لەو ناوچەی ئامێدییە ساڵێک دنیایەکی زۆر...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  625 بینین

لەو ناوچەی «ئامێدی»یە ساڵێک دنیایەکی زۆر تووش و سارد بوو .لەوانە بوو قڕان ببێت. بەفر هەموو دنیای داگیر کردووە. پیاوێکی «هەراس» ناو لە گوند دەرئەچێ بۆ دارکردن، کەڵەگایەک لە گوندەکەدا شێت بووبوو، چاوی سوور کردبوو، ڕاوی خەڵکی ئەنا و کەس نەیئەوێرا بەرچاوی کەوێ. وا دیاربوو بۆشیان ڕێنەکەوتبوو بیکوژن. ئەو گایە کە چاوی بە کابرا ئەکەوێ لەو چۆڵەوانییەدا شوێنی ئەکەوێ، کابراش هیچ چەکێکی پێ نییە و گایەکەش ئەناسێ. هیچ چاری نامێنێ ئەشکەوتێک لە نزیکیەوە ئەبێ، بەهەر جۆر بێ خۆی ئەکا بە کونی ئەشکەوتەکەدا. گایەکە شوێنی ئەکەوێ، ئەو ناچێ بە کونی ئەشکەوتەکەدا، گەلێک خەریک ئەبێ هیچ بۆ ناکرێ. ئەمجا دێنێ لە بەرکونی ئەشکەوتەکەدا ئەکەوێ و پاڵ ئەدا بە کونەکەوە و کون ئەگرێ و کابراش وا بە ژوورەوەیە.

کابرا لە ژوورەوە لە سووچێکەوە کڕنووش دائەدا و لە فیکر کردنەوەدا ئەبێ. تۆزێ بەرچاوی ڕووناک ئەبێتەوە تەماشا ئەکا وا ڕەشەمارێک لەو بەریەوە پەپکەی خواردووە و نیوەی شوێنەکەی داگیر کردووە. کابرا بە جارێ هەناوی دێتە خوارەوە، لە دەرەوە گایەکە بەرکونەکەی لێ گرتووە، لە ژوورەوە ئەم مارە لە بەرانبەریەوە. لە ڕاستیدا دنیای لێ ئەبێ بە چەرمی چۆلەکە.

لەم فیکرانەدا بوو تەماشای کرد وا لە تەنیشتیەوە دووپشکێک بە ئەندازەی بستێک ڕووبەڕووی هات، هاتە سەر کەڵەموستی پێ و بە لەشیا هەڵگەڕا و چووە تەوقەسەری و بە شوێنەکەی خۆیا گەڕایەوە و ڕووی کردە مارەکە. چووە سەر پشتی مارەکە، گەڕا گەڕا چووە سەر تەپڵی سەری دای بە کەللەی سەریەوە و ئەمجا لەسەری لاچوو، ڕووی کردە دەرگای ئەشکەوتەکە - وا ئەمیش هەر چاوی لێیە -. گایەکە بەرکونەکەی گرتبوو دای بە گاوە، گا بۆڕەیەکی لێ هەستا و لە شوێنەکەی خۆی جوڵا، تۆزێ چوو بەو لاوە کەوت و بەرکونە بەڕەڵا بوو. دووپشک دیسان گەڕایەوە هاتەوە بۆ لای «هەراس»، وەکوو جاری یەکەم گەشتێکی بە لەشیا کرد و پاشان دابەزی لەو شوێنەوە کە هاتبوو لەو شوێنەوە لە چاو ون بوو.

هەراس وتی پاشان کە هەستام چووم بە لای مارەکەوە دارم تێوەژەند تەماشا ئەکەم تۆپیوە، هاتمە دەرەوە پێش ئەوە لە کونەکە دەرچم سەیرم کرد گایەکە لەو لاوە کەوتووە و هەر چوار پەلی ڕاکێشاوە، زانیم کە نەماوە، چوومە سەری تەماشا ئەکەم مردار بۆتەوە.

ئەم باسە شێخ ئەحمەدی نەقشبەندی بۆی گێڕامەوە.