبووە
هەتا ئێستا بڵێم بۆیە بە زیللەت موبتەلام یارەب
نەماون داک و بابی خۆم هەتا دڵیان بسووتێ بۆم
چە کەس ڕەحمێ بە من ناکا ئەتۆی پشت و پەنام یارەب
لە مایەی دین و ئیمانا زەرەردارم نەکەی بەسمە
حەیاتم ناوێ گەر بژیەم بە قووتێکی حەرام یارەب
دڵم وەک شووشە پڕژاوە بە بەردی میحنەتی تەعنە
زەلەی زیللەت شعووری برد لەژێر باری خەتام یارەب
بە حققی خوایەتی خۆت و بە ڕەوزەی مستەفای موختار
نەجاتم دەی لە ئەم حاڵە نەچی ماددەی حەیام یارەب
بە فرمێسک و دڵۆپەی چاوی شەوخیزانی وا موخلیس
بکەی دەرمانی دەردی دڵ کە چونکە بێنەوام یارەب
لە تەعنەی یار و ئەغیارە ئەمانەم وا بە دڵدا هات
هەزار دەفعە خودا تەوبە بە هەر حاڵێ ڕەزام یارەب
کە چونکە بوومە هاوناوی ڕەسوولی ئەووەل و ئاخیر
بسێنی ئینتیقامی دڵ کە عاسیناسناوی ئەدەبیم موستەفام یارەب